چۆن هاوکاری ئەم شۆڕشە بکەین

30/09/2022

ئەژین عەبدولخالق


ئەوەی دەیبینین هاوڵاتی ئاسایی و چەوساوە دەستپێکی شۆڕشەکەن، ئەوانەشی کە پشتگیری شۆڕشەکەن بە تایبەت لە باشوور تەنیا چینی ئاسایی خەڵکن کە دژی زوڵم و زۆرداری و سانسۆرن.
لێردا پرسیارێ دێتە پێش ئەم دەنگە دەنگ و حەماسە چۆن بکرێ بە ڕاپەڕین؟ چۆن سەرکەوێ؟
من لێکۆلەرەوەی شۆڕش و ڕاپەڕین نیم، بەڵام ئەوەی درکم پێکردووە شۆڕش و خۆپیشاندانە یەک لە دوای یەککەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ روبریک و جیاوازیێکی سەردەمییانەی نییە بۆ ئەوەی سەرکەوێ.
ئەگەر شۆڕشی فەرەنسی بە هەموو ئایدیاو جووڵەو مەرج و ئەرک و هۆکارەکانی لە ئێران بەردەوام بێ، لەوەیە سەرنەگرێ؟ چۆنکە زەمەن و کات و جۆری ژیانی خەڵک تەواو گۆراوەو جیاوازە.
ئایا خەڵکی سەرشەقام دەتوانێ هێزێکی دیکتاتۆری بروخێنێ کە خاوەنی چەکی قوورسە؟
گەرسەیری ڕابردووی ئەو نەتەوانە بکەین کە ڕاپەڕینیان کردووە دژی دەسەڵاتی دکتاتۆری  لەم ناوە، چۆن و بە چ جۆرێ سەرکەوتوون.
دەبینین جۆری ڕاپەڕینەکان جیاوازی هەبووە
1هێزێکی ناوەکی بێ یەک و دوو بە سەرکردایەتی چەند ناوێکەوە بۆتنە قارەمان و بەدیلی هێزە دیکتاتۆرییەکەیان کردووە.
2ڕاپەڕین لەخەڵکەوە دەستیپێکردووە، بەڵام خەڵک تەنیا ناڕەزایی و بەرد و حەماسەت چەکی بووە، ئەوەی بەرانبەر ئەم هێزە دیکتاتۆرە پڕ چەکە وەستاوەتەوە، وڵاتی بەهێزتربووین لەڕووی چەکەوە.
3ڕاگەیاندنە جیهانییەکان لە پشت خەڵکی سڤیل بووین
لەوەیە دەیان خاڵیتر هۆکاربووبن، بەڵام ئەوەی لەم خۆپیشاندانانە دەکرێ تەنیا خاڵی سێهەمی تێدا، تەنیا ڕاگەیاندنە جیهانییەکانن کە خۆپیشاندانەکانیان بە جیهانی کردووەو، خەڵک دێنن شیکردنەوەی لەسەر بدات.
ئەوەی لەم ڕاپەرینەی ئێران دەیبینین، بەداخەوە نەهیچ هێزێک یارمەتیدەرەو نە هیچ گروپ و کەسێک، بگرە خەڵکی باشوور هەندێکی دەیەوێ شۆڕشێکی وا مەزن کورتکاتەوە لە پارچەێک پەڕۆ کە ژن بەسەری خۆی دادەت.
ئەوەی تەواو ئەکتوێلەو  بەزوترین کات دەبێ بکرێ
بەکارهێنانی هێزی سەردەمیانە،  هەموو ئەو کوردانەی شارەزای بواری ڤێب و ئەلکترۆنیات و ئینتەرنێتن چەکی شۆڕش بە دەستی ئێوەیە.
خەڵکێکی زۆر لە ئێران نەک شارەزایی کۆمپیتەرییان لە ئاستێکی تەواو ئەکادیمییە، بگرە بە نیو کاتژمێر دەتوانن چەندین ئامێر و دەزگای دەوڵەت لە کاربخەن، لە ئێستادا گرنگترین شتێ بکرێ لە کارخستنی دیوە ئەلکترۆنییەکەی دەوڵەتە. چونکە دەوڵەت و دیکتاتۆری ئەم سەردەمە تەنیا چەک و هێزی سەربازی نییە، بەڵکو گەورەترین زەرەر لە هەر جەنگ و شۆڕشێکی ئەم سەردەمە لە ڕووە ئەلکترۆنییەکەوە دەستپێدەکات.
هاککردنی بانکێکی دەوڵەت، زۆر گرنگترە لە سووتاندنی دەیان دەبابەو چەک
کۆنترۆلکردن و لەکارخستنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ڕژێمی ئێران گرنگترە لە سوتاندنی چەند تەیارەێک.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی