بەڵێ جەنابی زیباکەلام

19/06/2022

دانا ڕەشید

بەرێزم زیباکەلام.. چاوه‌ڕوانی چیتان دەکرد بیبینن، ئێمە هەمیشە لەکۆتایدا هەرەسمان هێناوە، ئاخۆ پێتانوابوو کلتوری هەرەس چی لێ چاوەروان بکرایە، ئەی نەتبیست وتیان ئێمە ئەگەر پێمان بڵێن، چۆن پردێک دروستدەکرێت نازانین، بەڵام بڵێن چۆن دەڕوخێنرێت دەزانین چۆنی بڕوخێنین، گەلۆ ئێمە لەمێژوی خۆماندا نەمانتوانیبێ 100 کەس بۆ ئاماجی سەربەخۆیی‌و ئازادی یەکبگرین، بەڵام بەسەدان هەزارمان فەوجی جاشایەتیمان زۆر بەدڕی‌و جەربەزەیی دروستکردبێ، ئێمە سوپای سه‌دام بە 3 ساڵ 3 هەزار گوندی خاپور کردین‌و سەدان هەزاری لێ بێسەروشوێن کردین، بە 31 ساڵ نەمان توانیبێ 3 گوند ئاوا بکەینەوە، ئێمە بە 31 ساڵ 3 کارگەی گەورەمان دروستنەکردبێ، 3 بەنداومان دروستنەکردبێ ئێمە سڵق‌و ترۆزی‌و دۆشمان لەئێرانەوە بۆ بێت، ئێمە  کەس نەزانێ داهاتمان، نەوتمان سەروەتمان بۆ کوێ دەبرێ ، ئێمە هەرچی کەرتی ژیان هەیە بە قەیران دامانرزاندبێ ، هەرچی سوچێکی کۆمەڵگەیە بە گەندەڵی دامانوەشاندبێ ، ئێمە  تەنها بۆ گەندەڵی و پارە خواردن  بینا و جادە دروست دەکەین ، ئەوەش بە سەقەتی.

گەلۆ بەتەمای لە پەنجەرەی ژوری هۆتێلەکەتەوە چی ببینی ، زانکۆیەک دەبینی کە شەهادەی تێدا کراوە بە پەن ، شانۆیەک دەبینی کە هونەری تێدا کراوە بە پەن ،  قوتابخانەیەک دەبینی کە خوێندنی تێدا کراوە بە پەن ، مزگەوتێک دەبینین کە ئیمانی تێدا کراوە بە پەن ،  فەرمانگەیەک دەبینی کە  فەرمانبەری تێدا کراوە بە پەن ،  بەنزینخانەیەک دەبینی کە شۆفێری تێدا کراوە بە پەن ، بازارێک دەبینی کە نرخی تێدا کراوە بە پەن ، بارەگای حیزبێک دەبینی کە کۆمەڵگەی تێدا کراوە بە پەن ،  
گەلۆ جەنابی زیبا کەلام گەرەکتانە چی ببینن ، پاش ٣١ ساڵ  بەدەیان سەربازگەی تورک لەناو وڵاتماندایە ، لەمسەر ئێران بەر ساروخمان دەدات و لەوسەر تورک بە درۆن هەلا هەلامان دەکات ، ئێمە تەنها خەونمان شک دەبرد  ئەوەشیان لێ کردین بە خەونی  شاعیرانە ، ئاخر ئێمە  چوار سنوری کوردستانمان کرد بە شەش ، هەولێرو سلێمانیان کردە دوو پارچەوە ، هەرێمی باشورمان نیوەی لەدەستداوە ، ئاخر ئێمە لەو قەوم و میلەتانە نین هەر دووکەسیان یەک بگرن دەوڵەتێک دروست بکەن ، ئێمە هەر دووکەسمان یەکبگرن فەوجێک جاش دەکەنەوە.

بەرێز جەنابی زیبا کەلام...
ئێمە دەستێکمان دەستەکەی ترمان دەشکێنێت ، جاوێکمان چاوەکەی ترمان دەردێنێت، گوێیەکمان گوێیەکەی ترمان دەبرێت ، لاقێکمان لاقەکەی ترمان  دەپوێنێت، ئێمە بەخاکەوە نەنوساوین  ئەمساڵ بەتەمای ساڵی داهاتو نین، بەرێز زیبا کەلام ، ئەوەی جەنابتان فەرموتان راستە، بەڵام راستی بەگوێی  سەرۆک و سەرکردەی ئێمەدا نەچوەو ناچێت، چونکە ئێمەو حەقیقەت زۆر دەمێکە عەداواتین .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی