لەڕوی پرەنسیبەوە ڕیفراندۆم ئامرازێکی دیموکراتیو خەباتێکی مەدەنییە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سیاسیو پرسی گشتی کۆمەڵگە لەوڵاتە دیموکراتییەکان بەکاردێت، مافی چارەنوس بەتایبەتی بەناونیشانی یەکێتیانە (مافی چارەی خۆنوسین) پرەنسیپێکی سەرەکی خەباتی نەتەوەییو نیشتیمانییە. یەکێتی یەکەمین ھێزی سیاسی کوردستانە کە ئەم ستراتیجەی ھێنایە ئاراوە.
مافی چارەنوس بەگوێرەی ھەلومەرجی سیاسی گەشەی خەباتو مەسەلەی کورد کاری لەسەردەکرێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا یەکێتی پرەنسیپی فیدراڵی بۆ قۆناغی دوای ڕاپەڕین 1991 ھەڵگرت، ساڵی 1992 پەرلەمان کردیە بەرنامەی خۆییو لەساڵی 2005 لەدەستوری ھەمیشەیی عێراق جێگیرکرا.
ڕیفراندۆمی ساڵی 2017 خۆی لەخۆیدا پیادەکردنی مافێکی دیموکراتی گەلەکەمان بوو، زۆربەی ھێزەکانی کوردستانو لەوانەش یەکێتیی دەنگیان بۆ دا، چونکە مافێکی ڕەوایە بەڵام ھێشتاش ئەو مافو ئەو پرۆسەیە گەڵاڵەی ئیجماعی نیشتیمانیی زیاتری پێویست بوو، ھێشتا دەرفەتی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق مابوو، سەرەڕای ئەوەی بەغدا گوشاری ناڕەوای سیاسیو ئابوری دەخستەسەر ھەرێمی کوردستانو بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ کێشەکانی کوردستان نەکرد.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو دۆستانی کورد لەڕۆژئاواو وڵاتانی تریش، ویستیان ناوبژیوانی ئیجابی بنو دانوستانی کوردستانو بەغدا ببەن بەڕێوە، گوشاریان خستەسەر بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکانی کورد چارەسەربکاتو داواشیان لەلایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکرد زیاتر لەڕێی دانوستانەوە چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا بکات.
لەو ھەلومەرجەدا ڕیفراندۆم کراو بێگومان خەڵک وەک ھەمیشە دەنگی بەویستی نەتەوەیی خۆیدا کە سەربەخۆییو بڕیاری چارەنوسە، چونکە ھیچ کەسێکی کوردو نیشتیمانپەروەر نییە دەنگی بەڵێ بۆ ویستی نەتەوەیی نەدات.
بەداخەوە لەسەرەتاوە بەشێوەیەکی باش ئیدارەی ھەلومەرجی دوای ڕیفراندۆمیش نەدرا ، چونکە لەدوای ڕیفراندۆم گوشارەکانی سەر کوردستان لەڕوی سیاسیو سەربازییەوە زیاتر کراو ئەمانەش پێویستی بەیەکڕیزیی زیاترو تەعبیری ھاوبەشو گرتنەبەری ڕێگەی سیاسەتو ساڕێژکردنی برینەکانی دوای سەرنەکەوتنی ڕیفراندۆم ھەبوو.
بەداخەوە لەجێی دەستگرتن بەئەڵقەی یەکڕیزییو دورکەوتنەوە لەناکۆکیو ناخۆشیو ویستی نەتەوەیی، ڕیفراندۆم کە بۆ ئامانجی نەتەوەییو نیشتیمانییە، سەری کێشا بۆ ھەلومەرجی ناکۆکیو درزتێکەوتنی ڕیزەکانی نەتەوەوە.
دەکرێت بڵێین ڕیفراندۆم ئەزمونێک بوو لەپیادەکردنی ویستێکی ڕەواو دیموکراتیەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەڵام ئاکامەکەی پاشەکشێو گەمارۆدانی سیاسی کوردستان بوو، ھێشتاش گەلەکەمانو بزوتنەوە سیاسییەکەیو ئەزمونی حوکمڕانییەکەی بەشی زۆری وزەی سەربەرزکردنەوەی پێماوەو دەتوانێت بەورەیەکی تازەوە ڕوو لەھەڵسانەوەو دورکەوتنەوە لەناکۆکیو پاشەکشێو پەرتبون بکات.
ویستی یەکێتی ڕیزەکانی گەلو سەرخستنی ئەزمونەکەمان شایەنی قوربانیدانی زیاترو خۆڕێکخستنەوەو گورجوگۆڵکرنەوەی نەتەوەییو سیاسی کوردستان ھەیەو گەلەکەشمان دوای ئەو ھەموو ویستو قوربانیدانە بەوێستگەی ڕیفراندۆمیشەوە شایەنی ژیانێکی باشترو ئابڕومەندانەترە.
ھێشتا زوە دوا ھەڵسەنگاندن بۆ ئەزمونی ڕیفراندۆم بکرێت، ھێشتا زوە مێژوو دوا قسەی خۆی لەبارەوە بکات، ھەڵسەنگاندنی ئێستامان دەبێت بەقازانجی یەکڕیزییو پێکەوەییو ڕوکردنە ئاسۆی دواڕۆژ بێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی