ئەفرام نوام چۆمسکی چی وت!!

30/07/2022

محمد خۆشناو

 کوردەکانی عێراق لەئێستادا هەلێکی باشیان هەیە ، کە حوکمڕانیەکی بناغەپتەو و سەرکەوتوو دابمەزرێنن و هەموو دابەشکاریەک تێپەڕێنن کە ئەمەش مەرجی سەرەکیە ئەگەر بیانەوێت ئامانجەکانیان بەدیبێنن و ، تەنانەت ئەگەر بیانەوێت دەوڵەتیش دروستبکەن ، بێگومان ئەمە دەبێتە هیوایەک بۆ سەرجەم کوردەکانی تر لەسەرانسەری جیهان و ، ئەمە دەبیتە دەسپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و کوردەکانی عێراق بەرپرسیاریەتیەکی زۆریان لەسەرشانە و ، دەبێت بە ووریاییەوە ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵبگرن و بتوانن کوردەکانی دیکە چاو لەوان بکەن ، ئەمە قسەی زانا و فەیلەسوف و ڕوناکبیری ناوداری ئەمەریکی نوام جۆمسکی بوو کە لەچاوپێکەوتنێکی کەناڵی«ئین، ئاڕ . تی» ماوەیەک لەمەوبەر دابووی ، ئێستا ئێمە لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە جێبەجێکردنی ئەو ئامۆژگاریەیە بەتایبەتی لەو قۆناغە مەترسیدارەی کە عێراق پێیدا تێدەپەڕی کە ئەگەری پشێوی و ئاشوب و شەڕێکی ناوخۆ وا هەیە کە نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت . چۆمسکی کە لە دایک و باوکێکی جوولەکە لە پەنسلڤانیای وڵاتەیەکگرتووەکان لەدایکبووە و تەمەنی 93 ساڵە و ، باوکی زمانەوانیی نوێیە و میولی چەپی هەیە و بیروبۆچوونە سیاسیەکانی لە پاشخانێکی چەپەوە سەرچاوە دەگرن و ، نزیکەی «100 » کتێبی لە بوارەکانی زانستی زمانەوانی و سیاسەت و رەخنە هەیە و ، لەدەیان وڵاتدا محازەراتی پێشکەشکردووە و بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی جەنگی ڤیەتنام و جەنگەکانی دیکەی ئەمەریکا-یە دەیان خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە ، هەڵوێستێکی زۆر مەردانەی بەرانبەر گەلی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان هەیە ، کە ئەمەش وەک هێمایەک لە مێژوو دەمێنیتەوە و لەناو مێشک و دەروون وەک نموونەیەک لە ویژدانی ئازادا دەمێنێت ، هەڵویستی سیاسی هەندێک پیاوانی هز و ئەدەب لەناو مێژوو و ویژدانی مرۆڤایەتیدا هەر بە زیندوێتی دەمێنیتەوە و ، مێژووی هز جان پۆل سارتەری فەیلەسوفی فەڕەنسا -مان بیر دێنێتەوە لەسەر هەڵویستە ئاشکراکەی لە بەرگریکردن لە سەربەخۆیی جەزائیر و ئازادکردنی لە ئیستیعماری فەڕەنسی و دایان هزرمەند و ئەدیبی دیکەش ، لەم بوارەدا چۆمسکی شوێنێکی شیک و شایەستەی هەیە ، بەردەوام ڕەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بەرانبەر وڵاتانی لاواز و گەلانی ژێر دەست بەتایبەتی گەلی کورد هەر لەسەردەمی ڕیگان-وە تا سەرۆکی ئێستا جۆن بایدن دەگرێت . چۆمسکی زانای ئینسکۆلۆبیدیایی سووربونی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە کێشەی کورد دووپات دەکاتەوە و دەڵێت : بەرزترین توانام دەخەمەگەڕ بۆ بەرگریکردن لە کورد و ، بەداخەوەش ململانییەکی زۆر نابەرپرسانەی ناوخۆ«مەبەستی هەرێمی کوردستان»ە هەیە هیوادارم کە وانەبوایە و هیوادارم یەکگرتووبن و کیشەکانی ناوخۆ-یان چارەسەر بکەن. لەسەدەی نۆزدەهەمەوە زمانەوانیەکان بۆتە تایبەتمەندێتی زانستی بەخودی خۆی و ، سێ ڕێبازی لێکترجیاواز بۆ زمان بەدیار کەوتن و ، چۆمسکی سەرەتا توانی لەهەندێک تێبینی کە وادیاربوو سادبوون دەستپێبکات و سەرلەنوێ بەسەر هەموو ڕببازە زمانەوانیەکاندا بچتەوە و ، لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو شۆڕشێک لەناو لێکۆڵینەوەی پەیوەست بە جیهانی زمانەوانیدا دروستبکات . چۆمسکی ناوبانگیە جیهانیەکەی زیاتر وەک ڕۆشنبیرێک وەرگرت نەک وەک زانایەکی زمانەوانی و ، باقوبریقە سیاسیەکەی وایکردووە کە بەشداریەکانی لە بواری زانستیدا بشاردرێنەوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی