سێکوچکەی سەدرو بارزانی‌و حەلبوسی ئایندەیەکی نادیار

13/01/2022

ئارام هەڵەدنی

ماوەیەکی زۆربوو قسەوباس لەسەر هاوپەیمانی نێوان بارزانی‌و سەدرو حەلبوسی دەکرا بۆ خولی داهاتوی پەرلەمان‌و ئایندەی عێراق.

هەموو چاوەکان لەسەر یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بوو تا ئەنجامی ئەو هەموو دیدارو گفتوگۆیەی نێوان سێ کوچکە بەدەربکەوێت.

لەدەستپێکی پەرلەمانە نوێکەو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی سیاسیەکانی عێراقی ڕاچڵەکاند کە ئایندەی عێراق بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەڕوات، چونکە بارزانی‌و سەدر هێندەی کار لەسەر بەحیزبیبونی کۆمەڵگای عێراقی‌و کوردستانی دەکەن، هێندە کار بۆ بەهێزبوونی دەوڵەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان ناکەن.

لەدوو نمایشی ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی‌و سەدریەکان دروشمی بەحیزبیبوونی پەرلەمانی عێراق دەرکەوت سەرەتای چونە ژورەوەی سەدریەکان بەبەرگی سپی‌و هوتاف کێشانی یا عەلی‌و یاحسێن.

دوای هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتیەکە پەرلەمانتارانی پارتی هوتاف کێشانی پێشڕەوی کورد پارتییەو سەرۆکمان بارزانییە.

نیشاندەر ئەو ڕاستیەیە کە دەیانەوێت بەتەواوەتی پەرلەمان بکەنە شوێنی جێبەجێکردنی فیکری بارزانی‌و سەدر، بەڵام مەحاڵە بتوانن سەرکەوتوبن.

ئەمە پێمان دەڵێت، سەرەتایەکی نوێ لەعێراق بەدەردەکەوێت پارتی بەپاڵپشتی سەدر‌و حەلبوسی دەیەوێت سەرۆک کۆماریش وەربگرێت یان بەویست‌و دڵخوازی بارزانی دابنرێت کە بەپێی ڕێکەوتنی پارتی‌و یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێم‌و عێراق ماوەی نزیکەی دوو دەیەیە ئەو پۆستە لای یەکێتییە، بەلێسەندن لەیەکێتی ئەگەری دوو شەقبوونی کوردستان بۆ زۆنی زەردو سەوز نزیکە.

پارتی ماوەی چەند ساڵێکە لەهەرێمی کوردستان لەهەوڵی لاوازبوونی یەکێتیدایە بەردەوام لەڕێى حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان گرفت لەزۆنی سەوز دروستدەکات یان لەڕێی هەندێک بڕیاری حکومەتەوە سنوری ئەم دیو دێگەڵە دەوروژێنێت، یەکێتیش لەبەر دروستنەبوونی دووبەرەکی تا ئاستێک نەرمی نواندووە، بەڵام هەنگاوەکانی ئەمجارەی پارتی لەدژی یەکێتی پێدەچێت لای یەکێتی قبوڵکراو نەبێت.

بۆیە پێویستە پارتی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار هیچ مەرج‌و ڕکابەرێک بۆ یەکێتی دانەنێت یەکێتی خۆی ئازادە کێ کاندید دەکات هەروەک چۆن پارتی بێ گەڕانەوە بۆ ڕای یەکێتی جێگری سەرۆک پەرلەمانی دانا.

سەدر نابێت بەبێ گەڕانەوە بۆ هەماهەنگی شیعە سەرەڕۆیەکانی زیادبکات لەدانانی سەرۆک کۆمارو پێکهێنانی حکومەتی نوێ، چونکە شیعەی  باڵادەست لەهێزی چەکدار بەحەشدی شەعبیشەوە پاڵ پشت بەئێران وا باسانایی ئاوت ناکرێن، ئەوان ڕەگوڕیشەیەکی لەمێژینەیان هەیە لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆنبونیانەوە تائێستا ئەگەر سەدرو بارزانی بەهەمان عەقڵیەتی پێکهێنانی پەرلەمان کار لەسەر دوو سەرۆکایەتیەکەی تریش بکەن  عێراق بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەڕوات تا ئاستی نا سەقامگیریی سیاسی‌و ئاسایش‌و ئابوری دواجار کودەتای سەربازی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی