شەڕ لە دەریای ڕەش و دوکەڵەکەی لە کوردوستان و یۆنانە

21/11/2022

دانا حەمە عەزیز

 هەموو ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی خۆرئاوا، کۆکن لەسەر ئەوەی ئەردۆغان موحتاجی ئاژاوە و خوڵقاندنی شەڕە بۆ دەرباز بوون لە کەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا. بەدرێژایی ماوەی نزیکەی ٧٠ ساڵ لە ئەندامێتی لە ناتۆدا، تورکیا لە هیچ قۆناغێکدا وەك ئێستا سودمەند و جیگەی بایەخی ڕوسیا و ناتۆ نەبوە. شەڕی هاوخوێنە سلاڤیەکان لە کەنارەکانی ئەوبەری دەریای ڕەش کە یەك دەرچەی هەیە و کلیلەکەی لە ئەستەنبوڵە، دەرفەتێکی بۆ ئەردۆغان رەخساندوە، ڕەنگە نەهێڵێت بەبێ دەسکەوتی گەورە تێپەڕێت. ئەردۆغان وەك ناوبژیوانی شەڕی ئۆکرانیا و تاکە کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان ڕوسیا و ناتۆ دا، کەمترین سەرنج لەسەر خراپەکاریەکانێتی. کوردوستان وەك بێ پشتیوانترین شوێنی سەر زەوی، تاکە بەربەست کە بتوانێ لە پەلامار و چنگی خوێناوی تورکیا بیپارێزێت، ئەمریکایە، لە بێدەنگی ئەمریکادا، کورد سەلامەت نیە. لەخۆبایی بونی ئەردۆغان بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، گەیشتۆتە قۆناغێک کە دەست لە وڵاتانی ناتۆش ناپارێزێت. هەمان ئەو زمانی هەڕەشەیەی هەموو جارێ لە دژی کورد بەکاری دەهێنێت، ئەمجارە ڕێك لە دژی یۆنانیش بەکاری هێنا. لە پەراوێزی کۆبونەوەی سەرانی G20 کە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە بالی ئێندۆنیزیا ئەنجام درا، ئەردۆغان بە یۆنانیەکانی وت "تورکیا لەپڕ شەوێك دێت بۆتان، دراوسێ دەبێت ئاگای لە خۆی بێت، میژووتان بیر نەچێت"! هەندێك لە دورگەکانی یۆنان، تفەنگهاوێژێك لە تورکیاوە، دوورن، تورکیا دەتوانێت بەئاسانی داگیریان بکات. لەم کاتە ناسکەدا، ڕەنگە ئەمریکا و ناتۆ بۆ ماوەیەك کاردانەوەی توند و خێرایان نەبێت، ئەو ماوەیەش بەسە بۆ ئەوەی ئەردۆغان سۆزی ناوخۆی تورکیای پی ڕاکێشێ و لە کەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی شەش مانگی داهاتوو بیپارێزێت.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی