‎پرۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی لێكترازانی زیاتر یاخود پاراستنی خێزان دێنێتەدی؟؟

22/09/2022

‎چۆمان محمد

‎بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی پرۆژە یاساكە گرنگترین خاڵە بنەڕەتیەكان كە لای بەندە جێی رەخنەی یاسایی وخێزانی وكۆمەلایەتییەو لەڕوی رەچاوكردنی دابونەریتی كوردەواری وبنەما یاسایەكانەوە،ئەم خاڵانەن:
‎یەكەم/لەپرۆژە یاساكەدا پێشنیاری گۆڕینی ناوی یاساكە كراوەبۆ(یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت وخێزان)زیادكردنی وشەی (ئافرەت)بۆ تەنیشتی خێزان،لەگەڵ ئامانجی یاساكەدا ناگونجێت كە پاراستنی خێزان وهاوسەران ومناڵ بوە لە توندتیژی،چونکە ئەمە جیاكاریەكی ڕەگەزیە لەنێوان توندوتیژی دژ بە ئافرەت و پیاو،لەكاتێكدا توندوتیژی وەك كردارێكی تاوانكاری یاسا جیاكاری تیاناكات،چونکە توندوتیژی لەچوارچێوەی خێزاندا هەر بەرامبەر ئافرەت ناكرێت،ئەدی چی لەو پێشلكاری وتوندوتیژیانە بكەین بەرامبەر پیاو دەكرێت..
‎دووەم/لەدیاریكردنی شێوازەكانی توندوتیژی وئەوكردارانەی كە تاوانی توندوتیژی دادەنرێت،پرۆژەكە ۱۹ شێوازی دیاریكردوە،كە ئەم بڕگانە بەشی زۆر لەیاسایی سزادان هەیە ودوبارەن،هەندێك بڕگەیان بەرتەسكردنەوەی مافی چاودێری دایك وباوكە بۆ منداڵەكانیان،چەند بڕگەیەكی تریان یەكناگێتەوە لەگەڵ ئەو نهێنی بون وتایبەتمەندیەی لەنێوان ژن وپیاودا هەیە،بۆیە دەبێت كرداری تاوانكاری ڕون وئاشكرا بن وڕاڤەو لێكدانەوە هەڵنەگرێت،پێویستە بزانرێت چیی كردارێك دەخزینرێتە رێزی تاوانی خیزانی ئەم بابەتە هەرئاوا بەگۆترەكاری وفشاری تێروانینی ڕێكخراوەكانی ژنان نابێت..
‎سێیەم/بڕگەیەكی مەترسیدار لەم پرۆژە یاسایەدا بریتیەلەوەی تاوانی توندوتیژی وا وێناكردوە هەواڵدەر دەتوانێت هەواڵ بدات بەلایەنی پۆلیس ودادگای لیكۆڵینەوە بەوەی لە خێزانێك توندوتیژی هەیە،لێرە ئەم پێشنیارە زۆر بێ مانایە لەگەڵ بەشی زۆری ئەو تاوانانەی كە توندوتیژی خێزانین چونکە سروشتی تاوانەكان تایبەت ولەچوارچیوەی نهێنی وشكۆی خێزاندایە،وە جۆرێك لە فەوزاو دەروازە دەكاتەوە بۆ ئەوەی بەئاسانی خەڵك لە ناو خێزاندا توشی كێشە بكەن،لەڕوی یاسایشەوە ئەم جۆرە تاوانانە زیاتر تاوانی تایبەتن پیویستی بە سكاڵای خودی كەسەكە هەیە بۆیە هەواڵدەری نهێنی بە رەهاییی و بۆ هەموو تاوانێكی توندوتیژی خێزانی زیانی زیاترە وناگونجێت لەگەل رۆحی یاساكەدا..

‎چوارەم/لەبڕگەيەكی هەموارەكەدا پیشنیاری ئەوە كراوە بیبەشكردنی ئافرەت لەماف و ئازادی سیاسی وئابوریەكان بە هۆی جیاوازی رەگەزی بەتاوان دابنرێت،ئەم بڕگەیەش هەر لەبنەماوە پەیوەندی بە یاسای توندوتیژی خێزانیەوە نیە،چونکە بێبەشكردن لە كۆی ماف ئازادیەكان تاوانە،یشنیاری بڕگەكەش زیاتر خۆی دەبینیتەوە لە پێدانی دەسەڵات بە ژنان نەک پاراستنی مافی ئافرەت وفرسەت پیدانیان بۆ مومارەسەی ماف وئازادیان..
‎پێنجەم/لەمادەیەكی یاساكەدا باسی فەرمانی(دورخستنەوە)لەماڵی هاوسەرێتی دەكات ئەوەی كاری توندوتیژی خێزانی ئەنجام دەدات وناتوانێت پەیوەندی بە ماڵ ومنداڵی بکات،دانانی ئەم مادەیە جیاوازە لە فەرمانی پاراستن،كیشەی خێزان تەواو ئالۆزتر دەكات،سەرباری ئەوەش رق وكینە زیاتر دەكات لەسەر حسابی پچرانی سیلەی رەحم،وە كاریگەری لەسەر بژێوی كۆیی خێزانەكەدەبێت لەمالی هاوسەرێتی،كەسێك لەماڵ دەربكرێت وبۆی نەبێ پەیوەندیبکات بە خێزانی،ئەمەش دژی نەریتی كۆمەڵگا بوە چونکە لەزۆر باردا پەیوەندیكردن هۆكار بوە بۆ گفتوگۆو گەورەنەبونی كیشەكان..
‎ پەرلەمانی كوردستان زۆر گرنگە چاوی لەسەر پاراستن ومانەوەی چوارچێوەی خێزان بێت بەپێی نەريتی جوانی كوردەواری وبنەمایاسای وشەرعيەكان،نابێت لەژێر هیچ پاساووفشارێكی رێكخراوەیی دەست ببات بۆ كۆمەڵێك پرس ئەوەندەی تر شیرازەی خێزان تێك بدات، هەرگیز ناكرێت لەژێر چەتری یاسای خێزانیدا بڕگەو مادەگەلێك دابنرێت پەیوەست بێ بە پرسی جێندەری وناهاوسەنگی رەگەزی،ئەو ناكۆكیەی لەنێو پەرلەمان هەیە بۆ ئەم یاساخەریكە سەردەكێشێت بۆ دابەشبونی كۆمەڵگاش،بۆیە وایدەبین ئەم كاتە بۆ دەرچواندنی ئەم هەموارە گونجاونیە
‎چۆمان محمد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی