شنگال لە تەنهایدا دەمرێ

03/08/2022

سۆزان حەمەتاتە

  
جینۆسایدی شنگالی سەردەستی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، دوای هەشت ساڵ لە روودانی هێشتا لە تەنهاییدا دەژی، تەنهاییەكەی بەشێوەیەكە مرۆڤ كە بیری لێبكاتەوە خەریكە دەخنكێ، كە دەبینێ شنگال هێشتا لەبەدەم مەترسی گەورەدایە و ناسنامەی جینۆسایدەكەشی لەنێو بەرداشی هێزە سیاسییە كوردی و عیراقییەكاندایە و هەنگاوی جدیش بۆ ساڕێژبوونی ئاسەوارەكانی نەنراوە.
دوای كۆتاییهاتنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەو رووبەرە دیاریكراوەی دەستی بەسەردا گرتبوو، دەرفەت رەخسا بۆ ئەوەی بە چەند شێوە و قۆناغێك شنگال گرنگی زیاتری پێبدرێت و كاریگەرییەكانی جینۆسایدەكە لەسەریان كەمبكرێتەوە و ئێزدییە رفێنراوەكانیش لە دەستی داعش رزگاربكرێن و باشترین مۆنۆمێنت و مۆزەخانەیان بۆ بكرێتەوە و بەشێوەیەكی زانستی تاوانە جۆراوجۆرەكانی داعش لە شنگال دۆكیۆمێنت بكرێن.
ئەوەی روویدا دوای جینۆسایدی شنگال لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق تەواو پێچەوانەی ئەو ستراتیژە راستە بوو كە دەبووایە بۆ رزگاركردنی شنگال لە خنكانێكی لەسەرخۆ بیگرنەبەر.
لەسەر ئاستی عیراق دەبوو بەرنامەیەكی چڕی ئاوەدانكردنەوەی شنگال جێبەجێ بكرایە، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی حكومەت راستەوخۆ خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەكەی بكردایە، شنگال بكرایەتە یەكێك لە ناوچە هەر خۆشەكانی كوردستان و عیراق.
لە جیهاندا بۆ هەر جینۆسایدێك مۆنۆمێنت و مۆزەخانەی وا دروستكراوە كە هاوكات بووەتە شوێنێكی بەناوبانگی وا كە ساڵانە سەدان هەزار كەس سەردانیان كردووە و بووەتە سەرچاوەیەكی داهاتی باش بۆ خەڵكی ئەو ناوچەیەی تاوانەكەی تیادا روویداوە، بەداخەوە لە شنگال ئەمەش نەكرا.
یەكێكی دیكە لەو كارە گرنگانەی دەبوو لە شنگال بكرایە ئەوەیە سەقامگیری و دڵنییایی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنی دروستبكرایە، شنگال ببووایەتە نموونەیەكی جوانی ئاوەدانی و پێكەوەژیان و ئارامی و تەبایی و خاڵی بەهێز بۆ سەرجەم عیراق و كوردستان.
ئەوەی پەیوەندیی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە بەهەمان شێوە گرنگیدانی بە شنگال لە ئاستی پێویستدا نییە، ژیانی ئاوارەكانی شنگال و ئەو دۆخە ناسەقامگیرە سیاسی و ئەمنییەی لە شنگال و ناوچەكانی هەیە، جێگەی دڵخۆشی نین و خەریكە شنگال هێندەی تر دەخنكێندرێ.
چڕكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان لە شنگال زیانی زۆری بە ئێزدییەكان گەیاندووە چی ئەوانەی لە شنگال ژیان دەكەن و چی ئەو ئێزدیانەشی لە ئاوارەیی و كەمپەكاندا دەژین. ئێستا سەیری شنگال بكە، جگە لە ئێزدییەكان خۆیان چەندین دەمڕاستیان لێ پەیدابووە، شنگال كەوتووەتە ناو چەقی ململانێیەكی سیاسیی تووندەوە تەنانەت دەستی توركیا و ئێرانیشی پێگەیشتووە و پێكەوە زیانی زۆریان بە ئێزدی و شنگال گەیاندووە.
بەهۆی ئەو فەرامۆشی و ململانێیانەوە شنگال خەریكە دەخنكێ، لەسەر زەوی ئێزدییەكان شنگال تەنها كراوە و بەرەو خنكان پاڵی پێوە دەنرێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی