بۆچی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە بێ موقتەدا سەدر نا تەواوە؟

22/06/2022

بێوار ڕەحمان


لە بنچینەدا، کەسایەتی پڕ پێناسەو کاراکتەرێتی "موقتەدا سەدر" هێندەی هەموو ئاڵۆزیی و گرفتە قووڵەکانی عێراق بووەتە جێگەی قسەوباسی شەقام و ناوەندە عێراقی و دەرەکییەکان. 
لەلایەک پێگەی سەدر، پێگەی مێژوویی خێزانەکەیەتی. کە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا باپیرەی لە لوتکەی حوکمڕانی عێراق دا بووەو، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمیشدا، باوکی موقتەدا سەدر "سەید موحەمەد سەدر" و براکانی بەهۆی بەرهەڵستی کردنی ڕژێمی بەعس بە فەرمانی سەددام حوسێن لەناو دراون. ئیتر موقتەدا وەک کوڕی سێهەمی خێزانەکەی 
پەنای بردە بەر "حەوزەی قوم" و پلەی "حوجەتولئیسلام" ی لە حەوزەی قوم بەدەستهێنا. بە حاڵی ئێستاشەوە سەید موقتەدا هەر خەریکی خوێندنە بۆ بەدەستهێنانی پلەی "موجتەهید"..

بۆچی چاوەکان لەسەر موقتەدا سەدرن؟

لەو بارودۆخەی ئێستای ئابوریی جیهانی پێدا گوزەر ئەکات، لەو ناکۆکی و جەمسەرگیرییە جیهانیانەی بەهۆی قەیرانی ئۆکراینەوە هەموو جیهانی تەنیوەتەوە، بۆ ئەمریکاو خۆرئاوا بەگشتی گرنگە دۆخی عێراق نەگاتە ئاستێکی وەها کە گێرەو چەڵەمەی زیاتریان بۆ دروست بکات. لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) دەرکەوت شەپۆلی سەدرییەکان هەڵکشاوەو دەنگ و سەنگی گروپە میلیشیاکانی نزیک بە ئێران کە بە "چوارچێوەی هەماهەنگی" ناسراون بە تەواوی داکشاوە. ئەمە لەلایەک جێگەی خۆشحاڵی ئەمریکاو ئەوروپاو کەنداوییەکان بو، لەلایەکیش لەناوخۆدا ئاماژەی ئەوەی ئەدا کە لەگەڵ ئەوەی سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانەو (٧٣)کورسی بە دەستهێناوە، هاوکات ئەکرێت لێرەوە گوتاری گەڕانەوەی سەروەری عێراق بۆ خودی خۆی بچەسپێت. 
سەرەڕای ئەمانەش، سەدر لەگەڵ شەقام و گروپە ناڕازییەکاندا تەریب ئەڕوات، ترسی جوڵاندنی شەقام لەلایەن سەدرەوە تەواوی نەیارەکانی تۆقاندووە. 

سەدر و کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق!

دوای نۆ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و، مقۆمقۆی لایەنەکان نەگەیشتنە ئەنجام بۆ پێکهێنانی حکومەت. چوارچێوەی هەماهەنگی بە پاڵپشتی ئێرانیەکان سەرکەتوو بون لە ڕێگریی کردن و پەکخستنی هەوڵەکانی هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتیمان (سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان، سیادەی سووننەکان).  سەرئەنجام، موقتەدا سەدر فەمانی دا و تەواوی پەرلەمانتارەکانی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردو، قبوڵکرا. دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی لیستی سەدر کارا نابێت تائەوکاتەی شوێنگرەوەکان سوێندی دەستوری دەخۆن. ئەو سوێندخواردنەش بەدی نایەت ، تەنیا لەدانیشتنێکی پەرلەمان دا نەبێت! ئەو دەستلەکارکێشانەوانەش، تەنیا لەکاتی تەواوبوونی ژمارەی پێویستی ئەندامانی پەرلەمان دەبێت، ئەوەش بەگوێرەی بڕگەی (٥٩/ یەکەم)ی دەستوری عێراق، واتە پێویستە (١٦٥) ئەندام پەرلەمان ئامادەبن. 
ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان (٣٢٩) ئەندامە. ژمارەی ئەندامانی دەستلەکارکێشاوەی لیستی سەدر (٧٣)یە، لەگەڵ (٤) ئەندامی دیکەی سەربەخۆ کە چوونە نێو-لیستەکەی سەدر و ئەویش ڕازی نەبوو بە دەستلەکارکێشانەوەیان، واتە ژمارەی ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کەماونەتەوە (٢٥٢) ئەندامە.  کوردیش (٦٣) کورسی هەیە،   سووننەکانیش هەمویان (٧٧) کورسیان هەیە. هەروەها نوێنەرانی کۆتای کەمینەکان (٩) ئەندامن، کۆی ئەوانە (١٤٩) ئەندامە ، ئەوانەش شیعە نین. ئەوەی ماوەتەوە (١٠٣) ئەندامی شیعەیە..پرسیارەکە ئەوەیە ؛     چۆن چوارچێوەی هەماهەنگی کە هەر هەمویان (٧٦) کورسیان هەیە ڕێژەی یاسایی بەبێ سوننەو کوردو ئیمتیداد و ئەوانیتر پێک ئەهێنێت بۆ تێپەڕاندنی جێگرەوەی ئەندامانی سەدر و دواتریش سوێندخواردنی دەستوریی؟
لە هەموو بارێکدا، پرۆسەی تێپەڕاندنی شوێنگرەوەکان، تەنیا لەیەک باردا دەکرێت، ئەویش بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی لیستی سەدر و تەواوکردنی (نیسابە یاساییەکە) یە. ئامادەبوونی ئەندامانی (سەدر) یش ، پێویستی بەئامادەبوونیی نوێنەرانی کورد و سوننە یە ، لەپێناو تەواوکردنی (نیساب)ەیاساییەکە، ئەوەش زەحمەتە لەئەگەری ئامادە-نە-بوونی ئەندامانی (سیادە و پارتی دیموکراتی کوردستان).
بۆیە، لێرەدا دەرئەکەوێت کە (سەدر)  لێکدانەوەیەکی ژیرانەی بۆکردووە و چوارچێوەی هەماهەنگیی خستۆتە ژێرباری شەرمەزارییەکی زۆر ، چونکە بەو شێوەیەی باسمانکرد ، زۆر زەحمەتە (نیسابی یاسایی دەستووریی) تەواوبکرێت..!                  بەمجۆرە ،  دوای دەستلەکارکێشانەوەی (لیستی سەدر)یش ، دەبینین  هەموو شتەکان بەدەست (سەدر)ەوەیە.


سەدر لە نێوان ئێران و سعودییەدا

لە ڕووکەش و ناوەڕۆکدا، دیارە کە سەدر لە لەلایەن ووڵاتانی کەنداو "بەتایبەتی سعودییەوە" پاڵپشتی ئەکرێت. بەڵام هەڵکشانی پێگەی سەدر بە بێ ئاگاداری ئێران نییە. سەدر پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئێران هەبوە. خێزانەکەی ئامۆزای خۆیەتی، باوکی خۆی و خێزانەکەی حیزبی دەعوەیان لە عێراق دامەزراندووە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا. کە ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی بەعس بون بە قازانجی ئێران بوە، کە هەڵقوڵاوی حەوزەی قووم بون.  کاتێکیش  لە دوای ساڵی (٢٠٠٣) ڕژێمی سەددام ڕووخا، موقتەدا سەدر وەک باڵێکی سەربازیی دژ بە داگیرکار/ ئەمریکا دەرکەوت و  سوپای مەهدی دروست کرد، دژی بونی ئەمریکا بوە لە عێراق، بەمجۆرە هەتا ئەگاتە ساڵی (٢٠٢٢) لە کۆتا کاریدا لە پەرلەمان  پرۆژە یاسایەکی لە پەرلەمان پێشکەشکرد بۆ دژایەتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلداو، ئەوەش کرا بە یاسا. 

لەکۆتاییدا، ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە؛ کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، مانای وا نییە کە ئەو لە دەرەوەی یاریگاکە تەماشای دیمەنی سیاسیی عێراق ئەکات. هەروەها بە بێ سەدر پرۆسەی سیاسی و پێکهاتنی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا نا تەواوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی