بت و پەیکەر :

21/01/2022

ئەحمەدی مەلا

کاتی خۆی شتێکی کورتم نووسی، با لێرە دووبارەی بکەمەوە. ئیسلام لە کۆمەڵگەی بتپەرستان سەریهەڵدا، ئەمە وەنەبێ ئاین و بیروباوەڕی دیکەش نەبووبن، بەڵام پێی دەچێ بتبەرستی ئاینی زاڵ بووبێ.
بت، هەیکەلێکە، لەبەرد، لە دار، لە قوڕ دروست دەکرێ وەکو نێوەندگەرێک لە نێوان خودا و بەندەدا. دواتر، کە ئیسلام دەیەوێ بتپەرستان بهێنێتە سەر ئاینی تاکخودا، وەکو ئاینی جوو و مەسیحییەکان، مەحەمەدی پێغەمبەر هەموو هەوڵێک دەدا تا کەعبە لە بت پاکبکاتەوە و جاڕ بۆ یەک خودایی لێ بدات، پەنابردن بۆ چیرۆکی ئیبراهیم _ بە گێرانەوەی قورئان- هەمان کردە دووبارە دەکرێتەوە. جەدەلی نێوان پاراستی وێنە "ئیکۆن" و حەرامکردنی لە ناو مەسیحییەکانی سەدەی چوارەمیشدا بەرپا بوو کە دواتر بەرەی قبوڵکەرانی وێنە بردیانەوە. کەچی ئەمڕۆ، مەسیحییەکان وێنەکان ناپەرستن.
کەواتە، هەموو پەیکەرێک دەبێت بە بت ئەگەر بێت و بە نیازی پەرەستن بەکارهات، هەموو بتێک دەبێتە پەیکەر ئەگەر هات و بۆ مەبەستی دیکە بەکارهات "هونەری، یاری" یا هەر مەبەستێکی دیکە.
ئەمڕۆ، لە جیهانی ئێمەدا، پەیکەرتاشی هونەرمەندی وا هەن، دەتوانن دەقاودەق لاسایی وێنەی واقیعی بکەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بە مەبەستی پەرستن دروست ناکرێت، ناکرێت وەکو بت تەماشا بکرێت.
بتپەرستی لە کۆمەڵگەی ئیسلامییدا نەما، واتە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکییش بتیش نامێنێ، کەواتە تێكڕای ئەو دەقە ئاینییانەی کە وێنە/پەیکەر هتد قەدەغە دەکەن، وەک بەفری ژێر هەتاو دەتوێنەوە.
شەقتێهەڵدان لە بوکە بەفرینەیەک بە ناوی لە ناو بردنی شیرک و بتپەرستی، تەنها تێنگەیشتنێکە و هیچی دیکە. بە تایبەتی بوکەبەفرینەیەک کە لەبەفر دروستکرا بێ کە هەر لە خۆیەوە دواتر دەتوێتەوە. با دەیان دەقیشمان هەبێ لەو بوارە. دەق نامێنێ ئەگەر کۆنتێکست/سیاقەکەی نەما.




ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی