ناوەندی زانستی ماکس ـ پلانک لەئەڵمانیا یەکێکە لەناوەندە زانستییە سەرکەوتوو و گرنگەکانی توێژینەوە لەئاستی جیهاندا، ئەم ناوەندە لەساڵی ١٩٤٨وە دامەزراوەو زاناکانی نێو ئەم ناوەندە زانستییە خاوەنی چەندەها خەڵاتی نۆبلن.
توێژینەوەکانی ئەمدواییەی ئەم ناوەندە زانستییە لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوەو بەتایبەت ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەریانە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئەفریقا، دەرئەنجامی زۆر هەستیار دەخەنەڕوو، لەوانە هاتنەکایەوەی قەیرانی ئاوو بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەی گەرمی، بەجۆرێک بۆ ژیانو گوزەران زۆر سەختو نەشیاو دەبێت.
ئاو، نهێنی ژیانو بهردهوامیو ئاوهدانییه، سهرچاوهی گهشهسهندن، دهستپێکی سەرهەڵدانی شارستانییەت، بناغهی بوژانەوە، هاتنهکایهوهی تازهگهرییو پێشکهوتنی پیشەسازییە.
بۆ سهلماندنی نهێنی ئهو دهستپێکه میسۆپۆتامیا باشترین نمونەیە، که بهبوونی ههردوو ڕوباری دیجلهو فورات ئەو دەڤەرە بووهته پێشهنگی کۆنترین شارستانییهت لهمێژوودا.
بەپێی خەمڵاندنی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئەو بڕی ئاوەی لەئێستادا لەجیهاندا بەردەستە بۆ بەکاربردن، لەساڵی 2040دا تەنها بەشی 70%ی دانیشتوانی جیهان دەکات، لەهەمانکاتدا پێشبینییەکانی یۆنسکۆ ئاماژە بەوەدەکەن کە لەساڵی 2025دا 2/3ی دانیشتوانی جیهان کێشەی کەمئاوی دەبێتو لەئێستادا 670 ملیۆن کەس هیچ دەروازەیەکی بۆ ئاوی پاکو تەندروست لەبەردەستدا نییە
کاتێک بۆچوونو توێژینەوەو پێشبینییهکان ئاشکرایدهکهن؛ که تاساڵی 2040 ڕوباری دیجلهو فورات لهوشکبوون نزیکدهبنهوه، دهبێ زۆر بهڕاشکاویو وردییەوە ئهو ڕهههندانه بخهینهڕوو که ئەو ڕوبارانە بۆ وشکدهبنو ئهگهر ببن چی ڕوودهدات، بێگومان ئهوهی ڕوودهدات، تهواو پێچهوانهی ئهوه دهبێت که لەمێژوودا ڕوویدا، واته پێچهوانهی بووژانهوهو سهرههڵدان، پێچەوانەی پێشکهوتنو ئاوهدانی، پێچهوانهی بنیاتنانی شارستانییهتو گهشهسهندن.
ئهوهی ئهرکی داهاتووش قورستر دهکات گۆڕانی کهشوههواو ماکهکانییهتی؛ که وشکهساڵیو کهم بارانی بهدوای خۆیدا دههێنێت، لەکاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لەکەم ئاویدا دەناڵێنێت.
لهدوا ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی نێودهوڵهتی بۆ کهشوههوا WMO جهخت لهسهر ئهوهکراوهتهوه که گۆڕانی کهشوههوا بههۆی گهرمبوونهوهی ئهتمۆسفیری بهرگهی گۆی زهوی، ڕاستییهکه نکوڵی لێناکرێتو کاردانهوهی نهرێنی لهسهر ههموو گۆشهیهکی جیهاندا هەیەو دەبێ، داڕێژانی پلانو ڕێوشوێنی زانستی بۆ خۆگونجاندنو لێکەوتنی کەمترین زیان لەکاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگانەی، دەبێ لەهەموو وڵاتێکدا دیراسە بکرێتو ئەگەرەکانی بخرێنەڕوو.
یۆز لێلیفێڵد سەرۆکی ناوەندی ماکس ـ پلانک بۆ توێژینەوەی زانستی لەئەڵمانیا، لەچاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەو دەرئەنجامانەدا، کە لەمیانەی توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە؛ کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەداهاتوودا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەراساندەکات، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا ٥٦ پلەو زیاتر ژیان مەحاڵدەکات، لەهەمانکاتدا ئەم زۆربوونی دانیشتوانەش فاکتەرێکی دیکەیە بۆ کاردانەوەی نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوا، جگەلەوەی تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەو ناوچانە بەبەراورد لەگەڵ پێش سەردەمی پیشەسازیی، لەساڵی١٩٨٠وە گەیشتووەتە زیاتر لەدوو پلە.
هەروەها لەتێکڕای توێژینەوەکانی لێلیفێڵد دەرکەوتووە؛ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئەفریقا ڕوبەڕووی کەمئاویو خۆڵبارین دەبنەوە، بەجۆرێک لەسەرەتای ئەم سەدەیەوە ڕێژەی خۆڵبارین ٧٠٪ زیادیکردووە، جگەلەوەی لەساڵی ١٩٨٦-٢٠٠٥ تەنیا ١٦ ڕۆژی زۆر زۆر گەرم بووە، وەلێ لەناوەڕاستی ئەم سەدەیەوە دەگاتە ٨٠ ڕۆژو لەکۆتایی سەدەکەش دەگاتە ١١٨ ڕۆژ؛ کە گەرماکەی نائاساییو هەڵپڕوکێنەر دەبن.
جیهان لەبەرامبەر گۆڕانێکی چڕو خێرادایە، ئەگەرچی پەتای کۆڕۆنا کاریگەری هەبوو لەسەر ڕاگرتنی کاتی زۆربەی جومگەکانی ئابووری، پەیوەندی کۆمەڵاتی، بڕیاری سیاسیو بەرهەمهێنان، لێ شەڕی ئۆکرانیا تەواوی بوارەکانی دیکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، دۆخێکی خوڵقاند؛ کە هەناردەنەکردنی دانەوێڵەو پەینی کیمیایی لەئۆکرانیاو ڕوسیاوە، ببێتە جێگای دڵەڕاوکێ بۆدابینکردنی دانەوێڵە لەوڵاتەکانی وەکو میسرو هەندێ وڵاتی دیکەی ئەفریقا، بەڵام لەم دوو پێشهاتە گرنگتر؛ کە زۆر بەئەگەری کەمتر دادەنرێتو ڕەواجی جدی لەپلانەکاندا بۆ ئەژمارنەکراوە، ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە.
یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی، چ لەئێستاو چ لەداهاتوودا هەیە، بوونی ئاوارەی ژینگەییە، ئەوانەی ئیدی هیچ دەرفەتێکیان بۆ مانەوەو بەردەوامی ژیان، لەزێدی خۆیاندا بۆ ناڕەخسێ، لەهەندێ شوێندا وشکەساڵیو نەبوونی ئاو شیرازەی کۆمەڵگای هەڵوەشاندووەتەوەو وازیان لەکاری کشوکاڵی هێناوەو بەرەو ناوچەکانی تر لەکۆچو ڕەودان، لەهەندێ شوێن بەهۆی لافاوو کارەساتی سروشتییەوە، چ قوربانیو چ ئاوارەیی لێکەوتووەتەوە، وەکو ئەوەی لەفلیپینو بەنگلادش دەبینرێت، جگە لهبەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەڕادەبەدەری ئەتمۆسفێری هەندێ شوێن وەکو هیندستانو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت؛ کە لەداهاتوودا ژیان لەهەندێ شوێنی ئەو ناوچانەدا تاڕادەیەک مەحاڵ بێتو نەگوزەرێت.
لەئەوروپادا، کێشەکە ئەوەنییە کە گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگی وەکو کەمبوونەوەی ئاوو لافاوو وشکەساڵی دێنێتە کایەوە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە؛ کە نیوەی خوارەوەی گۆی زەوی کە گەرماو بێ ئاویو وشکەساڵی زۆری بۆ دێنێت، بەرەو نیوەی گۆی زەوی سەرەوە کە ئەوروپایە، دەکەونەڕێو وەکو ئاوارەی ژینگەیی بەرەو ئەو شوێنانە کۆچدەکەن.
لەڕۆژئاوادا چ لەبەرئەوەی پێشتر خۆئامادەکردن بۆ ئەو جۆرە خەمڵاندنانە هەیە، چ لەبەرئەوەی زۆربەی وڵاتەکانی تاڕادەیەک خاوەنی سامانێکی باشی ئاون، چ لەبەرئەوەی زانست لەو وڵاتانەدا کار لەسەر کێشەکانی داهاتوو و چارەسەرەکان دەکات، دەتوانێ تاڕادەیەک بەرگەی ئەو ماکانە بگرێت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها دەمێکە بەرنامەی خۆگونجاندنو هەڵکردن لەپلانو نەخشەکاندا جێی خۆی کردووەتەوە.
ڕاستە خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتییە، ڕاستە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی کەم بارانییەوە، ڕۆڵی گرنگ لەدوبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەبینێ، بەڵام ئەو ڕەهەندانەی لەپشت بەردەوامبوونی ئەم خۆڵبارینەوەن؛ دەرئەنجامی نالەباری سیاسەتی ئاوی ئیقلیمییە لەلایەن ئێرانو تورکیاوە، بەتایبەتی پڕۆژەی گاپ لەتورکیا؛ کە پێویستی بەسیاسەتێکی بەهێزی ناوەند هەیە بۆ دژایەتیکردنی؛ بەڵام ماوەکەی بەسەرچووە تا بتوانێت کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەو ژیانی دانیشتوانی عێراقو باشووری کوردستان کەمبکاتەوە، بۆ نمونە پڕۆژەی گاپ، یا پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەسەر ڕوباری دیجلەو فورات، کە بریتییە لەبنیاتنانی 22 بەنداو 19 وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بووەتە هۆکاری:
1ـ کەمبوونەوەی ئاوی دیجلەو فورات بەڕادەیەک تاساڵی 2040 توێژینەوەکان ئاماژە بەوشکبوونی ئەو دوو ڕوبارە دەدەن، کە دەبێتە هۆی تێکچوونو بەبیابانبوونی ڕوبەرێکی زۆری زەویوزار، بەتایبەت لەباشوورو ناوەڕاستی عێراقدا.
2ـ تێکچوونی ئیکۆسیستیمی ناوچەکەو ڕووتانەوەی چینی سەرەوەی زەوی لەگەڵ هەڵکردنی باو خۆڵبارین لەتەواوی ناوچەکەدا.
3ـ زۆربوونی ڕێژەی خوێی زەویوزارو بەکەڵک نەهاتنی بۆ کشتوکاڵ.
4ـ کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزاییو نەمانی پتەوی خاکو ڕووتانەوەی.
5ـ پڕکردنی هەریەکێک لەو بەنداوانە دەبنە هۆی نەشیانی ڕوبەرێکی گەورەی زەویوزار بۆ چاندن، تەنها بەنداوی ئەتاتورک بووە هۆی بێبەشبوونی 696 هەزار هکتار زەوی لەکشتوکاڵو چاندن، بەنداوی ئیلیسوو لەسەر ڕوباری دیجلە زیاتر لە11 ملیار مەتر سێجا ئاو لەتورکیا گلدەداتەوە، هەزارەها هیکتار زەوی لەعێراق بەهۆی شوێری خاکەکەی، بێبەرهەم دەهێڵێتەوەو دەبنە بیابانو پاشان لەگەڵ هەڵکردنی بادا، بەرەو ناوچەکانی دیکە هەڵدەکەن.
6ـ تێکچوونی مۆڕفۆلۆژی کۆمەڵایەتی، کۆچکردن، پەناهەندەی ژینگەیی، لەدەستدانی پیشەی جوتیارو زۆری تر.
7ـ کەمتەرخەمی سیاسەتی ژینگەی عێراقو باشووری کوردستان چ لەهەڵمەتی چارەسەرو سەوزکردنی ڕوبەری زۆرتر، گلدانەوەی ئاوو پشتێنەی پاراستنی ژینگەییو دروستکردنی (مصدات الریاح)، چ لەبوێری بۆ ڕێگرتن لەپەیڕەوکردی سیاسەتی ئاوی وڵاتە ئیقلیمییەکان.
بابەتی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئەو ناوچانە نوێ نین، سیاسەتی عێراق سیاسەتێکی لاوازەو لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە بەردەوام سازشی لەسەر بەشە ئاوی خۆیکردووە.
چارەسەرکردنی ئەم پێشهاتانە پێویستی بەدوو ڕوانگە هەیە یەکەمیان سیاسەتێکی بەهێزی دەوڵەتو دووەمیان پێویستی بەناوەندی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە، ئەویش بەپشتبەستن بەئەزمونی کەسی شارەزاو پسپۆڕ لەو بوارەدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی