جیهان لەبەردەم تەقینەوەیەكی گەورەدایە

19/01/2022

هەندرێن شێخ راغب

ژمارەی مرۆڤ لەسەر زەوی حەوت ملیار كەسە، ئەگەر خاكی ئێران، یان كازاخستان بكرێتە یەكەی نیشتەجێبوون، دەتوانین هەر حەوت ملیار مرۆڤەكەی لێ نیشتەجێ بكەین..بەڵام لەبەرئەوەی تەماع و دڕندەیی مرۆڤ سنوری نیە، بۆیە هەزاران كیلۆمەتر دەبڕین بۆ كوشتنی ئەوی دی.
ئێستا جیهان لەسەر لێواری تەقینەوەیە، هەزاران سەربازی روسی پەنجەیان لەسەر پەلاپیتكەی تفەنگەكانیانە بەرامبەر سەربازە ئۆكرانیەكان. ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاش لەناو جەرگەی ململانێكەن، دەستپێكردنی شەڕی ئۆكرانیا، مانای بەشداری ئەوروپیەكان و ئەمریكاشە، لەملاشەوە چین و ئێران و توركیاش بەشدارن و هەندێكیان بەرەی روسیان.
هیوادارم بۆچونەكانی من لەسەر ئۆكرانیا هەڵە بێت و من خراپ حاڵی بوو بم، بەلام پێشهاتەكان وا لەبەرچاون كە ئەمە قەیرانێكی گەورەی جیهانیەو جەنگی جیهانی سێیەمە. رەنگ بێت بپرسيت ئێمە لە هەرێمی كوردستان چ پەیوەندیەكمان بەم بابەتەوە هەیە، راشكاوانە بڵێم ئێمە زۆر پەیوەندیمان پێوەی هەیەو ئەگەر جیهان بكەوێتە ناو جەنگەوە، سنورەكان نامێنن، دەوڵەتەكان نامێنن، ئەوەی دەمێنێتەوە بەهێزەكان و براوەكانن؟؟. ئێمەی كورد لەبەردەم گەلەگورگی دڕین. لەوانەشە ئەمجارە جیهان قەرەبووی جەنگی جیهانی یەكەم و دووەممان بۆ بكاتەوەو ئێمەش لە براوەكان بین؟
تاكە پێشنیارم ئەوەیە لەهەر گۆڕانكاریەكی جیهانی كورد بەرەی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ كەس جێنەهێڵێت؟ لە جەنگی جیهانی یەكەم سعودیەكان بەهیچ شێوەیەك پشتی ئینگلیزو ئەمریكایان بەرنەدا، دواجار بەسەر عوسمانیەكان و توركە لاوەكانیشدا سەركەوتن. كورد پەیوەندی بە قەیرانی ئۆكرانیاوە هەیە. دەبێت وردبین. جیهان لەبەردەم تەقینەوەیەكی گەورەدایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی