کوژرانی (ژینا ئەمینی) لە16ى سیپتامبەری ئەم ساڵ لەلایەن پۆلیسی "ئەخلاق" لە تارانی پایتەختی ئێران، ڕاپەڕینێکی بێ وێنەی لێکەوتەوە، ڕاپەڕینێک کە لەوکاتەوەی شۆڕشی جەماوەری لەئێران دژ بەڕژێمی شا بەلاڕێدابرا لەلایەن ئیسلامی سیاسی بەپشتیوانی ڕاستەوخۆی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، شوباتی 1979 تا ئەمڕۆ وێنەی نەبووە.
تایبەتمەندی ڕاپەڕینەکەی ئێستا ئەوەیە کە دژی (سەرپۆشی) حیجابی زۆرەملێیە، ئەو حیجابەی کە هێمای کۆیلایەتیو بەکەمزانینی ژنانە، مەسەلەکە تەنها پارچە قوماشێک نییە کە سەرو ڕوو، یا جیلبابێک کە جەستە دادەپۆشێت! بەڵکو چەمکێکی سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابووری لەپشت ئەم هێما قێزەونەوە خۆی حەشارداوە، ئەویش داپۆشینی سەرو جەستەی نیوەی کۆمەڵگا بەعەبایەکەوە کە وابکات ئەو قوربانیە هەست بە"کەمتربوونو ناقس عەقڵیو نیو شاهیدو عەورەو ژێردەستەی پیاو"، بکاتو ناچاری بکا ڕازیبێ بکرێتە کێڵگەیەک بۆ بەتاڵکردنەوەی ئارەزوە سێکسیەکانی پیاو هەروەها کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی منداڵو هیچی تر نا! زۆر بەکورتی بڵێین خەفەکردنی نیوەی کۆمەڵگا!
ڕژێمی ئیسلامی ئێران هیچ کاتێک ڕووبەڕووی ئەم چەشنە خۆپیشاندانانەو بەم قەبارە بەربڵاوەو یەکگرتووییە نەبووەتەوە، خۆپیشاندەران لەهەموو چینو توێژی کۆمەڵگا سەر بەگرووپو پێکهاتەی ئابووری، کۆمەڵایەتیو نەتەوەیی جیاوازن، ئەوان شتێکی گەورەتریان لەچاکسازیی سیاسیو ئابووری دەوێت، ئەوان ئازادیو گۆڕانی ڕژێمیان دەوێت، بۆیە دەبینین، کە ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە هیچ بەشداریەکی پیاوانی ئایینی تێدا بەدیناکرێ، وەک ئەوەی لەڕاپەڕینەکانی پێشودا ڕوویاندا، تایبەتمەندییەکی ترو گرنگی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەیە کە سنوری نەتەوەو مەزهەبو ڕەگەزو هەموو ئەو ناسنامە ساختانەی تێپەڕاندوە کە مرۆڤەکان لێک جیادەکاتەوە، سەرەڕای هەوڵو تەقەلای بەشێک لەهێزە ناسیۆنالیستەکان بۆ لەقاڵبدانی، بەپێی دیدێکی ناسیۆنالیستی تەسکو کۆنەپەرستانە.
کاریگەری ئەم بزوتنەوەیە، بەوپێیەی ئامانجی ڕزگارکردنی ژنانە، تەنیا لەئێراندا قەتیس نامێنێتەوە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەدەست یاسای ئیلهامبەخشی شەریعەتی ئیسلامیەوە دەناڵێننو فراوانتریش دەبێت تائەو ئاستەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لەئاستی ناوچەکەو جیهانیشدا بگرێتەوە.
ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە جیاوازە لەوەی لەساڵی 2009دا ڕوویدا دژی ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکاندا، یا وەک ئەوەی دژی بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی ڕویدا لەساڵی 2019دا کاتێک سوپای پاسداران نزیکەی 1500 کەسی کوشت، ڕاپەڕینی ئەمجارە دژی سەرپۆشکردنی زۆرە ملێی ژنانە، ئەو سەرپۆشەی (حیجابەی) یەکێکە لەبناغە پتەوەکانی مانەوەو بەردەوامی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بۆیە دەستبردن بۆ توڕدانی ئەم حیجابە بەمانای دەستبردنە بۆ ڕێشەکێشکردنی ئەم ڕژێمە لەبناغەوە، هەر ئەوەشە وادەکات ڕژێم هەموو ڕێگاکان بگرێتەبەر بۆ سەرکوتکردنی.
کۆمەڵگا چینایەتیەکان لەمێژوودا، بەهەموو شێوەیەك كاریانكردووە بۆ ئەوەی ژن لەڕووی سیاسییەوە "نەفامو بێدەربەست"بێو ناڕێكخراوو بێ تواناو نوقمبوو لەنەزانین، دوور لەكاروباری سیاسیو ملكەچی دەسەڵاتی پیاوانە بهێڵێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە كە ڕوبەرێكی فراوان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نیوەی كۆمەڵگە لەلایەن نیوەكەی ترەوە دابیندەكرێتو ژنان ناچاری ملکەچبوون دەکا بەئەنجامدانی ڕۆڵی ئەوان لەماڵداریو بەخێوکردنی منداڵو هیچی تر!
هەموو سیستمە چینایەتیەکان ژن بەهێزێکی کاری یەدەگی هەرزان دەزانن، بەتایبەت سیستەمی سەرمایەداری، هەر کاتێک بیەوێتو پێویستی پێبێ دەیانخاتەسەرکار وەک لەجەنگە جیهانیەکاندا لەبری پیاوان کارگەکانی پێ دەچەرخاندنو هەرکاتیش بیەوێت لەکارەکە دووریاندەخاتەوەو ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکاتەوە وەک سوپایەکی یەدەگ بۆ کار، هەربۆیە لەناوچینی کرێکاردا چەوساوەترینو ستەملێکراوترین توێژاڵ ژنانی کرێکارن.
ئەم هاوکێشەیە، جگەلەوەی باسمان کرد، لەناو کۆمەڵگای ئێراندا، بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی دەڕەخسێنێت کە چینی دەسەڵاتدار لەپێناو دامەزراندن و پاراستنی پایەکانی دەسەڵاتی خۆی وبە کەڵک وەرگرتن لەو خزمەتگوزاریانەی مزگەوت و دامەزراوە ئایینییەکان پێشکەشی دەکەن، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەم پیلانە کۆنەپەرستانەیە، بە دڕندانەترین شێوە دژی ژنان، بەردەوام بەرە و پێش بەرێ، خۆ ئەگەر پێویستی کرد ئەوا بە زەبر وزۆریش دەیسەپێنێت، کەواتە مەسەلەی حیجاب بۆ ڕژێمە ئیسلامیەکان بەگشتی وڕژێمی ئێران بەتایبەتی بابەتێکی ژیان و مردنە!
پرسی قبوڵکردن و قەناعەت پێکردنی ژنان لە ئێران بۆ پۆشینی حیجاب هەر لە ڕۆژانی سەرەتای زاڵبوونی ئەم دەسەڵاتە ئیسلامیە، ڕەتکراوەتەوە، ئەوەتا دوای دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر کە 43 ساڵ تەمەنیەتی، دامەزراوەی ئایینەکانو پیاوەکانی، سەرەڕای هەمو هەوڵ وتەقەللایان، نەیانتوانیوە کۆمەڵگا بەگشتی و ژنان بەتایبەتی ڕازی و وادار بکەن کە حیجاب پۆشین، وەک ئەرکێکی ئایینی،دەبێ ڕێزی لێ بگیرێت و بە قەناعەتەوە لەبەر بکرێت!
لەکۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە یەکێک لە ئەگەرەکانی چارەنوسی ئەم ڕاپەڕینە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، دامرکان وخامۆشکردنیەتی، ئەویش بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکدەست وشۆڕشگێڕ کە سەربەخۆیی سیاسی و فیکریی جەماوەری شۆڕشگێڕ و کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی چەوساوە و گەنجانی بێکار دەستەبەر بکا و یەکخستنی خەباتیان لەسەر بنەمای دید و ئاسۆیەکی سۆسیالیستی کە گەرەنتی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی تەواو زامن بکا و بەم شێوەیە سەرکەوتن لەم شەڕەدا مسۆگەر بکا ، بەداخەوە لە ئێستادا ئەم ڕابەریەکەم ڕەنگە ئەمە لەلایەک، لە لە لایەکی ترەوە هێزەکانی دژە شۆڕش لەسەنگەردان و لەهەوڵدان بۆ خامۆشکردنی ئەم ڕاپەڕینە، جا ئەم هێزانە ناوخۆیی بن یان دەرەکی، وڵاتانی ئیمپریالیستی نایانەوێت ئەم ڕژێمە بڕوخێنن و ئەوەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە دەیڵێن جگە لە ئیدیعای بەتاڵ و درۆ و چەواشەکاری هیچی تر نییە، ئەوان لەگەڵ بزووتنەوەیەکدا نین کە ئامانجی لابردنی ئەم سیستەمە بێت لە ڕەگ و ڕیشەوەک چونکە تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ئەلتەرناتیڤێکی وا بخەنە مەیدانەوە جێگرەوەی ئەم ڕژێمە بێت و بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێت، ئەوان دەیانەوەی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ببێتە ڕژێمێکی (موتەعارەف) لەناوچەکادا ، بە شێوەیەک ڕەوشتی خۆی بگۆڕێ وەک هەموو ئەو ڕژێمانەی تر، سعودیە و پاکستان وەک نمونە.
بەڵام ئەم ڕژێمە درکی ئەوەی کردوە کە ئەگەر بەناچاری پەنا بۆ هەر ڕیفۆرمێک بەری لە پرسی حیجابدا، ئەوە بەمانای خۆکوژیە، بەمانای نەمانی ئەو ڕژێمە وەک ئەوەی ئێستا هەیە، بەمانای ئەوە ئیترجمهوری ئیسلامی نیە و شتێکی کەیە!
بەڵام، لەدواشیکردنەوەدا، وەلەگەڵ هەموو ئەو هەوڵ وکۆششانەی دەدرێن بۆ خامۆشکردنی، ئەم ڕاپەڕینە تەکانێکی گەورە وبەهێزیدا بە بزاڤی روخاندنی ئەم ڕژێمە و بەشێکی زۆری هاوکێشە سیاسیەکانی گۆڕی و هەنگاوی قورس و قایمی نا بەرەو روخاندنی ڕژێم لە ئێران، هەنگاوێک کەتەنیا لە سنورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە بەڵکو هەموو وڵاتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگرێتەوە . وانەکانی ئەم ڕاپەڕینە دەبنە سەرمەشقی خەباتی نەوەکانی ئێستا وداهاتو وە وبەکار دەهێنرێن لە خەباتی ئاییندەدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی