پارتی هێزی زیاتری ڕەوانەی ناوچەكە كردووە

15/05/2022

سەرتیپ جەوهەر

دوای شكستهێنانی دەستپێشخەریی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ رێكەوتن لەگەڵ گروپی سێ‌ لایەنی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) چەند رۆژێكە فشارەكانی عیراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیاتر بووە، پێدەچێت هەنگاوی نوێ لە دژی هەرێم بگیرێتەبەر، كە بریتییە لەدەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكانی خورمەڵە (33 كم باشووری هەولێر)و بیرە نەوتەكانی سفەیە كە دەكەوێتە باكووری موسڵ و بەپێی لێدوانی وەزارەتی نەوتی عیراق لە 2015 لەلایەن هەرێمەوە نەوتەكەی دەردەهێنرێت.

ئەم فشارانەی لە بەغداوە دەخرێتە سەر هەرێم، پەیوەندی بەپێكێهێنانی حكومەتی نوێی  عیراقەوە هەیە و وڵاتانی دەوروبەر رۆڵێكی كاریگەر و گەورەیان هەیە.

لە هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە بەغدا بەسەر دوو ستوونی جیاوازدا دابەش بوون. ئەو دابەشبوونە كوردی كردۆتە تەرەفدار لە ململانێی ئیقلیمی، ئەگەر ئەو تەرەفدارییەی كورد بەردەوام بێت، بێگومان لێكەوتەكەی زۆر خراپ دەبێت و سنووری هەرێم بەرتەسكتر دەبێتەوە و گرفتی ستراتیژی بۆ سەر ئایندەی قەوارەی هەرێم دروستدەبێت.

ئەو ناوچانەی بەغدا دەیەوێت پەلاماریان بدات بیرە نەوتەكانی سفەیە كە دەكەوێتە باكووری موسڵ و رۆژانە بەپێی لێدوانی عیراق نزیكەی 4 هەزار بەرمیلێك نەوتی لێ دەردەهێنرێت و بەتانكەر دەگوێزرێتەوە و دەفرۆشرێت، بەڵام نازانرێت پارەكەی دەگەڕێتەوە خەزینەی حكومەتی هەرێم. ئەویدیكەشیان بیرە نەوتەكانی خورمەڵەیە كە دەكەوێتە دەشتی هەولێر و بەپێی خەمڵاندنی ناڕەسمیی رۆژانە لە سێ‌ وێستگە لەنێوان 240 بۆ 280 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێنرێت.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی سەرچاوەیەك بەهۆی بەستنەوە و دەرهێنانی نەوت لە چەند بیرە نەوتێك كە پێشتر بەر لە روخانی رژێم لێدرابوون و  دەكەوێتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان لە نزیك گوندی لهێبان سەر بەناحیەی سەرگەڕان بەغدا ناڕەزایی دەربڕیوە و لەوبارەیەوە بەیاننامەیەكیشی دەركرد.

لەبەرامبەر هەڕەشە و ترسی پەلاماردانی كێڵگەكانی نەوت لەلایەن هێزەكانی عیراق، پارتی دیموكراتی كوردستان-یش لەم یەك دوو رۆژەی دواییدا جگە لەو هێزانەی لەوێ‌ بوون، هێزی زیاتری هێناوەتە ناوچەكە.

كۆنترۆڵكردن و دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكانی هەرێم گورزێكی كەمەرشكێن لە حكومەتی هەرێم دەدات، بەتایبەت خورمەڵە كە زیاتر لە نیوەی نەوتی هەرێمی لێ‌ هەناردە دەكرێت و زۆربەی ئەو بیرانەی ئێستا نەوتی لێ دەردەهێنرێت هی سەردەمی بەعسە و دەرهێنانی هیچ تێچوویەك لەسەر حكومەتی هەرێم ناكەوێت، ئەگەر لەلایەن بەغداوە كۆنترۆڵ بكرێت حكومەتی هەرێم روبەڕووی قەیرانێك دەبێتەوە كەمەرشكێن دەبێت و كاریگەری زۆر گەورە دەكاتە سەر دۆخی ئابووریی  و سیاسی لەهەرێمی كوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی