ئامانج و ئازادی و پەیوەندی بە تێگەشتن و زانینەوە

01/07/2022

کمال محمد


گرنگترین رەھەندی ئازادی پابەندە بە تێگەشتنەوە،تێگەشتنیش خودی بەئاگا بون و ئازادییە ،ئەم رەھەندەش لە ناسین و پرسیار کردنەوە دەست پێ ئەکات و کە ھەردو کارەکتەرەکەش ھەر مرۆڤە ،خۆ خستنە بەر پرسیار و لێپرسینەوە گەشتنە بە خۆدەربرینی یاسای گەردونەوە ،سەرجەم ژیانی گەردونیش بە زیندەوەر و نازیندەوەرەوە ئامانج لێی گەشتنە بە پرسیاری من کێم ،سەبارەت بەوەی کە ئازادی ئامانجی گەردونە ھەڵەیە وا تێبگەین و کورتی بکەینەوە کە ئازادی تەنھا تایبەت بێت بە مرۆڤەوە چونکە لە بنەمادا یاسا گەردونییەکە وایە کە ھەر بونەوەرێک کێشەی ئازادی و مەیلی گەشتن بە ئازادی ھەیە .

مرۆڤ جگە لەوەی کە میراتگری جیھانی روەک و گیانەوەرانە ھاوکات ئامانجیشە ،ئەگەر لە بنەرەتیشدا پێکھاتی گەردونی بە ئاراستەی ئامانجەکان بروات ھیچ بەلامانەوە سەیر و نامۆ نابێت کە بڵێین ئەو ئامانجە مرۆڤە ،بە خرۆش ھێنانەوەی مرۆڤیش دوای بە خۆزانینی گەردون دێت لە سایەی مرۆڤەوە ،

ھەمو ئازادییەک پێویستی بە نەرمبونە،نەرمبونی ئازادیش رێگە بۆ جۆربەجۆربون ئەکاتەوە و ئەگەر ئەم نەرمیبونەش نەبێت جۆراوجۆری و جیاوزبون نابێت ،ئێمە ئەگەر لە جیھانی ئەمرۆکەدا سەرەرای کاولکارییەکانی مرۆڤ بەرامبەر سروشت کاتێ باس لە دەوڵەمەندییە بێ وێنەییەکەو پانتاییە گەورەکەی جیھانی رووەک بکەین مەحاڵە سەرمان سوڕماو نەکات  بمانبات بۆ ئەو پرسیارەی کە ئەمە بە چی رون بکەینەوە ؟لەوەڵامدا بە ئازادی کە بتوانین ئەم قەوارە گەورەیەی ھەمەرەنگی و جیاوازبونەیە ،چون زمانی ئازادی روەکەکانیش رەنگاورەنگی و جیاوازبونە کە خۆی بە جیاوازبونی زیاتر وزیاتر دەخاتە روو ،ھەمو ئەم تێگەشتن و زانینەش بۆ جیھانی گیانەوەرانیش دەکرێ راست و ئەنجام بدرێت ،بۆیە کاتێ مرۆڤ لە ڕەھەندی سروشت و جۆرەکانی گیانەوەرانەوە ھەڵدەسەنگێندرێت وەک میراتگری سەرەکی گیانەوەر و رووەکەکانە  .

ئازادی پێگەی چالاکی و دۆخی جوڵانەوەیە و دۆخی زیندویی و دینامیزمییە و ھەمیش رێکخستنبون ،ئێمە بە راوەستان لە شوێنی خۆمان ناتوانین باس لە ئازادی بکەین و بە ئامانج بگەین  ،ژیانی ھەریەکێکمان پڕە لە پەرجۆ،خودی ژیان خۆی لە خۆیدا پەرجۆیە ،ئێمە بە بێ ئاگاییەوە لەم پەرجۆیانە بێ ئاگایان و تەنانەت لە جەستەو ھەبونیشمان ،بە تایبەت باسکردنی مرۆڤیش لە باسەکەدا گەشتنە بەوەی کە مرۆڤ مایکرۆکۆسمۆسێکە کە تایبەتمەندییەکانی گەردونی تیادا دەستەبەر دەکات ،ھەر ئەمەشە وایکردوە خۆمان وەک مرۆڤ پێناسە بکەین چون ناسینی مرۆڤ یەکسانە بە خۆناسین ،دەستپێکی ئەو خۆناسینەش واتە گەردون ناسی ،لێرەشەوە ئاشنای گەرشونییەکان و سروشت ئەبین و ئەگەینە زانیاری و ھزری حەقیقەت و ئازادی .

ئێمەی مرۆڤ بۆ ئەوەی ئازاد بین بە جەوھەری مرۆڤ بون بگەین پێویستە ئاستی زانین و تێگەشتنمان فراوان بێت و بگەین بە ئازادی تاوەکو داھێنان و پێشکەوتنەکان زیاتر بەردەوامیان ھەبێت ،ئێمە ئەگەر بیر لە ئازادی و ئامانجەکەی نەکەینەوە کۆیلەیەکی لە ناخەوە پەسەند کراوین و کاردانەوەمان نابێت ،ئێمە بۆ ئەوەی بە ئامانج بگەین رو لە گەران و بەدوای حەقیقەتدا بین  ،ئێمە ئەگەر تێنەگەین و نەزانین  ھیچ جیاوازییەکمان لەگەڵ ئەو زیندانە تاریکەدا نییە کە چواردەورەکەی شورا نەکراوە ،

ئامانج و ئازادی مرۆڤ کاتێک دەست پێ ئەکات زاڵ بێت بەسەر لاوازییەکانیدا بیانکاتە ھۆکاری ئازاد بون و ئیرادەی پێشکەوتن دروست بکات و بیگەیەنێت بە گشتگیری بونی فیکری و  قوڵایی رۆحی ،تا ئەگاتە تەوژمێکی ھزری کە شەرم لە نەبون و دوربونی خۆی ئەکات لە مرۆڤ بون ،لەم واتایەدا بە خۆباوەری و ھێزی جەوھەری گرنگە  و دەتوانرێت رو لە ھەمو ئاراستەیەک بکرێت و بەکامە ئاراستە دروست بێت بگاتە ئامانج ،ئەمەیە وایکردوە کە مرۆڤ ھەرگیز وازنەھێنێت لە گەشتن بە سنورەکانی زانینی یەکجارەکی و ئیکتشافی ئەو پرۆسە ھۆشمەندییانەی کە لە ناخیدا ھەیە  .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی