ڕەھەندە یاساییەکانی پەیماننامەی سیڤەر

07/08/2022

لوقمان مستەفا

‌ئامادەکردنی/ پارێزەر / لوقمان مستەفا
 
ئەم پەیماننامەیە لە( 10/ ئابی/1920 ) لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی‌و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ‌و بەنوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆركراوە. لەكاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بەدوو پارچەیی مابووەوە كوردستانی سەر بەدەوڵەتی عوسمانی‌و كوردستانی سەر بەئێران.

ھەڵبەتە ھەلێکی زێڕین بوو بۆ كورد بەپێی ئەو پەیماننامەیە كورد مافی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن كیانێكی سەربەخۆو دەیتوانی دەوڵەتی كوردستان ڕابگەیەنێت، لەچەند بەندێكیدا ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ باس لەو مافەی كورد كراوە. هەندێك لەمێژونووسانیش ئەو پەیماننامەیە بەیەكەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی دادەنێن كە بەشێوەیەكی ڕوون‌و ئاشکرا ئاماژەی بەکێشەی كورد كردووە، ھەر بۆیە ڕەهەندێكی یاسایی‌و نێودەوڵەتی وەرگرتووەو ڕێگەی پێداوە لەباكوورو باشووری كوردستاندا كورد دەوڵەتی سەربەخۆ پێكبهێنێت.

هەرچەندە ‌پەیماننامەی (سیڤەر) تایبەت بووە بەدابەشكرددنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی، بەڵام لەسێ ‌بەندی (62، 63، 64) بەڕوونی ئاماژەی بەداخوازی‌و مافەكانی گەلی كوردستان كردووە. ئەمە سەرەڕای ئەو كەموكورتییانەی لەپەیماننامەكەدا هەبووە، لەوانە فەرامۆشكردنی خۆرهەڵاتی كوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، واتا ئەو پەیمانە دابەشكردنی كۆلۆنیالانەی كوردستانی بەرجەستە كردووەو تەنها باسی ئەو بەشەی كوردستانی كردبوو كە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووە.

پرسی سەربەخۆی كوردستان بەھۆی پێگەی یاسایی‌و پاڵپشتی نێودەوڵەتیەوە چانسی گەورەی ھەبوە کە لەو پەیماننامەیەدا ھاتووە مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانی لەو دوو بەشەی كوردستاندا هەبووە. ئەم پەیماننامەیە لە(13) بەش‌و (433) بەند پێكهاتبوو، لەبەشی (3)و بەندی (62–63 –64) ڕاستەوخۆ باسی كوردو ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو، بەیەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دادەنرێ كە بەمشێوەیە باسی كورد بكات، هەرچەندە لەبەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات، بەڵام بێئەوەی ناوی كورد بهێنێ.

بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر گرنگە بزانیین مادە یاساییەکانی ناو پەیماننامەکە چییە!؟ تاشی بکەینەوە:
بەندی (62) تێیدا هاتووە:

(لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لەئەستەمبوڵ دەبێت و لەسێ ئەندام پێکدێت‌و هەر ئەندامێک لەسێ دەوڵەتی: بەریتانیاو فەرەنساو ئیتاڵیا دایدەهێنن، لەگەڵ مێژووی بەجێهێنانی ئەم ئۆتۆنۆمییەدا، بەشەش مانگ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی ڕەگەزی کوردیان تێدایەو کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فوڕات‌و باشووری خۆرئاوای ئەرمینیا، وەک لەدوایشدا دەستنیشاندەکرێت. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا، لەسوریاو ئێراق، بەوپێیە دیاریدەکرێت، کە لەدەقی دووەمین‌و سێیەمین بڕگەی دووی بەندی 27دا هاتووە، بەڵام لەکاتی ڕێکنەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیژنەکە: کۆمیسیۆنەکە - دەنگ لەحکومەتەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، پێویستیشە ئەم پڕۆژەیە زامنی تەواوی بۆ پاراستنی کلدان‌و ئاشووری‌و کەمایەتی ڕەگەزو ئایینی تری نێو ئەم ناوچانەی تێدابێت، لەبەرئەوە لیژنەیەک لەنوێنەرانی به‌ریتانیاو فەرەنساو ئیتاڵیا‌و ئێران‌و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین‌و بڕیاردانی ڕاستکردنەوەکە، ئەگەر بینرا پێویستە دەربارەی سنووری تورکیا بکرێت، چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری باسکراو لەگەڵ ئێرانیشدا پەیڕەو دەکرێت.

بەندی 63:
(حکومەتی عوسمانی، لەمڕۆوە پەیمان دەدات لە ماوەی 3 مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنەی کۆمیسیۆن، کە لە بەندی 67دا باسکراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات).

بەندی 64:
(ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەست نیشان کراوانە، کە لە بەندی 62دا هاتوون، داوایەکی پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی نێو ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیاببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پێسپێری ئەمە بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو پێ سپێرییە جێبەجێ بکات و دەست بەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا، ئەم دەست بەردار بوونەش بە درێژی، بابەتێکی تایبەتی دەبێت لە نێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەست بەرداربووندا، کە بوو، هیچ بەرهەڵستییەک لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانی نێو هێنراوەوە، ناخرێتە بەرامبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەکبگرن).

لەمێژا ووتراوە لەسیاسەتدا بەرژەوەندی هەیە، نەك دۆستی هەمیشەیی، زۆربەی رێككەوتنەكانیش لەگەڵ كورد بە زارەكی بووە بۆیە هەمیشە سەبارەت بەخواستەكانی پشتی تێكراوە" ئەمە جگەلەوەی كورد هەمیشە لەناوخۆدا ناكۆك و ناتەبا بووەو شكستهێنانی شۆڕشەكانی بەدەستی لایەنەكانی ناوخۆیی گەواهی ئەو راستییەن، ئەمەش گوزارشت بووە لە ئەقڵیەتی ئەو سەردەمەی كورد کە بەداخەوە تائێستاش درێژەی ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا رێككەوتننامەی سیڤەر تەنها رێككەوتننامەیەكە کەبەڕوونی باس لە دروستكردنی كیانێكی سەربەخۆ بۆ كورد دەكات".

هەر وەک باسمان کرد لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ. رێككەوتننامەی سیڤەر زۆر بەڕوونی باسی لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی كردووە، دەبوو سیاستمەدارانی کوردی ئەوکات  سارد نەبونایەتەوە لەگەڵ ئەو پاڵپشتیە نێودەوڵەتیە بۆ مافەكانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بونایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندە یاساییانەی کەلە پەیماننامەکەدا ھاتووە.چونکە لە ساڵێ ١٩٢٠ ەوە بۆ ١٩٢٣ کاتێکی زۆر گونجاوبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی کە پەیوەندیداربووە بە دۆزی کوردەوە.

بەڵام تا رۆژگاری ئەمڕۆش نهێنی جێبەجێ‌ نەكردنی ئەو مادانە جێی پرسیارن.!؟ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر تا رۆژگاری ئەمرۆش بووە خەونی كورد و بەدی نەهات، بەڵام بێگومان ئەگەر ئەو كات ئەو پەیمانە و بەندەكانی بۆ كورد بچوایەتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، ئێستا واقیعی  ناوچەکە و كوردو كوردستان بە تایبەتی شتێكی تر دەبوو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی