هه‌رجارێك مام جه‌لال له گه‌ڵ نووسران و رۆژنامه‌نووسان كۆببوایه‌ته‌وه باسی نان و ئازادی ده‌كرد ، ئه‌و ده‌یوانی نان و ئازادی هه‌ردووك گرنگن ، نان قوته‌و ئازادی وتن و نه‌ترسان ، یادی به خێر محه‌مه‌د موكری چیرۆكنووس دوای 2003 پێی وتم له‌تیف ناوی چوار پێنج نووسه‌ری كه‌ركوكم بده‌رێ مام جه‌لال هاوكاریان ده‌كات ، پێش ئه‌وه‌ش رێكخراوه دیموكراتیه‌كانی یه‌كێتی بێ پرسی ئایدۆلۆژی و بیر‌و ڕا ماوه‌یه‌كی زۆربوو هاوكاری نوسه‌رو رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ندانی ده‌كرد .
چه‌ند ناوێكم پێدا یه‌ك دوو جاریش بینیم له هه‌ولێریشه‌وه نوێنه‌ری نووسه‌ران و رۆشنبیران ده‌هات و هاوكاریه‌كه‌ی مام جه‌لالی ده‌برده‌وه ، مام جه‌لال ئه‌وه‌ی له سه‌ریشی به خراپه نووسیبا ، ئاسایی وه‌ریده‌گرت ، ئێستا نه‌ك نووسه‌رو رۆشنبیر ، فه‌رمانبه‌رو پێشمه‌رگه‌و مامۆستا و پاكه‌وان سوكایه‌تی پێده‌كرێت و قوباد تاڵه‌بانی كه كوڕی مام جه‌لاله‌و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیشه نقه‌ی لێوه نایات .
مه‌سرور بارزانی پرسیاری داهاتی سلێمانی ده‌كات ، ده‌ڵێت بانگیان ده‌كه‌م لێیان ده‌پرسم ، هه‌رچه‌ند خۆی پێی قه‌ڵسه پرسیاری داهاتی نه‌وت و جیاوازی و سته‌می لێبكه‌ی ، به‌ڵام ئه‌ویش پرسیاری هه‌یه ، ئێ ده‌بێت جێگره‌كه‌ی وه‌ڵامی بداته‌وه ، خه‌ڵك سبه‌ی ده‌چنه سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی مام جه‌لال و ده‌پرسن له گۆڕه‌كه‌ت وه‌ره ده‌ره‌وه‌و سه‌یرێكی سلێمانی بكه ، ده‌چنه به‌رده‌رگای بافڵ و ده‌ڵێن كوا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی دوای ده‌ركردنی ئامۆزاكه‌ت له حزب به خه‌ڵكت دا ، قوباد ده‌بێت له بری مام و براكه‌شی وه‌ڵام بداته‌وه .
من ده‌زانم رقێك له خه‌ڵكی سلێمانی هه‌یه ، ئێران و عیراق و توركیا‌و خه‌ڵكی تریش رقیان لێیه‌تی ، رقیان له شێخ مه‌حموده ، چونكه وتی ده‌ڕۆم كه‌ركوك ئازاد ده‌كه‌م و ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست ده‌كه‌م ، رقیان له بێكه‌سی شاعیره چونكه رووبه‌ڕووی ئه‌دمۆنز بووه‌وه ، رقیان له پیره مێرده چونكه وتی " سوراحی سه‌ر فرو دێنێ له بۆ پیاڵه كه تێكا بۆی " رقیان له عه‌وله سیسه ، رقیان له گۆرانه چونكه به تریفه‌ی مانگی وت خۆت بپارێزه له‌م كوردی عیراقه ، رقیان له سه‌یوان و چه‌می تانجه‌ڕۆیه ، به‌ڵام ئه‌م رقه تاكه‌ی ، ئێستا به‌رپرسی یه‌كه‌م له‌م بار‌و دۆخه قوباد تاڵه‌بانیه ، ئه‌و پیاوه‌ی هه‌موو عه‌یب و كه‌م و كوڕیه‌كی سلێمانی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ، ئه‌گه‌ر هه‌ر وا بێده‌نگ بێت .
بۆ قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی چاره‌سه‌ر كردنی ریشه‌یی سێ كێشه سه‌نگی مه‌حه‌كن :
یه‌كه‌م : دابینكردنی موچه‌ی سلێمانی له كاتی خۆیدا .
دوه‌م : چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری .
سێیه‌م : دابینكردنی دا‌و ده‌رمان بۆنه‌خۆشخانه‌كان .
ته‌نها كه‌س كه ده‌بێت له‌م دۆخه‌دا قسه بكات قوباد تاڵه‌بانیه ، چونكه له پێناوی بودجه‌و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا به دهۆك و هه‌ولێریشه‌وه ده‌جار چووه به غدا بێئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌كه‌ی سوپاسێكی بكات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی