چاوەڕوانی خۆرئاوای کوردستان

30/11/2022

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدیار ڕووداوێکی ترسناکی مێژووییەوە دانیشتوون و بۆ کەس ڕوون نییە چاوەڕێی چی دەکەن و بۆ دەیانەوێت تورکیا هێرشی زەمینی بکاتەسەر خۆرئاوای کوردستان، ئەوکات بێنە وەڵام؟! لەماوەی یەک ڕۆژدا، چەند بەیاننامەو ڕاگەیەنراو و هەڕەشەمان بەرگوێ کەوت، لەوانە: یەکەم / ئەمڕۆ 30 ــ 11 ــ 2022، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ئەوان بەردەوام دەبن لەپاڵپشتییەکانیان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکی پێویستیان دەدەنێ بۆ پاراستنی سەقامگیری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. دووەم / نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەر ئەمڕۆ 30 ــ 11 ــ 2022 لەسەر زاری (مارتن گریفیس) ڕێکخەری فریاگوزارییەکانییەوە ڕایگەیاند: هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکووری سوریا، زیانی بە هاووڵاتیان و ژێرخانی ناوچەکە گەیاندووە. سێیەم / ئێرانیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ داوای لە تورکیا کرد "هێرش نەکاتەسەر سوریا و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن". ئەم بەیاننامە و هەڕەشانە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 30 ــ 11 ــ 2022 ناوەندنی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماری (10) ڕۆژی ڕابردووی هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆسەر باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، 13هاوڵاتی و 20 شەڕڤان شەهید بوونە، هاوکات 7 شەڕڤان و 13 هاوڵاتی کە 3 کەسیان منداڵە، برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی 235 خوێندنگە داخراوە و 251 خوێندنگەش پشووی ڕاگەیاندووە. دوای 10 ڕۆژ لەهێرشی ئاسمانی تورکیا بۆسەر باکوور و خۆرئاوای کوردستان (20 ــ 11 ــ 2022)، چاوەکان لەسەر هێرشی زەمینی تورکیان بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان، بەڵام ئەم چاوەڕوانییە لەلایەن کوردەوە، هەڵەیە. پێویستە پێش ئەوەی چاوەڕێی هێرشەکەی تورکیا بین بۆسەر خۆرئاوای کوردستان، ئێمە هەموو ئەو پێویستییە سەرەکییانە بۆ خۆرئاوای کوردستان پڕ بکەینەوە کە ئەوان لە باشووری کوردستان چاوەڕێیانە. چاوەڕوانی خۆرئاوای کوردستان تەنها لە کورد و هاوکاری کوردانی باشوورە، ئەگینا خۆرئاوای کوردستان ئەوەندە بەهێزە، نە چاوەڕوانی ڕەحم و بەزەیی لە نەیارەکان دەکات و نە ئەوەندەش بێهێزە بە هاوکاری زلهێزەکان نەبێت نەتوانێت شەڕی دوژمن و نەیارەکانی بکات. ئەوەی خۆرئاوای کوردستان لە کوردانی باشووری چاوەڕێ دەکات هاوکاری لۆجستی و ماددی و مەعنەوییە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە ئامادەکاری سنوورەکانە بۆ حاڵەتی لەناکاوی کورد لەخۆرئاوای کوردستاندا.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی