نە شۆڕش کۆتایی دێ‌و نە بۆردومانەکان

01/10/2022

سۆزان حەمەتاتە

ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردی بەرامبەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێن، جگەلەوەی لەدەرەوەی یاساو ڕێسا مرۆیی‌و سیاسییەکانە لەهەمانکاتدا پێویستە ئەوەش لامان ڕون بێت کەوا ئەو جۆرە هێرشانە کۆتایی نایەت، هەروەها بزوتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمانشێوە کۆتایی نایەت.

جەستەی سیاسیی ئێران شەقار شەقار بوە، کاتێک سیستمێک توشی نامۆیی بەکۆمەڵگە دەبێتەوە، ئیتر سەرەتاکانی مەرگی دەردەکەون، بەڵام ڕەنگە دەیان هۆکاریش هەبن بۆ ئەوەی مەرگەکە لەسەرخۆبێت‌و چەند دەیەیەکی بوێت. ئێستا دەبینین تەمەنی ئێران ئەو قۆناغانەی تێپەڕاندوە، ناڕەزایەتییەکان گەیشتونەتە لوتکە، بۆیە بارودۆخی سیاسیی ئێران چۆتە قۆناغێکی نوێی نەرێنییەوە، کۆمەڵگەی ناوخۆیی ئێرانی‌و لۆبی لەدەرەوەو زۆرینەی هێزا دیموکراتخوازەکان هاتونەتەسەر هیڵ بۆ ئەوەی ئێران واز لەو جۆرە سیاسەتکردنەی بهێنێت‌و ڕێز بۆ ئازادییەکان بگەڕێنێتەوە.

خۆپیشاندانەکانی ئێران هەر بەتەنها کورد تیایدا بەشدارنییە، بەڵکو زۆرینەی نەتەوەکانی دیکە تیایدا بەشدارن، ئەو کۆبونەوەیەی نەتەوەکانی ئێران لەدەوری یەکتر ئەگەر درێژەو بەردەوامی‌و ستراتیژی هەبێت، ئەوا گۆڕانکاریی لەسیاسەتی ئێران دەهێنێتە ئاراوە، ڕەنگە بتوانێت بەلایەنی کەمەوە مەودای ئازادییەکان فراوانتر بکات‌و ئەوەش بۆ قۆناغێک دەستکەوتە.

بەیاننامەکەی سوپای پاسداران دوای بۆردومانی بارەگاکانی کۆمەڵەو دیموکرات‌و پارتی ئازادیی کوردستان زۆر توندبوو، لەهەموی توندتر باسی لە"بەردەوامی" کردوە ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگەی کرداری نەگرێتەبەر بۆ ڕێگرتن لەچالاکیی ئەو حزبانە.
 
لێرەدا دوو سیناریۆ هەیە:
یەکەمیان: حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واز لەچالاکییە نهێنی‌و ئاشکراکانیان بهێنن‌و بەبێدەنگی دابنیشن‌و چاوەڕێی قەدەربکەن، بێگومان ئەوەش یەکسانە بەئاشبەتاڵ‌و کۆتاییەکی تاڵ‌و ئەوەش ئەگەری ڕودانی کەمە؛ کەواتە شۆڕش بەردەوامدەبێت.

دووەم: بەردەوامیی تۆپبارانەکان‌و هەر چالاکییەکی دیکەی سەربازیی ناتوانن بگەنە ئەو ئاستەی کۆتایی بەکوردو شۆڕشەکەی بهێنن، بۆیە چەند بەردوامبێت‌و زیانی گیانی‌و مادی‌و مەعنەوی هەبێت، ئەوا ئاسۆی خەونەکان‌و خەبات بۆ ئازادیی فراوانتردەبن.

هەندێکجار بەردەوامیی، مرۆڤ یان هێزی سیاسی‌و دەوڵەت بەرەو کۆتایی‌و ڕوخان دەبات، بەڵام بەردەوامی بۆ کورد لەهەر شوێن‌و بەشێکی کوردستان بێت، چارەنوسەو ناکرێ دەستبەرداری بین، با نرخەکەی گرانیش بکەوێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی