سبەی ڕۆژی تاقیکردنەوەی ئێرانگەرا* و ئێرانچییەکان*

23/11/2022

هەردی مەهدی میکە

سبەینێ پێنجشەممە (٣آذر١٤٠١) (٢٤/١١/٢٠٢٢) ڕۆژی تاقیکردنەوەیەکی دیکەی ئێرانییەکان و بەتایبەت نێوچە فارسنشینەکانە، ئەوان دەبێت زانیبێتیان دۆسێی مافی کورد و ڕەوایی و مەدەنیبوونی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چیتر نێوچەیی نییە و ڕای گشتیی کۆڵانەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەی دەکات و جیهانییتریش دەبێت و گەڕانەوەی نییە. ڕۆژهەڵات ئێستا نمونەیە بۆ پەرۆشی مافی مرۆڤ، بە گیان و خوێن و ماڵ فیداکاری ئەو ئامانجەن، پرسی کوردیش بەگشتی چیدی ئینکارکراو نییە و بە تۆپ و تانک و ئەمنیکردنیی خاکەکەی وەڵامگۆ نابێت و بێسوودە. سەدەی بەردەممان سەدەی کوردبوونە و سەندنی مافەکانییەتی، گەر خۆمان بمانەوێت، کاتییەتی. سبەی ئێرانییەکان دەتوانن بە پشتیوانیکردنی ڕۆژهەڵاتی خوێناوی، هەم کۆمەڵگەکەیان لەگەڵ دنیای مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئاشتبکەنەوە کە ٤٤ساڵە دیواری دابڕانەکەی بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە و هەم کۆماری ئیسلامیش زیاتر بخەنە گەمارۆی سزادان و قەزەمترکردنی لەڕووی سیاسییەوە. ناوەندی هاوکاریی حزبەکوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات بانگەوازی بۆ تەواوی ئێرانییەکان ڕاگەیاندووە تا سبەی پێنجشەممە، بایکۆت و خۆپیشاندانی سەرانسەریی و پشتیوانی لە کوردان و ڕەتکردنەوە و ڕسواکردنی ستەم و قەتڵوعامی خەڵکی مەدەنی و بێچەکی ڕاپەڕیووی کوردستان بکەن. لەوەی کە کوردستان بە ڕەهایی هەقییەتی خاوەن دەوڵەت بێت قسەی تێدانییە، بەڵام ستەمگەریی ئێرانی هەنووکە، تەنها بە کورد لەنێوناچێت، دەی هەموومان سبەی سەیری شەقامە غەیرە کوردەکانی ئێران دەکەین و بزانین چۆن دەیسەلمێنن دژی ئیستبدادن و ڕاستگۆن لەوەی ڕزگارییان بێت و هەمیش دەیانەوێت کورد لەگەڵیاندا بژی، گەرچی تاقیکردنەوەکانی پێشوو جگە لە بەلوچ و عەرەب لەم تاقیکردنەوە ئێرانییەدا دەرنەچوون، هیوادارین سبەی وەفریای خۆیان و ئەو ئێرانەش بکەون کە باوەڕیان پێیەتی. دەمێنێتەوە سەر کۆمەڵگەی باشور و هێزەکانی و تاک بەتاکی دانیشتووانی، ئێمە دەتوانین زیاتر لەمە بۆ ڕۆژهەڵات بکەین، ڕۆژهەڵات وەک کوردستان و وەک کۆمەڵگەیەکی مرۆیی پێویستی پێمانە و ئەرکمانە، دەتوانین سیحری ئەو نەرمەهێزە بین کە دۆخەکە لەبەرژەوەندیی پاراستنی ئایندەی هەرێم و دروستکردنی دیفاکتۆ و هەرێمێکی دیکە لە ڕۆژهەڵات وەپێش بخەین، دەتوانین تاک بەتاک ببینە لۆبی و پشتیوانی ڕۆژهەڵات بە پۆست و هاوارمان و هاوخەمیمان و خۆمان بەکەم نەزانین و خۆمان لە دەستەمۆیی زەینی کۆڵۆنیالیزم ڕزگاربکەین. حزبەکانمان دەتوانن پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی خۆیان و هەرێم بۆ پشتیوانی و گەیاندنی دەنگی ڕۆژهەڵات بە هاوپەیمانان و ڕۆژئاوا و گرووپەکانی فشاری نێودەوڵەتی بەکاربهێنن، حزبەکوردستانییەکانی باشوور و وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێم و بەغدا دەتوانن بە نزیکی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەرەبەکانی کەنداو و باشوری عێراق پێکەوە لە یارییەکی براوە و ئەقڵانیدا هەم دەنگی ڕۆژهەڵات بگەیەنن هەم عێراقیش بۆ هەمیشە لە هەژموونی زڕباوکەکەیان (ئێران) ڕزگار بکەن کە لە ئێمە زیاتر لە هەژموونی تاران بێزارن، بەمەش یارییەکی سیاسیی براوە -براوە لەبەرژەوەندیی دنیایەکی باشتری مرۆڤتەوەر و سەربەخۆ و پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە ئاراستە بکەن. ڕۆژهەڵات و بەرخودانی هەلە لەبەردەمماندا گەر لێی تێبگەین، گەر نا خوانەکردە بە بێباکی دەبێتە هەڕەشە و پێکەوە لەنێودەچین! ئەمە بکەین براوە-براوە و ئایندەیەکی باشترمان هەڵبژاردووە، گەرنا کەوتنی ڕۆژهەڵات، ئیتر کەوتنی خۆبەخۆی سیاسی و ئەخلاقی هەرێمیشی بەدوادا دێت، چونکە چیتر تورک و فارس ڕێگانادەن (بە بیرکردنەوەی خۆیان) هەڵەی وا دوبارەبکەنەوە و هەرێمێکی بەهێزی کوردستان لە هیچ کوێی دنیادا هەبێت. لە ئێمە وتن بوو… *ئێرانگەرا = ئەو فارس و تورکانەی باوەڕیان بە یەک میللەت و یەک نەتەوە هەیە لە ئێران.

*ئێرانچی= ئەو کوردانەن باوەڕیان بە ئێرانگەراکان و یەکمیللەتی ئێران و تواندنەوەی نەتەوەی کوردە لە نێو میللەتی سەردەستەی ئێراندا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی