عەقلی کورد پێویسی بە نۆژەنکردنەوەیە!!

13/08/2022

محمد خۆشناو

 کلتوری نوژەنکردنەوە«الصيانة» یا چاکردنەوە لەکن کورد و لە کوردستان زۆر سست و لاوازە و ڕەگداکوتاو نیە لەناو دابونەریتمان ، جۆرەها نۆژەنکردنەوە هەیە ، نوژەنکردنەوە لە بواری بیناسازی و دەزگا بەکارهاتووەکان ، نۆژەنکردنەوەی بواری بایەلۆژی و نۆژەنکردنەوەی عەقل کە کورد لەهەموو کات زیاتر پێویستی پێیەتی و یەکێکە لە هۆکارەکانی شکست و دواکەوتوویی ئەم گەلە. نوژەنکردنەوە واتە پێدانی تەمەنێکی نوێ بە ژیانی خۆت و هەموو دەزگا و دامەزراوەکان و پاریزگاریکردن لێی ، خەڵکی کوردستان لەسەر کلتووری نۆژەنکردنەوە ڕانەهاتوون : یەکەم : نۆژەنکردنەوەی بواری بیناسازی ، تاکی ئێمە بیست ساڵ زیاتر لەناو خانوەکەی خۆیەتی هیچ گۆڕانکاریەکی لێناکات و نۆژەنی ناکاتەوە هەتا دەڕزێت ، بۆ ئامراز و دەزگاکانی کەلوپەلی ماڵیش بە هەمان شێوە و لەهەموو شتێک ئیهمالە ، عەقلیەتێکی فێرخوازی نیە کە هەست بەوە بکات ئاو بەفیڕۆ نەدات و ، زۆر بەکاربەرە بەتایبەتی لەخۆراک و فڕەدانی و ، یەکێک لە ڕێساکانی ژیانمان بریتیە لە : «فەرهەنگی بەکاربەر-ثقافة الاستهلاك» ئەو فەرهەنگە وایلێکردوین هەموومان بەتەواوی شتەکان پشتگوێ بخەین .…دەسەڵاتیش بەهەمان شێوە باڵەخانە و ڕێگاوبان و زێراب و بۆڕی ئاو و پاڕک و باخچە و جوانی ناو شار…هتد تا تێکنەچێت بەلایدا ناچێت و چاکی ناکاتەوە و دەزگاکانی سیانە ناکات. بەکورتی کلتووری نۆژەنکردنەوە لە دەرەوەی موفرەداتی فەرهەنگی ڕۆژانەمانە و زۆر بە تووندی کاری نۆژەنکردنەوە فرامۆش دەکەین و ، دەیان ساڵ دەڕوات بێ ئەوەی گۆڕانکاریەک ڕووبدات و ، بێئەوەی ئاگامان لەخۆ بێت نوێ دەگۆڕێت بۆ کۆن و توانای ئەوەی نابێت هەروەکو خۆی بمێنێتەوە . دووەم : نۆژەنکردنەوەی بایەلۆژی یان کێشە و نەخۆشیەکانی کۆئەندامەکانی جەستەمان ، زۆربەی تاکی ئێمە کاری پشکنینی گشتی تەندروستی ساڵانە ناکات بۆ دڵنیا بوون لە سەلامەتی جەستەی و ، تا کەریگەریەکی خەراپی لێنەکات سەردانی پزیشک ناکات ، دەتوانم بڵێم کە کورد لە پێشەنگترین گەلە لە فرامۆشکردنی تەندروستی ، هەر بۆیەش لە پێشەوەی گەلانی جیهانین لە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێن و دڵ و گوێ نادەینە هیچ ، ئەوە حاڵی ئێمەیە فرامۆشی هەر شتێک دەکەین کە پێویستی بە جۆرێک لە جۆرەکانی نۆژەنکردنەوە بێت ، ئێمە وای دەبینین کە مادام کۆئەندامەکان کار دەکەن و کاران و لە ڕواڵەتدا هیچ خەوشێکی نیە و وا بەڕێوەدەڕوات و ئاستەنگی وا نایەتە پێش ، ئەوە ئێمە زۆر باشین تا کاتێکی نادیار ئەوسا دەبینین لەهیکران کارەکە پێچەوانە دەبیتەوە! ئەوە بەسەر خۆم هاتووە لە بواری تەندروستیدا و ئەو فرامۆشیە زەرەری پێگەیاندم . سێیەم : نۆژەنکردنەوەی عەقل و هزر و بەهاو پڕنسیپ و هەستەکان و ئینسیانیەتەکانمان ، عەقلی ئێمە لەگەڵ گۆڕانی سەردەم خۆی نوێناکاتەوە ، نۆژەنکردنەوەی عەقل واتە مەشقپێکردنێکی گرنگی مێشک لەسەر نوێکردنەوە و رێکخستن و مەشقپێکردن ، بەهەمان عەقلی کۆن بڕیار دەدات و ئایندە دیاری دەکات و ، بەمەش شکست دەدورێتەوە ، عەقلی ئێمە عەقلێکی چەقبەستووە پێویستە خۆی نوێ بکاتەوە و لەو چەقبەستوویەی دەربێت و لەگەڵ سەردەمدا بڕوات ، نوێبوونەوە مانای ئەوە نیە لە سفرەوە دەستپێبکەین ، نوێبوونەوە بریتیە لە خاوێنکردنەوەی عەقل لە خڵتوخۆڵی شیکردنەوەی هەڵە و دانانی لە چوارچیوەیەکی سەردەمیان کە ڕێگە بە ئێمە بدات و ، بڵێین تێگەیشتنی عەقل-مان نوێکردەوە…. هەروەها نۆژەنکردنەوەی عەقل واتە ڕێگە نەدەین عەقل و هزری کۆمەڵگەکەمان بکەوێتە کاریگەری کۆمەڵەکەسێکی دواکەتوو لەڕووی عەقلیەوە بە هێمنانە کۆنتڕۆلی کۆمەڵگە بکات بە پلەیەک زهنیەتی کۆمەڵگا بکاتە زهنیەتێکی توونڕۆ کە جیاوازی ڕاستەقینە قبوڵ نەکات و پاساو بۆ قبوڵکردنی کەلەگایی و گێچەڵ و ڕەگەزپەرستی بێنێت . سوودەکانی نۆژەنکردنەوە زۆرن ، پارێزگاری و تەمەنێکی زۆرتر بۆ بواری بیناسازی و بایەلۆژی و عەقل دەکات و ، دەبێتە مایەی دۆزینەوەی هەر خەلەلێک کە پێش ئەوەی کێشەکە گەورە بێت و چاککردنی قورس بێت ، ڕێگە دەگرێت لە بەفیڕۆدانی پارەی زۆر و کاتی زۆر کەمدەکاتەوە ، پاریزگاری لە هەر دەزگایەک دەکات بەر لەوەی لەکاتێکی ناخۆشدا بوەستێت و ، بەدوورگرتنی ڕاوەستانی لەهیکڕای هەر هەر ئامرازێک لە کاردا و لەئەستۆگرتنی خەرجی مادی فەوری بۆ کڕینی…هتد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی