لە درۆنەکانی کەلارەوە بۆ ئامینە کاکە باوە لە سوید

21/06/2022

مەریوان وریا قانع

یەکێک لە ژێرخانە ھەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی ”مەسەلەی کورد“ لە سەدەی بیستەمدا مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی خواستە سیاسیی و فەرھەنگییەکانی خەڵکی کوردستانە. مامەڵەکردنی ئەو خواستانەیە, چەندیش بچووکبن, وەک کێشەیەکی ئەمنی و بەگژاچوونەوەشیان وەک سیاسەتی پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد، لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە، بوون بە بەشێک لە دانیشتوانەکانیان. 
ئەم مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ە  وادەکات کورد وەک کەمینەی ناو ھەریەکێک لەو وڵاتانە، زیاتر وەک ھەڕەشە وێنابکرێت و وەک ھەڕەشەش ماماڵەی خواستەکانی بکرێت. تورکیا لەم بوارەدا لە ھەر سێ وڵاتەکەی تر کە کوردیان بەسەردا دابەشبووە، توندڕەوتر و توندوتیژتر و دژەمافتر، بووە. نووسەری ئەمریکی ڕۆبرت ئۆلسۆن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لەسەر مێژووی کورد، باس لەوەدەکات چۆن تورکیا لە ماوەی ١٤ ساڵدا،  نێوان ساڵی ١٩٢٤ بۆ ،١٩٣٨ ھەژدە پەلاماری سەربازیی گەورە ئەنجامئەدات، لەو ھەژدەیە، ھەڤدەیان بەرامبەر بە کورد بووە. ئەم پەلاماردانە سەربازییە خوێناویانە یەکێکە لە دەرەنجامە سەرەتاییەکانی مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی مەسەلەی کورد لە تورکیادا. ساڵانێکی درێژ ئەم فشارە سەربازیی و ئەمنییە گەورەیە وا لە کوردانی تورکیا دەکات بێدەنگبن، تا قۆناغی دروستبوون و سەرھەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆتایی ساڵانی ھەفتادا. 


 لەگەڵ سەرھەڵدان و بەرپاکردنی خەباتی چەکداریش لەلایەن پەکەکەوە، گوتارێکی نوێ لەدایکدەبێت، گوتاری بە تێرۆریست ناسینی ھەموو ئەو ھێزە کوردییانەی لەو تورکیادا دروستدەبن. بە مانایەکی دیکە ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا، تێکەڵ بە گوتارێکی نوێ دەکرێت کە گوتاری بە تێرۆریستکردنی ھەموو ھێزە کوردییەکانی ناو ئەو وڵاتەیە، تەنانەت گەر ڕێگای ناچەکداریی و مەدەنیش بۆ بڤەرگریکردن لە خواستەکانی خەڵکی کوردستانیش، بگرنەبەر. ئەم گوتاری بەترێرۆسیت ناسین و ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنە لەمڕۆدا شێوەیەکی ھێجگار بەرفراوانی وەرگرتوە. کردنی کورد بە ”ئەویترێکی ناحەز“ و ”تێرۆریست“ ئەو زمانەیە کە تورکیای ئەم ساتە قسەی پێدەکات، نەک تەنھا لە پەیوەندیدا بە کوردەکانی ناو سنوورە سیاسییەکانی خۆیەوە، بەڵکو لە قسەکردنیشیدا لەسەر ھەموو ئەو کوردانەی تریش کە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەکانی دەوڵەتی کوردیدا یەکناگرنەوە. لەمەدا ئەردۆگان ھەمان ئەو ڕوانینە کەمالیستییە دووبارەدەکاتەوە کە بەشێکە لە مێژووی تواندنەوە و پێشێلکردنی مافە ھەرەسەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان لە تورکیادا.
  
لە سەرەتای دەسەڵاتداریاندا لە ساڵی ٢٠٠٢دا، ئەردۆگان و پارتەکەی، ، ھەوڵی پیادەکردنی سیاسەتێکی جیاوازیان لە سیاسەتی فەرمی تورکیا بەرامبەر بە کورد دا، سیاسەتێک دەیخستنە دەرەوەی ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مارەکراو لە گوتاری تێرۆر. ئەم دۆخە  تا ئەو شوێنە ڕۆیشت ئەردۆگان لە ساڵی ٢٠٠٥دا  لە دیاربەکر، لە بەردەم کۆبونەوەیەکی جەماوەریی گەورەدا بڵێت: ”کێشەی کورد کێشەی ھەموو نەتەوەی تورکە....ئێمە چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکان ئەدۆزینەوە لەڕێگای دیموکراسیەتی زیاتر، مافی مەدەنی زیاتر، خۆشگوزەرانی زیاتر، لەھەمان ئەوکاتەدا کە دەستوری تورکیا دەپارێزین، پرنسیپەکانی سیستمی کۆماری دەپارێزین“. ئەمە سەرەتای ئەو سیاسەتە نوێیە بوو کە لە تورکیادا ناوی ”کردنەوە بەڕووی کوردا“ی لێنرابوو،  Kurdish opening. بەڵام ئەم دۆخە چەند ساڵێکی کەمی خایاند و ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و گەڕانەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، بە توندی ھاتەوە مەیدان.  


لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی گەڕاندنەوە بۆ ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و بە گەڕانەوەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، ھەندێک نووسەر باس لە بەردەوامی ”گرێی سیڤەر“ یان ”سێندرۆمی سیڤەر“ لە ناو سیاسەت و ھەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورکیدا دەکەن. لەناو ئەم گرێ سیاسییە دەرونییە دەستەجەمعیەدا، ترسێکی گەورە لەو کەمە نەتەوایەتیانە ھەیە، کە لەناو تورکیادا دەژین. ترسی ئەوەی ئەمانە بە ھاریکاریی ھێزە دەرەکییەکان بتوانن لەناوەوەی تورکیادا خۆی،  دژ بە یەکپارچەیی و سەروەری دەوڵەتی تورکیی کاربکەن و تورکیا بۆ چەندان بەشی جیاواز بەشبەش و پارچەپارچەبکەن، وەکچۆن لە پەیماننامەی سیڤەردا ھەوڵی پارچەپارچەکردنێکی تەواوی سەرزەمینی تورکیا درا و تورکیا لە ئیمپراتۆریەتێکی گەورەوە بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی سنووردار، بچووککرایەوە. 


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی