ئەم ناونیشانە ڕێک لەسەر بارودۆخی کوردو پەیوەندی ھەردوو حزب (یەکێتیو پارتی) دەچەسپێ.
پاش کۆتاییھاتنی جەنگی جیھانی دوەم لەدونیادا جەنگێکی تر ھاتە کایەوە ناوی نرا جەنگی سارد، ئەم جەنگە بەملیارەھا دۆلاری تێدا سەرفکرا، ئەمریکاو سۆڤیەت ھەموو جیھانیان کردبوو بەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتو ڕۆژئاوا.
چەندەھا وڵاتیان دوچاری جەنگی بەوەکالەتی خۆیان کردەوە، بەملیۆنان مرۆڤ بون بەقوربانیو ھەزارەھا بەتۆمەتی سیخوڕیەوە زیندانیکران، دەرھاویشتەکانی ئەم جەنگە بۆ ماوەی چەندەھا ساڵو بۆ ئێستاش دیارە، جەنگی ساردی زۆر ماڵوێرانکەر بوو، لەو ماوەیەشدا چەندەھا جار جیھان گەیشتە لێواری جەنگی ئەتۆمی.
یەکێتیو پارتی ھەمان بارودۆخیان بەسەردا دەچەسپێ. دوای ساڵانێکی زۆری شەڕی دژبەیەکترییو چەند جەولەیەکی خۆکوژییو مێژویەکی تاڵ، بێ ھیچ دەرئەنجامێک کۆتاییھات، بەڵام بوە ھۆی ماڵوێرانی بۆ ھەزاران کەسو برینێکە تائێستاش سارێژنەبوە، ئێستا ئەم دوو حزبە خۆیان لەشەڕی ساردا دەبیننەوە.
شەڕو ناکۆکی نێوانیان ئاستی ھەرێمی کوردستانی تێپەڕاندوەو گەیشتۆتە بەغدای پایتەختی عێراقو پەرلەمانی ئیتحادی، ئەم ناکۆکیانە چەندەھا شکستو ماڵوێرانی بۆ ھەمولایەک ھێناوە، لێرەدا نامەوێت تاک بەتاکی بابەتو کەیسەکان باس بکەم.
ئەم دژایەتیکردنەی ئەم دوو حزبە بۆ یەکتری بەردەوامی ھەبێت بێگومان لەشەڕێکدا ئەمیانو لەشەڕێکی تردا لاکەی تر دەیباتەوە، بەڵام بەمەودای دور کورد بەگشتییو ھەردولا بەتایبەتی دۆڕاوی جەنگەکە دەبن.
"لەوانەیە شەڕەکە ببەیتەوە، بەڵام جەنگەکە دەدۆڕێنی"
Vielleicht gewinnt man den Schlacht aber verliert den Krieg
ئەمە وتەیەکی ئەڵمانیە....
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی