دەكرێت هەمیشە ئاوا لە دڵەراوكێدا بژین؟

24/09/2023

عیماد عەلی



هات یان نەهات برٍیار چی بوو، هەڵوێستی فڵان حزب چۆنە و چیدەكەن، ئەی ئەمریكا و هاوپەیمانان چی دەڵێن، بەغا و ئەنقرە و تاران لەم بارەوە باس و خواسیان چیە، ئەمە و سەدان پرسیار لەم جۆرانە رۆژ نیە لە نێو سەرجەم چین و توێژەكاندا ئاراستەی یەكتر نەكرێن و هەر وەڵامێكیش مایەی هەزار رارایی و دەردەسەریە بۆ ئەم خەڵكە خێر لە خۆ نەدیوە.

بەراستی كەس نازانێت ئەم گەلە بە قودرەتی كام قادر دەژین و سبەینێ نەك رۆژێكی دواتریان چی و چۆن دەبێت و بە كویچ دەگەن.

كە ئەمە باری ژیانی خەڵك بە گشتی بێت و یەك بەرپرس و بەناو سەركردە و خەمخۆری نیشتمان نەبێت وەڵامی هیچ پرسیارێكی پێ نەبێت، چۆن توشی هەزار نەخۆشی و متبون و بێ ئومێدی و دەردەسەری نەبیت. ئەی چارە؟

كار گەیشتۆتە چڵەپۆپەی نەزانی و شڵەژان و رادەستبون و بێ هیوایی لە كاتێكدا گەردیلەیەك قەناعەت بە چاكبونی دوارۆژ نیە نەك دووسبەی . كەوا بێت بۆچی ئەم دەسەڵاتە شكستخواردووەی كوردستان  لە خۆیان ناپرسن:

*تاكەی خەڵك ئاوا بژین و هەست بەو نەهامەتیە بەردەوامە بكەن و رۆژ لەدوای رۆژ خرابتر بێت و هیچ چارەسەرێك لە ئاسۆوە نەبینرێت.

* بۆچی هیچ لایەن و كەسێك دان بە شكستخواردوویی خۆی ناكات و لەبەردەم گەلی كوردستاندا حەقیقەتەكە دەرناخات؟

* بۆچی وای لێهاتووە تەنها بیر لە تاكەكەسی دەكرێتەوە و تاكە كەسێك نیە بەبرسیاریی خۆی لەم دۆخە دەربخات؟

* بۆچی رۆژانە بە خێرایی بەرەو دواوە هەنگا بنێین و ئەویتری دوژمن و داگیركەر زاڵتر بێت و ئێمە بەپێچەوانەی شەپۆلەكە بین و ملكەچی دوژمنان بین؟

ئەمە و چەندین پرسیاری بێ وەڵام لە هەگبەی هەموواندایە و كەسیش وەڵام ناداتەوە و لە سەر حیسابی گەل و نیشتمان خێروخۆشی ئەم وڵاتە دەخۆن و لە نەهامەتیەكاندا خۆیان بێبەری دەكەن.

ئەوەی راستی بێت تەنها رێگەی دروست بۆ چارەسەر راماڵینی دەسەڵاتی گەندەڵ و نەزانی ئەم كوردستانەیەجگە لە بەیاسایی مامەڵە كردنیان بۆ ئەوەی مافی  راستەقینە و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن. ئەگەر هەر كەسێك هیچ چارەسەرێكی بۆ بار و دۆخ و ئەم دەسەڵاتەی پێیە با بیخاتە روو. ئەگینا من عەقڵم لەمە زیاتر هیچی پێ نیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی