داخستنی دەروازەی سێمێلکا ئاو لەئاشی کێ دەکات؟!

16/01/2022

دانا مەنمی

ڕۆژئاوای کوردستان زۆربەی سنورەکانی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاو سوریادایە، تەنها دەروازەیەک لەبەردەم ڕۆژئاوای کوردستاندا دەروازەی سێماڵکایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەم دەروازەیە دەکەوێتە سێگۆشەی سنوریی نێوان ڕۆژئاوا، باشورو باکوری کوردستان، سێمێلکا دەروازەی سەرەکیی نێوان ڕۆژئاواو باشوری کوردستانە، جگە لەهاتووچۆی هاونیشتمانیان‌و شاندە نێوخۆیی‌و بیانییەکان، بۆ مەبەستی بازرگانیش بەکاردێت، داخستنی ئەم دەروازەیە کارێکی نامرۆڤانەیەو تاوانێکی گەورەیە گەمارۆ بخرێتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان تەنها لەبەرئەوەی بونەتە خاوەنی ئیدارەیەکی سەربەخۆ، لەکاتێکدا کوردانی ڕۆژئاوا مافیان بەسەرمانەوە هەیەو دەبوایە ئەو دەروازەیە بەڕوی کوردانی ڕۆژئاوادا کراوە بوایە، داخستنی دەروازی سێمێلکا لەژێر هەر بیانوو سیناریۆیەکی سیاسی‌و ئەمنیدابێت کارێکی نامرۆڤانەیەو ئەمە چوارەمجارە پارتی دەرگای سێمالکا بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا دادەخات.

دەروازەی سێمێلکا دەروازەیەکی بازرگانیەو دەرمان‌و کەلوپەلی پزیشکی‌و خواردەمەنی‌و چارەسەری پزیشکی کوردانی ڕۆژئاوا لەو دەروازەوە لەنێوان رۆژئاواو باشوری کوردستان ئاڵوگۆڕ پێدەکرا، لەماوەکانی ڕابردوودا ئەوکەسانەی بەنیازی سەردان لەڕۆژئاواوە دەهاتنە هەرێمی کوردستان لەدیوی پیشخاپور پارتی دیموکراتی کوردستان فۆڕمێکی پێ پڕدەکردنەوە بەناوی فۆڕمی گەشتیاری، لەکاتێکدا ئەو پرسیارانەی کە لەفۆڕمەکەدا هەبوو زیاتر پرسیاری هەواڵگریی بون، داوای زانیاری هەواڵگری لەوکەسانە دەکرد کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکرد، سەرباری ئەوەی ژورێکیان داناوە بۆ چاوپێکەوتن‌و کاتێک گەشتیار یان نەخۆشێک دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکەی پارتی دەچێتە ژوری چاوپێکەوتن‌و دەبێ وەڵامی دەیان پرسیاری تری هەواڵگری بداتەوە، هەندێکجار ئەگەر کاربەدەستانی پارتی وەڵامەکانیان بەدڵ نەبێت سوکایەتی بەگەشتیاران دەکەن، دواجاریش پارتی بۆئەوەی زیاتر دڵی ئاو بخواتەوەو سوکایەتی زیاتر بەکوردانی ڕۆژئاوا بکات بەئەنقەست چەندین کاتژمێر لەچاوەڕوانیدا دەیانهێڵێتەوەو ڕێگەنادات گەشتیاران بپەڕنەوە.

دەوڵەتی تورک دوای ئەوەی لەڕێی لەشکرو پەلاماری سەربازییەوە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان  شکستیهێنا، دیوی پشتەوەی شکستە سەربازیی‌و هەواڵگرییەکانی تورکیا دژ بەڕۆژئاوای کوردستان‌و فشاری سیاسی‌و بەکارهێنانی پارتییە وەک ئامرازێک دژ بەکوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا لەساڵی 2017وە فشاری خستووەتەسەر پارتی کە دەروازەی سێمێلکا بەڕوی ڕۆژئاوای کوردستان دابخات، کە بەداخەوە پارتی دەستی لەگەڵ هەموو ئەو پڕۆژە ئیقلیمیانەی دەوڵەتی تورک تێکەڵکردوە، کە ڕێ لەبەئاواتگەیشتنی خەباتی نەتەوەیی‌و نیشتمانی کوردانی ڕۆژئاوا دەگرن، ئێستا پارتی بۆتە هێزی تەحتەلتەڵەبی پلانەکانی تورکیا دژ بەکوردانی ڕۆژئاوا، پارتی به‌بێ‌ هیچ پاساوێك‌و بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم دەروازەی سێمێلکا-پیشخابورى داخستووە، خۆ ئەگەر جارێک ئەردۆغان تاوانباربێت، ئەوا دووجار پارتی‌و سەرۆکەکەی تاوانبارن لەئاست داخستنی دەروازەی سێمێلکا.

تورکیا فشارێکی زۆری خستووەتەسەر پارتی‌و شەڕی پارتی لەسەر سنوری ڕۆژئاوای کوردستان گەرمکردووە، پارتییش درێغی نەکردووەو تائێستا ئەوەی لەدەستی هاتبێت دژ بەڕۆژئاوای کوردستان لەلێدانی خەندەقەوە بیگرە بۆ ئابڵوقەی ئابوری، داخستنی دەروازی سێمێلکا، دروستکردنی هێزی چەکداری دژ بەڕۆژئاوا، دەستێوەردان لەکاروباری کانتۆنەکان، ڕاکێشانی کادرو ئەندامانی لایەنەکانی ڕۆژئاوا بۆ ناو پارتی بەپارەو پلەو پۆست‌و موچەیەکی بەرز، هەموو ئەمانە شەڕی دوژمنکارانەی پارتیە دژ بەکوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، کاتێک دیمەنی  شۆفڵ‌و بیلدۆزەرەکانی پارتیم بینی لەنێوان باشورو ڕۆژئاوادا خەندەقیان لێ دەدا تێگەیشتم بابەتەکە سیاسی‌و ئاسایشی نەتەوەیی نییە، بەڵکو تەحتەلتەڵەبی تورکیایەو دەبێ جێبەجێبکرێت! لەدۆخێکی لەمجۆرەدا، بەسەرنجدان لەواقیعی ئێستادا بواری زیاتر بۆ دەستێوەردانی تورکیا لەڕێگەی پارتییەوە دەبێت‌و کێشەو قەیرانەکان زیاتر قوڵدەبنەوەو لێکترازانی زیاتر لەنێوماڵی کوردو بەتایبەت (باشورو ڕۆژئاوا) دروستدەبێت، سازشنەکردن بۆیەکتر بەزیانی گەورەوکارەسات بۆسەر دۆزی کورد شکاوەتەوەو بەقازانجی داگیرکەرانی کوردستان کۆتایی پێھاتووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی