لە چیرۆکە هەڵبەستراوەکانی مێژووی کورد: ناپاکی و قارەمانێتی حەسەن خەیری وەک نموونە!.

25/08/2023

دکتۆر جەبار قادر

 لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەتی لە ساڵی گرانەتای پەیماننامەی لۆزاندا زۆر گوێمان لە باس و خواسی حەسەن خەیری بوو کە وەک نموونەی کوردێکی ناپاک و هەڵخەڵەتاو بەخەڵک ناسێندرا. لەبەرامبەریشدا هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و کوردانی عەلەوی هەوڵ دەدەن وەک قارەمانێک پیشانی بدەن و گوایە لە ڕێگای کوردایەتیدا و بەهۆی پشتگیری لە ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران و سەربەخۆیی کوردستان گیانی بەخت کردووە. برووسکەکەشی بۆ کۆنفرانسی لۆزان وەک نوێنەری دەرسیم لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی مەزنی تورکیا(پەڕلەمان) لەگەڵ یوسف زیای نوێنەری بدلیس و دیاب ئاغا و هەموو ئەوانی دیکەدا کە تێیدا نووسیبوویان (کورد نایەوێت لە تورکیا جودا ببێتەوە) وەک بەڵگەی ناپاکی دانرا. ئەو لێکدانەوانە وای بۆ دەچن گوایە ئەگەر ئەو برووسکەیە نەبوایە ئەوا کورد لە لۆزان بە هەموو مافەکانی شاد دەبووەوە. سەیر لەوەدایە ئەو قسانەی حەسەن خەیری و هاوڕێیانی لەو کاتەدا دەیانکرد کە هێشتا کەمالییەکان شتێکی ئەوتۆیان لە دژی کورد نەکردبوو، بەڵام لە دوای سەد ساڵ و ئەو هەموو کوشتار و ستەم و هەوڵی سڕینەوەی کوردە لە تورکیا، ئێستاش وتاری سیاسی کورد لەوێ هەر باسی برایەتی و پێکەوە ژیانە، کە ئەگەر لە شوێنی خۆیدا گوتارێکی باشە. بەوتەی نەوەیەکی حەسەن خەیری خاتوو سەرپیل گیونەش (لە دوای سەد ساڵ لە لۆزان و پاش ئەو هەموو کارەساتەی تورک بەسەر کوردیاندا هێناوە، ئەمانەی ئێستا کە ڕۆژانە لە پەڕلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوە سیاسییەکاندا ئەو باسانە دەکەن، نەک هەر بە ناپاک کەس ناویان نابات بەڵکو وەک قارەمان سەیر دەکرێن!). وتەکانی حەسەن خەیریش پێش ئەوەی دەسەڵاتی کەمالی لە ٢٣ نۆڤەمبەری ١٩٢٥ لە ئەلعەزیز بە تۆمەتی پشتگیری لە سەرهەڵدانی ساڵی ١٩٢٥ لە سێدارەی بدات، بوونەتە مایەی بێنەوبەرەی زۆر، گوایە لەوێدا وتوویەتی (ئەی گەلی کورد، ئێمە بکەن بە نموونە و پەندمان لێ وەربگرن، دەبێ بزانن کە بێ نرخترین وشە لە دونیادا وشەی شەرەفی کەمالیستەکانە - بۆ زانیاری هەموو لایەک پێنج ساڵ دواتر واتا لە ساڵی ١٩٣٠دا بۆ یەکەمین جار لە تورکیا دەستەواژەکانی کەمالیزم و کەمالیست پەیدا دەبن!)، یا گوایە وتوویەتی (با گۆڕەکەم لەسەر ڕێگای کوردان بێت بۆ ئەوەی هەر کوردێک بەوێدا تێپەڕی تف لە گۆڕەکەم بکات!)، یا (ئەی شەهیدانی کوردستان وا حەسەن خەیریش دێتە لاتان!) هەموو ئەمانە قسەی هەڵبەستراون و هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراوی مێژوویی پشتڕاستیان ناکاتەوە و زۆربەیان لێکدانەوەن بۆ وتەکانی نوری دەرسیمی. لەم ساڵانەی دواییدا هەر کەسێک بیەویت بەرامبەرەکەی بە ناپاکی و خۆفرۆشی تاوانبار بکات، یەکسەر باس و خواسی حەسەن خەیری و هەڵس و کەوتی لە کاتی لۆزاندا دێنە ئاراوە. ئەو نەوەیەی ئەمە بە تراومای دوای ١٦ ئوکتۆبەر لە باشووری دادەنێت. ئەم جۆرە چیرۆکانە بەرهەمی زەقی دابڕاندنی ڕووداو و کەسایەتییەکانی مێژووی کوردن لە چەمکەکانی کات و شوێن. لەم حاڵەتەشدا تێگەیشتن لە ڕووداو و کەسایەتییە مێژووییەکان ئەوەندی پەیوەندییان بە ئایدیۆلۆجیا و سیاسەتەوە هەیە نیو ئەوەندە پەیوەندییان بە لێکدانەوەی مێژووییەوە نییە. کاتێ ئەم جۆرە مامەڵەیە لە گەڵ ڕووداو و کەسایەتییەکانی مێژوودا دەکرێت، ئەوا دەکرێ قارەمان بکرێت بە ناپاک و ناپاکیش بە قارەمان. بەدیوەکەی تریشدا بەرهەمی زەقی تێنەگەیشتنە لە هاوسەنگیی هێز، میکانیزمی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان و ڕۆڵی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی لە ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا ئەو کاتە و ئێستاش. حەسەن خەیری کوڕی سەرۆک هۆزێکی عەلەوی بووە، دەرچووی قوتابخانەی عەشیرەت بووە لە ئەستەموول کە بۆ کوڕانی سەرۆک هۆزەکانی عەرەب و کورد و ئەلبانەکان سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دایمەزراندبوو، دواتریش هاوپۆلی مستەفا کەمال بووە لە کۆلێجی سەربازی، پیاوێکی عەلمانی و لە دژی حوکمی شەریعەت بووە کە بەناوێوە دەسەڵاتی تورک ستەمی زۆری لە عەلەوییەکان کردووە، گێڕانەوەی حوکمی شەریعەت یەکێ لە دروشمە سەرەکییەکانی شێخ سەعید و یاوەرانی بووە. حەسەن خەیری، نە لە گەڵ ئەو ڕاپەڕینەدا بووە و نە داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و نە ناپاکی لە گەڵ بیر و بۆچوونەکانی خۆیدا کردووە. تەنانەت ئەو نامەی بۆ هۆزەکانی دەرسیمی نارد بەزۆر پێی کرا. مستەفا کەمال زۆر باش دەیزانی کە حەسەن خەیری لایەنگری بیر و بۆچوونی شێخ سەعید نییە و داوای سەربەخۆیی کوردستان ناکات، بەڵام قەت لەوە خۆش نەبوو کە چەند جارێک لە پەڕلەمان لە ڕووی وەستا و بە دیکتاتۆر و هاوبیری ئەنوەر پاشا ناوی برد، هەروەها لە ڕیزی گروپی دووەمیشدا بوو کە نەیاریانی مستەفا کەمالی لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆ کردبووە. حەسەن خەیری پێش ڕاپەڕینی شێخ سەعید بە چەند مانگێک پەنای بردبووە بەر سەید ڕەزا و لە دەرسیم خۆی شاردبووەوە. هەموو ئەو قسانەش گوایە لە کاتی لە سێدارەدانیدا نراون بەدەمێوە هیچیان ڕاست نین و لەوە زیاتر کە سڵاوی ناردووە بۆ دەرسیم و دەرسیمییان و کەس و کار و خزمانی خۆی هیچی تری نەوتووە. ئەوەی حەسەن خەیری و هاوبیرانی داوایان دەکرد جۆرێک لە نامەرکەزیەت و ئۆتۆنۆمی بوو بۆ ناوچەکانیان بۆ ئەوەی بە خۆیان کاروباری خۆیان بەڕیوە ببەن. ئەمەش بە پێی قانوونی کاتی کەمالی(تشکیلات أساسیە قانونی) ساڵی ١٩٢١ بە شێوەیەک لە شیوەکان دابین کرا بوو، تەنانەت پرۆژە قانوونێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان کە لە ١٨ ماددە پێکهاتبوو لە شوباتی ١٩٢٢ براوە پەرلەمان، بەڵام گفتوگۆ کردن لەسەری بە ٣٧٣ دەنگ ڕەتکرایەوە وتەنها ٦٤ ئەندامی پەڕلەمان لەگەڵ ئەوەدا بوون کە بخرێتە بەرنامەی کارەوە، کە پێدەچێت زۆربەیان کورد بووبن. حەسەن خەیری و هاوڕێیانی لەبەر ئەم گفت و پەیمانانەی مستەفا کەمال پشتگیریان لە بزووتنەوەکەی دەکرد. شێخ عەبدولقادر و هاوڕێیانیشی لە کۆمەڵەی تەعالی کوردستان لە ئەستەمووڵ هەر داوای خۆ بەڕێەبەرێتییەکی کوردییان لە سوڵتان دەکرد کە هیچی بەدەستەوە نەمابوو. کەس باسی فەیزی پرینچی زادە و زولفی زولفوئۆغڵو ناکات کە ئەم دوو کوردە نوێنەری دیار بەکر بوون لە مەجلسی مەبعوسانی عوسمانی و ئەنجوومەنی نیشتمانیی مەزنی تورکیا و لە گەڵ شاندی تورکدا برا بوون بۆ لۆزان، یەکەمیان وەک ئەندامی شاند و ئەوەی دیکەیان وەک ڕاوێژکاری شاندەکە، ئەمانە بە کوشتنی ئەرمەنەکانی دیاربەکر و تاڵانکردنی سەروەت و سامانیان تۆمەتبار کرابوون و لە لایەن ئینگلیزەکانەوە گیران و بۆ میسر و دواتر بۆ ماڵتە دوور خرانەوە. دوای بەردانیان لە ١٩٢١ خۆیان گەیاندە ئەنقەرە و لە کاتی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیددا لە تەک والی دیاربەکر هەوڵی زۆیان دا بۆ ئەوەی شارەکە نەکەوێتە ژێر دەستی سەرهەڵداوانەوە. کۆمەڵێ سەرچاوەی گرنگ لەبەردەستن کە هەموو ئەم بۆچوونانە پشتڕاست دەکەنەوە وەک هەردوو کتێبەکەی نوری دەرسیمی (دەرسیم لە مێژووی کوردستاندا) و (بیروەرییەکانم)، نووسینەکانی نەوەکانی حەسەن خەیری جەودەت کۆناک و سەرپیل گیونەش، کارێرلی محەمەد ئەفەندی، سەرحەد خاڵیس، عوسمان ئایدن، ئەحمەد قەهرەمان، وتارە پێنج ڕۆژییەکەی مستەفا کەمال (نطق)، گۆڤارەکانی (نوقتە) و (بەرەو دوو هەزار) و گەلێکی تر کە بۆ ئەم لێکۆڵێنەوەیە کەڵكیان لێ وەرگیراوە. تێبینی: ئەمە بەرکوڵی لێکۆڵێنەوەیەکی مێژوویی دوور و درێژە کە بەداخەوە لە فەیسبووکدا جێگای نابێتەوە و کەم کەس حەوسەڵەی هەیە تا دوایی بیخوێنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی