بانگه‌شه‌كه‌ی مالكی ته‌ڵه‌یه‌ بۆ كورد

10/08/2022

عیماد عه‌لی

هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ دیاره‌ كه‌بانگه‌شه‌كه‌ی مالكی بۆ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراق  له‌ سلێمانی نیاز و مه‌رامی باشی له‌ دواوه‌ نیه‌ و ئامانج گه‌لێكی له‌ پشته‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ قازانجێكی بۆ كورد و ره‌وتی سیاسی كوردستان و په‌یوه‌ندیی لایه‌نه‌كانی تێدا نیه‌ . بۆیه‌ ده‌كرێت له‌م جوڵه‌ و هه‌ڵوێسته‌ی مالكیدا هه‌ست به‌م مه‌رامانه‌ی بكرێت:
*ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆبونه‌وه‌ له‌م كاته‌دا له‌ شارێكی وه‌كو سلێمانی بكرێت كه‌ واتای خۆی ده‌گه‌یه‌نێت، مه‌رامی مالكی  یان سه‌رچاوه‌ی بیرۆكه‌كه‌ روونه‌ ، له‌ كاتێكدا یه‌كێتی و پارتی له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می نزیكبونه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگین له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان و به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌ ئابووریه‌كان و هه‌لًَبژاردنی سه‌رۆك كۆمار،  به‌ دیاریكردنی سلێمانی نه‌ك هه‌ولێر له‌ روانگه‌یه‌كی حزبی ته‌سكی لایه‌نی عیراقیه‌وه‌یه‌، درزه‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی و پارتی گه‌وره‌تر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش قورٍی بارودۆخه‌ ناله‌باره‌ نێوخۆییه‌كه‌ی هه‌رێم خه‌ستر ده‌كات.
* درزی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ره‌وتی صه‌در و یه‌كێتی و ته‌نانه‌ت صه‌در له‌گه‌ڵ هه‌رێم و كوردیش به‌ گشتی فراوانتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ كه‌سێك نیه‌، به‌تایبه‌تی كورد.
* ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ ته‌نها بۆ ده‌ربازبونی مالكی و سه‌ركه‌وتنی بلۆكی ئێرانیه‌ له‌ عیراق  و خۆرزگاركردنه‌ له‌و چه‌قبه‌ستنه‌ سیاسیه‌ی كه‌ خۆی و  چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تێی كه‌وتوون، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندی كورد و  ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی داشی ململانێی مالكی له‌گه‌ڵ سه‌دردا سوار بێت  و وه‌كو خۆی و ئێرانیش جوڵه‌یه‌كی سیاسی بكه‌ن و له‌وانه‌یه‌ له‌ چه‌قبه‌ستوویی وه‌زعه‌كه‌ی رزگاریان بێت و زیاتر كورد  له‌ كێشه‌كانی به‌غدا  بگلێنن .
ئه‌گه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ بنه‌رٍه‌تدا له‌ تارانه‌وه‌ ده‌رچوبێت، ئه‌وا ده‌توانێت به‌ ئاسانی فشار له‌سه‌ر یه‌كێتی بكات بۆ قبوڵكردنی و یه‌كێتی ئیحراج ده‌كات, به‌ڵام له‌ رێگه‌ی مالكیه‌وه‌ ده‌ربچێت ئه‌وگومانه‌ دوور ده‌خاته‌وه‌ و پێشنیاره‌كه‌ به‌ نێوخۆییانه‌ حساب ده‌كرێت.  بۆیه‌ بۆ كورد خۆی زۆر باشتره‌ بۆ یه‌كجاریش بووه‌ بیری ستراتیجی خۆی بكاته‌وه‌ و خۆی له‌قه‌ره‌ی كێشه‌ ئاڵۆزبووه‌كانی به‌غدا نه‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ هه‌رچۆنێك بێت كورد به‌ سه‌ركه‌وتوویی لێی ده‌رچێت و پێگه‌ی خۆی قورستر بكات و بتوانێت قسه‌ی خۆی هه‌بێت. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی