زیاتر لەوەی خۆپیشاندانبێ شۆڕشە، چونکە گشتگیرە لەمسەر بۆ ئەوسەری وڵات.
ئامانجێکی ڕوون هەیە و هەمووان لەسەری کۆکن. ژینای کچە کورد ڕەمزی ئەو بە یەکۆ بەستنەیە.
کورد و تورک و فارس لەسەر شەقامەکان یەک هاوار دەکەن. دەوڵەتیش بەوپەڕی دڵڕەقییەوە بەرپەرچی هەموویان دەداتەوە.
گەنجەکان لەبری هەڵاتن لە هێزە سەرکوتکارەکانی دەوڵەت، دەچنەوە بەگژیاناو تێیان هەڵدەدەن.
ژنانیش بێ ترس لەچک فڕێ ئەدەن و هاواری لابردنی حیجابی ئیجباریی دەکەن.
ئەگەر میدیایش نەبێ، مۆبایلی دەستی گەنجان وێنەیەکی بێ دەسکاریکراوی ئەو شۆڕشە دەگوازنەوە.
بێجگە لە ئێرانییەکان؛ لە کەنەداوە تا سعوودیە خەڵکی دەرەوەی ئێرانیش ژینایان پێ ڕەمزە و پشتگیری ئێرانییە ناڕازییەکان دەکەن. ئەم پشتگیرییە خۆراکە بۆ شۆڕشی ناوەوە.
ئەمانە نیشانەکانی شۆڕشن لە وڵاتێکا، خۆپیشاندان نین وەک لە 10 ساڵی ڕابردووا هەبوون.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا وەک خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی پێشوو دادەمرکێنرێتەوە؟
پێناچێ ئەمجارە دامرکاندنەوەی ئاسانبێ. گرانیی و برسێتی و سانسۆری دەوڵەتیی لەئاردایە. نیزامەکەیش پیربووە و دەرفەتی خۆنوێکردنەوەی زۆر کەم بووەتەوە چونکە زۆرینەیەکی زۆری دانیشتووانی ئێران گەنجن. ئەو گەنجەیش ناتوانێ ئەفسانە و چیرۆکی ڕابردوو قەناعەتی پێ بکات.
کورد ئەمجارە لە پەراوێزا نییە وەک لە روخانی " شـــا" دا لە پەراوێزابوو. کوردستان لە دواهەمین ناوچەکانی ئێران بوو کە تێکەڵی شۆڕشەکەبوون و توانیان سوود لە نەمانی دامەزاروەکانی دەوڵەت وەربگرن. بەڵام ئەمجارە پێشەنگی تەقینەوەی رقە پەنگحواردووەکەی هەموو خەڵکی ئێران بوون و تائێستا پێنج شەهید و دەیان برینداریان داوە. بۆ کورد ئەم خاڵە گرنگە.
کاوە_شێخ_عەبدوڵڵا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی