ئەو نەناسراوە گەورەیە

22/01/2022

محمد خۆشناو

 هەر تەنها دوای شەش ڕۆژ لەسەرۆکایەتیەکەی لە ساڵی 2012 گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە لێدوانیکیدا لەسەر گەیشتنی ئەفسەری هەواڵگری بۆ سەرۆکایەتی دووەم هێزی گەورەی جیهان نوسیبووی :«پۆتین…ئەو نەناسراوە گەورەیە» هەر زوو ڕۆشنبیرانی ڕوس وایانبینی : پۆتین نەناسراوی گەورە نیە ، بەڵام خودی ڕوسیا بێ پۆتین دەبێتە «ئەو نەناسراوە». کە ئەفسەری هەواڵگری وڵاتەکەی بوو لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات بەچاوی خۆی ڕووخانی دیواری بەرلین-ی لە ساڵی 1989 بینی ، یەکێک لەکارە بوێریەکانی ئەوەبوو کە هەرچی بەڵگە و نووسراوی نهێنی و هەواڵگری هەبوو لە بنکەی« کەی ، گی . بی» لەناویردن و نەیهێشت دەستی خۆپیشاندەرانی بگاتێ. ساڵی 1991 هاتە ناو سیاسەت و بەرپرسیارەتی گەورەی لە شاری سانپتروسبۆرگ وەرگرت و پەیوەندی باشی لەگەڵ کەسە دەستڕۆیشتووەکانی شارەکە دروستکرد بەتایبەتی لەگەڵ «ئۆلیگارکی» یەکان کە ئیشی پێبوون، ئەمانە کەمینەیەکی ساماندار بوون ئەو ملیۆنەرانە بوون لە ڕوسیا کە لەماوەی گواستنەوەی نێوان سۆشیالزم بۆ بازاڕی ئازاد لەهیکڕان بەدیارکەوتن و کاریگەریان لەسەر بڕیاری سیاسی و پێگەشیان لە کرێملن و خودی سەرۆکی ڕوسیا بوریس یلتسن بەهێز بوو و پۆتین بەرگری لەبەرژەوەندی ئەوان دەکرد بۆ ئەوەی متمانەی پێبکەن.

کاتێک لەساڵی 1999 بۆریس یلتسن دەستیلەکار کێشایەوە ، پۆتین بووە هەڵسوڕێنەری کاروباری سەرۆک کە ئەوکات ئابووری و رۆبل-ی ڕوسیا لەخەراپترین دۆخدا بوو ، پۆتین لەماوەی هەشت ساڵدا ئابووری ڕوسیای گەشاندەوە و ڕۆبل بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە و ، لەو فەترەیەدا بەهەموو هیزەوە لە نوخبەی فاسیدی ئۆلیکارشیدا و پاکتاوی دوژمنەکانی خۆی لەناو ڕوسیا کرد و لاوازی کردن ، پاشان بەلێدانی تیرۆرستان بەتایبەتی لە شیشان پێگەی ئەوەندەی تر بەرز بووەوە و متمانەی زۆربەی هاوڵاتیانی ڕوسیا بەتایبەتی گەنجان بەدەستهێنا.

ئەو پیاوە هەر لەو کاتەوەی دەسەڵاتی گرتۆتەدەست ، هەوڵدەدات نەبەردی ڕوسیا وەک هێزێکی گەورە لە جیهان بگەڕێنیتەوە وەک ئەوەی سۆڤیەت کە لەڕۆژانی ستالین-دا هەیبوو و ، زۆر بێمنەتانە بڕیاریدا نیمچە دوورگەی قرم« کریما» بخاتەوە باوەشی ڕوسیا ، ئەمەی بە ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی مێژوویی دانا و ، کە چووە شەڕی سوریاش پێی وابوو کە سوریا چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەیی باشووری ڕوسیایە و ئۆکرانیاش باخچەی پشتەوەیە و کەمینەیەکی ڕوسی لێیە کە هەرێمەکەیان لەئەسڵدا خاکی ڕوسیایە و ، بەخۆرئاوای گووت ئەو ڕوسیایەی ئیستا ڕوسیای دەساڵ لەوەو پیش نیە و ڕێگەنادەم مووشکەکانی خۆرئاوا ڕووەو مۆسکۆ بێت یا تەجاوزی ئاوە ئیقلیمیەکانم بکەن، پۆتین پرسیار لە ئەمەریکیەکان دەکات: هەستی ئێوە چیە ئەگەر بێتو ئێمە مووشەکەکانمان لە فەنزویلا و کۆبا بڵاوکردەوە؟ هەر ئەو بوو بڕیایدا هێز بنێرێتە تاجاکستان لەترسی سەرهەڵدانی بەهارێکی عەرەبی لەو ناوچەیە و فەوزا و گرژیەکی وا لەناوچەکە و سەر سنوورەکان دروستبکات کە لە کۆنتڕۆل دەربچێت، کە ئێستا خۆرئاوا لەهەوڵی ئەوەدایە لەوێ ڕوسیا بخاتە ناو تەلزگەیەک وەک ئەو تەلزگەیەی کە لە ئەفغانستان بۆ سۆڤیەت-یان دانا. پۆتین توانیوویەتی ڕوسیا بخاتەوە سەر نەخشە وەک دەوڵەتێکی گەورە ، بەڵام نەیتوانیوە وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە پێگەی دەوڵەتێکی گەورە ، چوونکە ئێستا چین هاتۆتە پیشێ و لەهەڵکشاندایە بۆ کێبڕکێکردنی وڵاتەیەکگرتووەکان. پۆتین درک بە لاوازی توانای ئابووری و تەکنۆلۆجیای وڵاتەکەی دەکات ، بۆیە هەموو تواناکانی چڕکردۆتە سەر توانای سەربازی نەک بۆ داوای سەرکردایەتیکردنی جیهان بەڵکو بۆ پێگەی ڕوسیایە، بۆ ئەم مەبەستە ماوەیەک لەمەوبەر موشەکێکی هاویشتە بۆشایی ئاسمان مانگێکی دەستکردی کردە سەدان پارچە ، ئەمە ئەمەریکای نیگەران کرد ، ئەمانەی بۆئەوەیە کەوا سەیرنەکرێت لەسەر شێوازی سەیکردنەکەی ئۆباما کە دەیگووت ، ڕوسیا شتێک نیە تەنها هێزێکی ئیقلیمیە ، پۆتین وڵاتەکەی وەک هێزێکی گەورەی جیهان دەبینێت کە نفوزەکەی لە ئۆقیانووسە ئیقلیمیکەیەوە دەستپێدەکات بۆ دەریای ناوەڕاست و ئەفریقیا. هەر لەگەڵ کەوتنی سۆڤیەت تەنگوچەلەمەی خۆرئاوا ئەوەبووە کە ڕوسیا ناخاتە نێو حساباتی ستراتیژی و ، وامامڵەی لەگەڵدا دەکات وەک قووتابیەکی لاواز کە دەیەوێت هەرایەک دروستبکات تا سەرنجی هێزەکان بۆخۆی ڕاکێشێت ، پایەتەختەکانی خۆرئاوا پێیان وایە کە بەپیرەوەچوونی داواکانی ڕوسیا تەنازولە و بەڵکو ملشۆڕیە بۆ دیکتاتۆرێک کە بێئەملاوئەولا داوای تەنازولکردنی زیاتر دەکات ، ئەمە پڕۆسەی تاقیکردنەوەی ئیرادەکان و پەنجە گەستنە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی