بەشداریی سیاسیی ژن بۆ ڕێگرتن لەتوندوتیژیی

29/11/2022

سۆزان حەمە تاتە

بەشداریی سیاسیی سەرەتاییترین مافی هەموو هاوڵاتییانە بۆ نەخشدانان لەسەر هاوكێشەو گۆڕانكارییە سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی‌و كۆمەڵایەتییەكان، ئەمەیان بۆ ژن گرنگترە، چونكە دەبێتە كارەكتەرێكی كاریگەریی گوێلێگیراو، دەچێتە قۆناغی بەشداریكردن لەپرۆسەی بڕیارسازی كە نەخشیی دەبێت لەسەر چارەنوسی دۆزە ڕەواكەی.
 
پرسیاری گرنگ ئەوەیە بەشداریی سیاسیی ژنان لەڕوی چەندێتی یان چۆنێتییەوە گرنگە؟ بێگومان چۆنێتی گرنگترە، چونكە ژنانی ئازاو خاوەن ئیرادە بەشداردەبن لەپرۆسەی بڕیارسازی نەك ژمارەیەكی زۆر ژنی سازاو لەگەڵ عەقڵیەتی پیاوسالاری كە پیاوانی دەسەڵاتدار دژی پرۆسەی یەكسانیخوازین.
 
بڕیارسازی لەبچوكترین یەكەی سیاسی‌و دەوڵەتییەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە هەڵبژاردن كە ئەوەشیان بۆ سەركەوتنی ئیرادەی ژن گرنگە، چونكە بونی ژنی خاوەن ئیرادە دەبێتە بەربەست لەبەردەم پیاوی دەسەڵاتخوازی دژە ژن.
 
ژنی یەكسانیخواز دژی پیاونییە وەك ڕەگەز، بەڵكو دژی ویستیی خۆسەپێنیی پیاوە كە مافەكانی ژن ڕەتدەكاتەوە، یەكێك لەمیكانیزمەكانی ئەو ڕەتكردنەوەیە لاوازكردنی ئیرادەی ژنی ئازادە، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ژنی بێ ئیرادە بكه‌نە هاوبەشی بڕیارسازیی خۆیان.
 
توندوتیژی بەرهەمی دەسەڵاتی پیاوسالارە، ئەوانەی ژنی بێدەنگیان دەوێ، ژنێك بەڵێ‌و نەخێری لەگەڵیان بێت، سیاسەتی پیاوسالارانەی قبوڵ بێت، هەروەها خاوەن بیركردنەوەی جیاواز نەبێت.
 
زۆر جیاوازیی ئایدۆلۆژی بۆتە زیان بۆ ژنان‌و دەرفەتێك بۆ پیاوان بۆ زاڵكردنی ئیرادەی خۆیان، ژنان دەبێت ئەوە ڕەتبكەنەوە، بەڵكو جیاوازییەكانیان بكە خاڵی بەهێزبون بەرامبەر پیاوسالاری‌و دەسەڵاتی دڵڕەق.
 
بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لەپرۆسەی سیاسی، پیاوسالاری لاواز دەكات، بۆیە بۆ ژنان گرنگە لەدەوری كۆبەندێك كۆببنەوە، بۆئەوەی كۆتایی بەتوندوتیژییەكانی پیاوانی دژە ژن بهێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە