بۆچی هەرێمی كوردستان بەم دۆخە گەیەنرا؟

10/09/2023

هیوا سەید سەلیم


هەرێمی كوردستان تا دێت بەرەو دۆخێكی خراب دەبردرێت، بەشێوەیەك كە  وا بەرەو ناوەڕاستی مانگی نۆ دەچین تا ئێستا مووچەی مانگی حەوت و هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، وە هیچ ئاسۆیەكیش بۆ دابەشكردنی دیار نیە.

قەیرانەكانی نێوان بەغدا و هەرێم رۆژ بەرۆژ سەر دەكێشن بۆ ترازان و دووركەوتنەوەی زیاتر لە یەكتری،  جگە لە قەیرانە ئابووریەكان ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی  لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە، هەروەها هەڕەشە بەردەوامەكانی وڵاتانی دەوروبەر بۆسەر هەرێمی كوردستان، پەیامی ناخۆشیان بۆ خەڵك و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پێیە.

لێرەدا پرسیارێكی جدی دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە كە ئایا دۆخی هەرێمی كوردستان بۆچی بەو شوێنە گەیشت؟  بە شێوەیەك  كە دەتوانین بڵێین  هەرێمی كوردستان خەریكە بەرەو تونێلێكی تاریك دەبردرێت؟
دوابەدوای بڕیاری دادگای پاریس سەبارەت بە ناشەرعی بوونی فرۆشتنی نەوت لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، وە  لێكەوتەكانی ئەو بڕیارە بەتایبەت سزا داراییە سەپێندراوەكانی سەر توركیا،  ئەویش بەوەی دەبێت ملیارێك و چوارسەد ملیۆن دۆلار وەك قەرەبوو بداتە عێراق لەبەرامبەر دۆڕانی ئەو كێسە. پرسی رێكەوتن لە سەر دۆسییەی فرۆشتن و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆتە پرسێك كە  كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای ئاڵۆزتر كردووە.
شایانی باسە، بە هۆی بڕیاری دادگای پاریس لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری 2023 هەرێمی كوردستان ناتوانێت نەوت بە ڕاستەوخۆ بفرۆشێت، ئەمەشیان هەرێمی رووبەڕووی قەیرانی ئابووری كردۆتەوە.

وەك دەزانرێت چەند مانگێك پێش ئێستا لە عێراق یاسایی بودجە بۆ سێ ساڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچوو. بەم هەنگاوە دەبوو پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئیتر لەخەم بڕەخسێت، بەڵام ووردەكاریەكانی ناو ئەم یاساییە و بێ متمانەی نێوان هەرێم و بەغدا، نا شارەزایی پەرلەمانتاران و شاندی دانوساندكاری هەرێم وایكرد كە لە هەرێمی كوردستان قەیرانی دابەشكردنی مووچە بەردەوامی هەبێت، بەشێوەیەك نە بەغدا ئامادەیی چارەسەری تێدابێت نە هەرێمی كوردستان پلانی جێگرەوە هەبێت.
دەوترێت نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە دانووستانەكان لەگەڵ بەغدا دۆڕاون، لە بەرامبەریشدا كارتی دیكەیان بەدەستەوە نەماوە، هەروەها بەغداش شەڕی كۆنە قینیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، لەم نیوەندەدا ئەوەی كراوەتە قوربانی و بە بەردەوامیش قوربانی دەدات مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانن.
ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت بە تایبەت قەیرانە ئابووریەكە بارودۆخێكە نەك بەرپرسانی هەرێمی كوردستان خۆیان بۆ ئامادەنەكردبوو، بگرە سیاسەتی ئیدارەدانیان لە ماوەی حوكمڕانی ئەو سێ دەییە خزمەتی زۆری بە قەیرانەكە كردووە.
ناشەفافی لە داهات و سەرفیاتی هەرێمی كوردستان، لاوازی دەزگا پەیوەندیدارەكانی چاودێری و دواتریش هەڵوەشاندنەوەیان لە نموونەی ئەو دۆخەی بەسەر پەرلەمانی

كوردستاندا هات، زۆری و بۆری لە ژمارەی فەرمانبەرانو نەبوونی ئیرادەیەكی بەهێز بۆ چاكسازی.
لەبەرامبەر هەموو ئەمانشدا تەشەنەسەندنی دیاردەی گەندەڵی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە دامەزراندن و پلە بەرزكردنەوە، تێكەڵاوكردنی لیستی جاش و باش لە نێو هێزی پێشمەرگە و تەنانەت لیست شەهیدان و زیندانیانی سیاسی.

جگە لە هەموو ئەمانەی ئاماژەمان پێدان ناكۆكیە حزبیەكانی نێوان حزبە حوكمڕانەكان،  دەستوەردانی ئیقلیمی لە ناكۆكیەكان و كێشەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەك و هەرێم و بەغدا لە لاكەی دیكە، هۆكارن بۆ ئاڵۆزی زیاتری كێشەكانی هەرێمی كوردستان.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە