تكایە كۆمەڵەو دیموكرات مەكەنە قوربانی بودجەو موچە

16/09/2023

دكتۆر بیلال رەئوف

ماوەیەكە لێكدانەوەیەك بۆ جێبەجێنەكردنی بودجە خەریكە ئەبێتە ئەمری واقیع و بەمەبەست كاری لەسەرئەكرێت لەپێناو شەرعیەتدان بۆ هێرشكردنەسەر پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكی بۆ یەكێك لەمیدیاكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وانیشانیدا كەبڕیار لەناردن و نەناردنی پشكی هەرێم لەتارانە نەك بەغداد، تاچەند گونجاوە بۆچون و لێكدانەوەی خۆیەتی ئاساییە، بەڵام بەشێكی تری قسەكانی بەتایبەت لەدۆخێكی وەك ئێستا كەفشاری كۆماری ئیسلامی ئێران تادێت زیادەكات بۆ هێرشكردنەسەر پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەنێو خاكی باشووری كوردستان جێی سەرنجە.

بەپێی لێكدانەوەكانی ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێران ئامادەنیە پشكی هەرێمی كوردستان بنێرێت تا پارتەكانی كوردستانی رۆژهەڵات چەكنەكرێن و لەباشوری كوردستان دەرنەكرێن، ئەم قسەیە بەمەبەستبێت یان بێمەبەست هۆكارێكە بۆشەرعیەتدان بەهێرشی سەربازی ئێران بۆسەر بنكەو بارەگاكانیان یاخود دەركردن و رادەستكردنەوەیان بە ئێران بەشێوەیەك نەك هاوڵاتیانی باشوور رێگرنەبن بەڵكو وەك بەڵاو رێگر لەقوت‌و مووچەیان پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ببینن.

مووچەخۆرو فەرمانبەر تەنانەت دوكاندارو كاسبكاری هەرێمی كوردستان هێندە لەدۆخێكی خراپدایە ئامادەیە دژی هەموو پیرۆزی و ئینتیمایەك بوەستێتەوە كە ببێتە هۆی وەرنەگرتنی مووچەكەی و خراپی دۆخی ژیانی، لەئێستاشدا بەدوری نازانم ئەو قسانەی گوایە بونی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەباشوور رێگرە لەناردنی مووچە و بودجەی فەرمانبەران ئامانجێكی تری هەبێت لەكاتێكدا سەرچاوەی بڵاوبونەوەی پەرلەمانتارێكبێت كەئەندامی كۆمەڵی دادگەری كوردستانە كە ڕونوڕەوان دیارە كۆمەڵ لەڕوی كاری سیاسیەوە سەر بە چ ئاراستەیەكی سیاسی و دابەشبونی ئیقلیمیە، ئەویش هاوشێوەی تەواوی پارت و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی باشور كەدابەشبون بەسەر دوو بەرەی سەرەكی وڵاتانی ئیقلیمی.

پێویستە میدیاو دامەزراوەكانی راگەیاندن نەبنە كەناڵێك بەبێئەوەی بەخۆیانبزانن شەقام و رایگشتی و فەرمانبەران دژی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هانبدەن و وەك رێگر نیشانبدرێن لەنەناردنی مووچەو بوودجەی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا ئەمە ویست و خواستی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ رێگەخۆشكردن بۆهێرش و وەدەرنان و تەنانەت رادەستكردنەوەی ئەندام و سەركردەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كەلەمێژوی حیزب و پارتە ساسیەكانی كوردستانی باشور نامۆنیە، بەڵام لای خەڵك و شەقام و هاوڵاتیان قێزەونەو كارێكبوە پێش هەموكەس هاوڵاتیانی باشوری كوردستان بەخیانەت ناویان هێناوە.

ئەوەی گرنگە نەناردن و پێنەدانی بوودجە و مووچە پەیوەندی بەو ماددەو بڕگانەی یاسای بودجەی عێراقەوە هەیە كە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانیەكان بە تاكە ئەندامەكەی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریشەوە  بەوپەڕی قەناعەتەوە دەنگیانپێدا كەئەوەی سەر لەئەلف و بێی سیاسی دەربكات و لەڕوی ئابوری داراییەوە لە یەك و دوو تێبگات ئەیزانی ئەم یاسا جێبەجێناكرێت و نابێت و ناگونجێت و تەنها یاریكردنێكی سیاسیە و هیچیترنیە.

دكتۆر بیلال رەئوف
دكتۆرا لەئابوری سیاسی و توێژەری دكتۆرا لەدارایی گشتی (زانكۆی سلێمانی)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی