سادق زیبا کەلامی و هەندێک لەڕۆژنامەنووسان چی تازەیان ووت؟!

22/06/2022

د.بەختیار شاوەیس

ئەو قسانەی کەتوێژەری ناسراوی ئیرانی سادق زیبا کەلامی لەبەردەم بارزانی باوک و قسەی هەندێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کەلەبەردەم بارزانی کوڕ کردیان لەم هەفتەیە زۆرترین مشتوڕی لەناو ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا لێکەوتەوە ، هەروەها لەسەر شەقام و ئاستی کۆمەڵایەتی هەرای نایەوە ، بەچەشنێک کەدەتوانین بڵێین لەماوەی رابردوودا لەناو ئەو رووداوە توندئاژۆ و تراژیدی و پڕ لەناسۆرانەی کەرۆژێک نیە لەم وڵاتە ویژدان ڕانەچێنێ ، کەمیان وەک ئەوەی ئەم هەفتەیە دەنگ و سەدای دایەوە.
بەگرنگی نازانم کەبچمەوە قوڵایی ناوەرۆک و مەغزای تێڕوانینەکانی ئاغای سادقی و دیدگاکانی ڕۆژنامەنووسان ، چونکە زۆر زیاتری لەسەر وتراوە و بەشان و باڵی هەڵدراوە، وە دڵنیام ئەویش و ئەمانیش لەرۆژنامەنووسان لەوتایپەن کە نیەتی خزمەتیان هەیە و دەیانەوێ لانی کەمی دادگەری کۆمەڵایەتی و پرەنسیپەکانی مرۆڤدۆستی لەکلتوری سیاسی ئەم وڵاتە بەهایەکیان بۆ بگەڕێتەوە.
ئەوەی بەلای ئەم وتارەوە جێگەی پرسیار و هەڵوێستەکردنە ، ئەوەیە کە بۆ یەکەمینجار نیە کەسانێک لەئاستە جیاوازەکان دەنگ هەڵدەبڕن و بەدەسەڵاتداران و سیستەمە سەقەتەکە دەڵێن لەسەر ڕێگەیەکی هەڵە ڕێچکە دەکەن
لەساڵانی ڕابردوودا:
ئەو رۆژنامەنووسانەی کەخوێنیان ڕژا...
ئەو مامۆستایەی کەبۆ وەرگرتنی موچەکەی شەقی تێهەڵدرا...
ئەو خوێندکارەی کە بۆ دەرماڵە و کاولبوونی بەشە ناوخۆییەکەی دەستگیرکرا...
ئەو خانەنشینە بەساڵاچوەی کەلەکاتی سەرەگرتنی موچە زۆر کەمەکەی رۆحی لەدەستدا...
ئەو پێشمەرگەیەی کەبۆ کرینی شیر و دایبی بۆ منداڵە ساواکەی لەبەردەم شاشەی تەلەڤزیۆن دەگریا و شکۆی شکا...
ئەو ژنەی کەپاسەوانەکانی دادگا شەقیان تێهەڵدا...
هەموو ئەمانەو زیاتریش نمونەی زیندوون کە قسەیان هەبوو و بەشێوازی تایبەتی خۆیان تەعبیریان لە ڕاستیە تاڵەکان وەک د.سادقی و رۆژانامەنووسەکان کردوەلە فەرامۆشکردنی سیستەمی پەروەردە و مەعریفە، وە هاواری نەبوونی کارەبا، ئاو ، غاز ، موچە، گرانی بازار، خراپی رێگەوبان ، گەندەڵی ، دزینی سەرەوت و سامانی وڵات ، وەک فیرعەون ژیانی بەچکە مەسئولەکان ، چی و چی و چی و چی
سەرباری ئەمانە ، لەناوخۆی هەندێک لەحیزبەکان کەم نین ئەو کادیرە دڵسۆز و بوێر و بەهەڵوێستانەی کەحەقیقەتیان بەسەرۆک و سەرکردەکانیان وتوە، یان راستیەکانیان یاداشت کردوە وخراپی دۆخی خەڵک و ناعەدالەتیەکانیان خستوەتە سەر بەڕە. لەناو ئەمانەشدا کەم نین کە دووچاری پەراوێزخستن و سزادان و دەرکردن بونەتەوە و باجی گەورەیان داوە
چەندین پەرلەمانتار و کەسایەتی دیکە لەناو ئەم حیزبانە هەن کەرۆژانە نادادیەکان تۆخ دەکەنەوە و رای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە و دەسەڵاتیش ئاگادارە و هەندێکیشیان راپێچی دادگا و بێبەریکردنی فراکسیۆن و ناوخۆیی دەبنەوە.
ئەرکی سەرەتایی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە ئەوەیە کەهەوڵ بدات خوارو خێچیەکانی دەسەڵات ڕاست بکاتەوە. بەڵام لەم هەرێمە ئیشکالیەتەکە ئەوەنیە کە راستیەکان بەگوێی دەسەڵاتداران نەدراوە، بەڵکو قوڵایی کێشەکە ئەوەیە کەئێمە دەسەڵاتێکمان هەیە لەباوکەوە بۆ کوڕ چاوێکی نیە راستیەکان ببینێ ، گوێی گرانە و هیچ نابیستێ. لەمەش خراپتر رەنگە لەدڵەوە گاڵتەیان بەوانە بێت راستیەکانیان پێ دەڵێن و کەیفیان بەوانە دێت کەئەگەر ئەشیعەی مۆخی سەریان بگری وێنەیەک لەمەکینەی ماستاو دەردەچێ ، کە دواجار سەرەتای چاکسازیەکە دەبێ لەگۆڕینی مۆخی ئەم کەللەزلانەوە دەستپێ بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی