تاوانی کوشتن یان ماف بەخۆدان بۆ کوشتن

29/06/2022

دانا رەشید

لە هەموو کۆمەڵگەو شوێنێک ، تاوان رودەدات ، لە نێوان مرۆڤ و هاوڵاتیدا دەمەبۆڵێ و شەرو تاڕادەی بەیەکدا هەڵپژان و یەکتری بریندار کردن و کوشتن ڕودەدەن ، مرۆڤ خۆی بە سروشتی کائینێکە زیاتر لەوەی زادەی ئاشتی بێت زادەی شەرە ، هەر لە شەری دەستەویەخەی دوو منداڵ تا دوو بنەماڵەو تیرەو تایەفە تا دوو وڵات ، مرۆڤ و کۆمەڵگە دەبێ بە یاسای توندو تۆڵ لغاو بکرێت ، یاسا لەسەرو هەموو کەسێکەوە بێت ، بەڵام ئەوەی کۆمەڵگەیەکی هاوشێوەی عیراق و هەرێمی کوردستان ، لەوانی تر جیادەکتەوە ، غیابی یان هەڵتەکاندنی سیستەمی بەرێوەبردنی دەوڵەتی و کۆمەڵگەیە ، بە مانایەکی تر ، (کۆمەڵگە) لە غیابی سیاستەمێکی تۆکمەی دادوەری و بەرێوەبەرایەتی و پەروەردەی ، دەبێتە ( کۆمەڵە گا ) بەمانا گشتیەکەی ، لە هەرێمی کوردستان ئەوە بۆ ٣١ ساڵ دەچێت ، کە سەرەتا بەرەی کوردستانی و لە دوای یەکەم هەڵبژاردنەوە ، هەردوو حیزبی بنەماڵەیی ، یەکێتی و پارتی حکوم دەکەن ، دوای زنجیرەیەک شەری ناوخۆ کە بە کارەساتی ٣١ ی ئاب و دوو زۆنی و دوو ئیدارەیی کۆتایی هات ، هەرچی تاوانێک لە زۆنی زەرد ڕوبدات ڕاستەوخۆ ڕوی پارتی دەگرێتەوە و بە پێچەوانەشەوە هەرچی تاوانێک لە زۆنی سەوز ڕوبدات ڕوی یەکێتی دەگرێتەوە ، واتە خۆیان هەر لە زەوەوە ٥٠ بە ٥٠ ، هەموو شتێکیان دابەش کرد ، یەکتری تیرۆرکردن و یەکتری پاکتاو کردن بە هەر هۆیەک بێ ، لە نێوان حیزبەکان ، هەمیشە هەبوە ، بێ گوێدانە هیچ مۆراڵ و یاسایەک ، یەکتریان تەسفیە کردوە ، ئەمە سەردەمی پێش ڕاپەرین لە برەودا بوە و دوای ڕاپەرین و هاتنە ناو شارەکان بە زەقی و بە ئاشکرا ، لە لایەن کەسایەتیە دیارەکانی ناو هەموو حیزبەکان جاڕی بۆ دەدرا ، هەرێم دابەش کرا بەسەر دوو تێزدا ، ئیسلامی و بە حساب عەلمانی ، زۆرانبازی ئەم دوو جەمسەرە هەتا ئێستە ، بۆ یەکتری خستن و جێگە گرتنەوەی ئەم بەوی تر ، بێ گوێدانە هیچ عولف و عادات و یاساو رێسایەک ، بانگەشەی تیرۆرو تۆقاندنیان کردوە و بە کردەوەش خۆیان چەکدار کردوە بە ئاشکراو نهێنی هەوڵی کوشتن و تەسفیەی لایەنی بەرامبەریان کردوە ، جا کۆمەڵگە لە دۆخێکی ئاواداو ژیان کردن لە سێبەری خراپترین جۆری حکومڕانی و دادوەری و بەرێوەبەری ، بێگومان کوشتن و تاوان دەبن بە روداوی رۆژانەو خەڵک دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم دەکات وەک روداوێکی ئاسایی ، هەتا روخانی رژێمی صدامی دیکتاتۆر ، تاوانی تیرۆرو کوشتن ،زیاتر لە چوارجێوەی حیزبایەتی و نێوان حیزبە ناکۆکەکان و رژێمی صدامیش هەر لە سەرەتای بونیەوە لە ئینقلابە شومەکەی ساڵی ١٩٦٨ تا روخانی ، پشتی بە تیرۆرو تۆقان بەستبوو ، بەڵام دوای روخانی عێراق و بە حساب دروست کردنەوەی عیراقێکی نوێ ، دیاردەی کوشتن و تاوان و تیرۆر دابەزیە ناو ماڵەکان و گەرەک و کۆڵان و قوتابخانەو فەرمانگەو زانکۆکان ، بەمە هەر بەرپرسێک جا بەرپرسی باڵا بێت یان خوارتر ، خاوەن عەشرەت و چەکدارو ، هەر وەزیرێک هەر پەرلەمانتارێک خاوەن پاسەوان ، هەر سەرکردەی حیزبێک خاوەن هێزی تایبەتن ، ئیدی نەک هەر بوونیان هەرەشەیە لە ئەمن و ئاسایشی کۆمەڵگە بەڵکو لە سەرو یاساشەوەن و هیچ هێزێکی پۆلیس یان ئاسایش یان دادگا توانای گرتن و خستنە بەر یاسایی نی یە ، کاتێ رۆژنامە نوسان و دەنگی ئازاد لەسەر بۆچون و رەخنە تیرۆر دەکرا لە لایەک کەسانی بەرپرسی حیزبی دەسەڵاتەوە ، کاتێ لەناو قوتابخانەو زانکۆ ئەهلی و حکومی یەکاندا خوێندکار مامۆستای دەکوشت ، وەک چەند ساڵ پێش ئێستە لە لایەن خوێندکارێک مامۆستایەکی بیانی تیرۆر کراو خۆشی کوشت ، کاتێ بە یەک گولە لەسەر فۆول لایتێک گەنجێک دەکوژرێت ، کاتێ دەیان جار چێشتخانەو سەروپێخانەو بازاڕو دوکانەکان دراونەتە بەر دەسترێژی گولە ، کاتێ پۆلیسی هاتوچۆ ناتوانێ بە سەیارەی مۆدێل بەرز بلێ لەل ، نەکا کەسی بەرپرسێکی باڵا بێت ، کاتێ کچی یان کوڕی بەرپرسێکی باڵا بە چەکدارەوە هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس ، هەموو ئەمانەش چەند رۆژێک دەبنە گەرمە هەواڵی سەر سایت و رۆژنامەو سۆشیال میدیاو ئیدی بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەکرێ و دادگاو ئیجرائاتی پۆلیس و ئاسایشیش پاسیف ترین رۆڵی دەبێت ، ئیدی کوشتن و تاوان لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردەیەکی ئاسایی ، کورە بەرپرس هەر دەمە بۆڵەیەکی ببێ یان پێێ بڵێن لەل ، دەمانچە هەڵدەکێشیت و بێ پەروا خەڵک دەکوژێ ، وەک بینرا کە چۆن کوری بەرپرسێک بە حساب خوێندکاری دووی کۆلیجی پزیشکی بوو کورێکی گەنجی بێکەس کوژ کردوو وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەرچوو ، لە دۆخێکی ئاوادا کە هێزو دەسەڵات و چەک حوکم دەکات ، نەک دادگا و یاساو حکومەت ، ئیدی هیچ چەترێک لەسەر سەرو ماڵی هاوڵاتی نامێنێت ، یاسا تەنها مرۆڤە هەژارو بێ دەسەڵاتەکان دەهارێت ، وەک چۆن ئەو خانمە دادوەرە دەست لەکار کێشاوەیە بەشێک لە ستەم و تراژیدیای دادوەری هەرێمی خستە ڕو ، چۆن مندالێکی تەمەن ١١ ساڵ زیندانی کراوە و تاوانی بەرامبەر کراوە ، بۆیە لێکۆڵینەوە لە دیاردەی تاوان و کوشتن لە هەرێمی کوردستان کە بەشێکی بەرچاویشی بەر ژنان و کچان کەوتوە بە پاساوی زۆر نامەعقولی جیاجیا ، دەجێتە هەمان قاڵبی خراپی حکومڕانی حیزبی ، چونکە هەموو بکوژەکان بە جۆرێ سەر بە سەرانی حیزب و دەسەڵاتدار بوون و یاسا قوەتی بەسەریاندا نەشکاوە ، تۆ ئەگەر دەسەڵاتدار بی دەتوانی بکوژیت و سوڵحی عەشایەری بۆ بکەی ، ئەمە لە هیچ سوچێکی ئەم دنیایە جگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نی یە ، ئەم دیاردەیە لێرەو لەوێ بەردەوامی هەیە وە چارەسەریش تەنهاو تەنها بە گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی دەبێ ، کە پەروەردە پەروەردە بێت ، پۆلیس و ئاسایش و دادگا سەروەر بێت ، دەستی گەندەڵی و تاڵانی و تاوان ببردرێت ، دەنا بەردەوام کۆمەڵگە لەناو بازنەی تاوان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەخولێتەوە .







ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی