هەڵهاتن یان دۆڕاندن

09/05/2022

زانا تۆفیق بەگ

لەدوای دەرکردنی مەرسومی سەرۆکی هەرێم بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، کە دەکاتە 1ى 10ى 2022 هەندێ هێزی سیاسی لەچەند بەلاغێکدا، داوای دواخستنیان کرد، بەپاساوی هەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆن هاوکات گۆڕانکاریی لەدەستەی سەرۆکایەتی کۆمسیۆن‌و بانگەشەی ئەوەیانکرد، کە پابەندنابن بەدیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەوە.

دەمەوێ لێرەدا هەندێ سەرنج بخەمەڕوو لەسەر هەندێ هێزی سیاسی یان ئیسلامی، کە ئاستەنگ دەخنە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و نایەوێ لەو واقیعە تێبگەن کە ڕێژەی دەنگەکانیان کەمیکردووە.

لەجیهاندا هیچ هێزێکی سیاسی نادۆزیتەوە کە بەدواداچوون نەکات، بۆ ڕێژەی دەنگەکانی، یان لایەنی کەم هەوڵی ئەوە بدات بزانی هێزی جەماوەری حزبەکەی لەچ ئاستێکدایە، بۆ  چارەسەرکردنی کەموکوڕیه‌کانی، تا لەتڕێمی داهاتووی هەڵبژاردندا بتوانێ کێرفی دەنگەکانی زیادبکات.

ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە جگە لەپارتی دیموکراتی کوردستان‌و نەوەی نوێ کە پێداگریدەکەن بۆ بەئەنجامگەیاندنی هەڵبژاردن باقی هێزو گروپەکانی تری سیاسی لەپەلەقاژییەی دواخستنی ڕۆژی هەڵبژاردنن لەڕێکەوتی دیارکراودا.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان موکڕە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، چونکە لەهەندێ سەرچاوەی نافەرمیەوە باس لەوەدەکرێ، کە ڕێژەیەکی زۆر دەنگەکان لەئەگەر هەڵبژاردندا دەچێت بۆ نەوەی نوێ‌و پارتی، خۆری یەکێتی لەئاوابووندایە لەزۆنی  سەوزداو کەمبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی لەناوچەی سلێمانی‌و دەروبەردا یەکسانە بەنەمانی دەستبەسەرداگرتنی داهاتی سلێمانی‌و کەمبوونەوەی هێزی سەربازیی یەکێتی‌و لاوازبوونی پێگەی سیاسی لەناوخۆو هەرێمایەتیدا.

لێکەوتەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردن‌و بەشدارینەکردنی قەڵەمڕەوی یەکێتی لەترسی کەمبوونەوەی دەنگەکان، کاریگەریەکی نێگەتیڤی بۆسەر سومعەی سیاسی‌و کۆی دامەزاوەکان هەرێم دروستدەکات بەتایبەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی دیموکراسی‌و ئەورپادا.

لەناۆخۆی کوردستان تاکە هەناسەیەک بۆ داهاتووی هاونیشتمانی، بریتیە لەسندوقەکانی دەنگدان بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی‌و باشترکردنی دۆخی ئابووری‌و سیاسی، کە مافێکی سروشتی خەڵکەوە هەر هەنگاوێک بە ئاڕاستەی لێسەندنەوەی ئەو مافەی هاونیشتمانی‌و ڕێگریی لەپڕۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هەر هێزگەلێکەوەبێت. واتای چوونە دەرەوەیە لەگەمەی دیموکراسی‌و سیاسی، دروستکردنی کەڵکەڵەی دیکتاتۆری لەناو دەسەڵاتی سیاسیدا، هەربۆیە لەم دیدگایەوە دۆڕاندن باشترین بژاردەیە لەهەڵهاتن  بۆ ئەو هێزانەی کە دژی پڕۆسەی هەڵبژاردنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی