مێژووی مەکتەبی عوسمانی لە سلێمانی

28/11/2022

هونەر تۆفیق

بەشی دووەم

زانستی مەکینە بە بوخار ئیش دەکات نەک بە بوخاری پرسی ڕیفۆرمی فێربوون و خوێندن لە سەڵتەنەتی عوسمانیدا زیاتر لەسەد ساڵ ناکۆکی لەنێوان بەرەی زۆرینەی کۆنەپارێز و کەمینەی نوێخوازدا خایاند . کاریگەری هەردوو گۆڕانکاری ئەڵمانەکانە ( شۆرشی ڕیفۆرمی لۆسەری )سەدەی شانزەهەم و شۆرشی فەرەنسی لەسەدەی هەژدەهەمدا بەسەر کۆی داهێنان و بیری زانستی مرۆڤایەتیەوە بەربڵاوبوو . کۆمەڵگەکانی دەوڵەتی عوسمانیش بەشێکی زۆری بەرهەمی ئەو داهێنانەیان بەرکەوتبوو . کەشی هەڵمی ( بوخار) ی پەیدابوو . عوسمانیەکان کەشتی مەکینە بوخاریان لە هێزی دەریاییدا بەکاردەهێنا . لەناو هەر کەشتیەکی بوخاریشدا مەلایەکیان دامەزراندبوو کتێبی صحیح البخاری تیادا بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی کەشتیەکە غەرق نەبێت . لەو سەردەمەدا باوبوو ، هەرکەسێک کتێبەکانی بوخاری دەرخ کردبا ، لەلایەن میریەوە موچەی بۆ دەبڕایەوە . چونکە ئەو کتێبەی بوخاری هەتا ئێستاش لەناو سونەکاندا لەپاش قورئان بە پیرۆزترین کتێب دادەنرێت . جەمیل صدقی زەهاوی لە ئەنجومەنی مەبعوساندا ڕەخنەی لەبەهەدەردانی سامانی گشتی گرتبوو ، وەک لایەنگرێکی نوێخوازی لە پەروەردە و فێرکردندا ئەو گوتە بەناوبانگەی بۆ کۆنەخوازەکان دەربڕیبوو کە : کەشتیە بوخاریەکان بە بوخار ئیش دەکەن نەک بە بوخاری . بۆچی ئەو بودجەیەی لە دەرخی بوخاریدا سەرفی دەکەن لە فێربوونی دروستکردنی مەکینەی بوخاردا سەرف نەکرێت ؟! لەکۆتایی سەدەی هەژدەهەمەوە بەپێ ی پێشکەوتن و داهێنانەکانی خۆرئاوا ، دەوڵەتی عوسمانی لەپاشەکشەدا بوو . لەزۆربەی جەنگەکانیدا دەدۆڕا و دەبوو بەژێر قەرزێکی زۆری ئەوروپیەکانەوە . خوێندن و فێربوون هەر بەو سیستەمە کۆنە بەڕێوە دەچوو کە لەخوارەوە تاوەکو کەسی شێخ ئیسلام ( موفتی خەلیفە ) نەخوێندەوار و غەرقی گەندەڵی بوو . بۆ ئیجازە وەرگرتنی مەلایەتی کە دەیتوانی بەو ئیجازەیە ژوورێک بکاتەوە بۆ فێرکردن و خوێندەواری لەبەرامبەر بڕێک پارەدا ، تەنیا پێویستی بە دەرخکردنی چەند دێڕێک لە سورەتی فاتیحە و پێدانی بەرتیل بوو ، کەسەکە ئیجازەی مەلایەتی پێوەردەگرت . قازیەکان کە ئەو مۆڵەتەیان پەسەند دەکرد لەهەمووان بەرتیلخۆرتربوون . مستەفا نورەدین واعز لە الروض الازهردا دەگێڕێتەوە : شێخی ئیسلام قەرزداری ئەربابێک بوو ، لەبری قەرزەکەی پیشنیاری بۆکردبوو بیکات بە قازی ولایەتی موسڵ . ئەربابەکە گوتبووی من هیچ لە قازیبوون نازانم . ئەویش فێرکردبوو کارێکی ئاسانە هەر شەکوایەک هاتەلات ئەم دێڕەیان پێ بڵێ : شاهداک زوجاک ، هل لدیک البینه ؟ بێخەمبە و ئیشت دەڕوات . قازیەکان بەوجۆرە دامەزراون . گەندەڵی و جەهل بەتەواوی دانیشتووە چل و دوو ملیۆنیەکەی دەوڵەتی عوسمانی خستبووە سەردەمی تاریکی و نەزانیەوە . پیشەی فاڵ و سیحر و جادووگەری بەکۆمەڵگەدا بەربڵاووبووە . بەهۆی دۆڕانەکانی عوسمانیەکانەوە لە بەرامبەر ئەوروپیەکاندا ، بەپێ ی ڕێکەوتنەکان لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە مەرجەکانی فەرەنسی و بەریتانی و ئەڵمانەکانی قبوڵکردووە . یەکێک لەو مەرجانەی ئەو دەوڵەتانە بەسەر سوڵتانەوە چاککردنی ژیانی ئەو دوانزە ملیۆن مەسیحیەبووە کە هاوڵاتی ناو سەڵتەنەت بوون . سوڵتان ڕێگەی بە ئەوروپیەکان دابوو خوێندنگەی تایبەت بە مەسیحی و جولەکەکان بکەنەوە لەژێر سەرپەرشتی خۆیاندابێت . کردنەوەی ئەو خوێندگا ئەوروپیانە لە ولایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا و پێگەیاندنی نەوەیەکی ژیر و زانست دۆست لەناو مەسیحی و جولەکەکاندا ، هاندەری بەرە کەمینە نوێخوازەکەبوون کە دەبێت فێرکردن و خوێندنی موسلمانەکانیش لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتدا بەزانست و پێوەرەکانی عەقڵ دەرس بدرێن ، نەک هەر مەلایەک بۆخۆی بەپێ ی شێوازی خۆی دەرسی ئایینی بە تەلەبەکان بڵێتەوە . کۆمەڵگەش زیاترلە جەهلدا نغرۆبێت . ئەو فشارانە لەسەر سوڵتان بووە هۆی دەرکردنی فەرمانی ( خەتی گوڵخانە) ی ساڵی ١٨٣٩ لەلایەن سوڵتان عەبدولمەجیدەوە . فەرمانی گوڵخانە ، کە تایبەت بوو بە چاکسازی لە دەزگاکانی دەوڵەتدا ، بەتایبەتی چاکسازی لە چۆنیەتی فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوودا . هاندەریش بوو بۆ دەرکردنی یاسای ( تەنزیماتی خەیری ) لە ساڵی ١٨٥٦ دا . ئەو دوو فەرمانەی سوڵتان بەشێک بوو لە جیاکردنەوەی خوێندن لە مزگەوت و مەلاکان . تا ئەوکاتە خوێندن بەسترابوویەوە بە شێخ ئیسلام و دەزگای ( حسبە) وە . دەزگای حسبەش کە سەرپەرشتی ئەمر بە مەعروف و نەهی عەن مونکیربوو ، پرۆسەی خوێندنی بە پیوەرە عەقڵی و زانستیەکان بە ئیشی شەیتان و مونکیرات دەزانی . بەڵام کاتێک دەوڵەت خوێندنی جیاکردەوە ، دەزگای مەعاریفی دامەزراند بۆ ئەوەی سەرپەرشتی خوێندنی مەکتەبە حکومیەکان بکات کە دواتر بە مەکتەبی ڕوشدیە ناسرا . ماویەتی ..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی