بابەتەکە
توڵانییە، چەند خاڵێکی سەرپێی و پەلەش پێویست بوو، چوونکە سبەی ١٢ ی نۆڤەمبەر
٢٠٢٣، وەزیری نەوتی عێراق "د. حەیان عەبدولغەنی" سەردانی هەرێمی
کوردستان دەکات. یەکێک لە ئەگەرەکانی کە بیرکەرەوە عێراقییەکان خۆیان بۆ سازداوە،
خافڵگیرکردنی هەرێمی کوردستانە.
لێرەدا،
بۆ ئەوەی هەموو پانتاییەکە دیار بێت، چوار
بابەتی گرنگ لە ئارادایە، دەبێ ببیندرێن:
یەکەمیان؛
دەستو پێی ڕووسیا لە ناو کەرتی نەوت و گازی عێراقدا زیادی کردوە، ئاستی وەبەرهێنانی
ڕووسیا لە کەرتی وزەی عێراقدا گەیشتوە بە (١٩) ملیار دۆلار. شوباتی ٢٠٢٣ سێرگی لاڤرۆڤ
سەردانی بەغدای کرد، بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ فراوانترکردنی مەودای بازرگانی و
دەستگەیشتن بە دۆلارەکانی کە ئەمریکا لە میانەی
جەنگی ئۆکراینەوە قەدەخەی کردوە دۆلار بگاتە دەستی ڕووسیا. لە ١٠ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣
سەرۆکوەزیران "محەمەد سودانی" سەردانی مۆسکۆی کرد، یەکێک لە بابەتەکان
سوود وەرگرتن بوو لە تاکتیک و ئەزموونی ڕووسیا بۆ گازی سروشتی، بەتایبەت ئەو گازەی
بە خۆڕایی عێراق دەیسوتێنێ و هەوا پیس دەکات. ئێستا چوار گەورەترین کۆمپانیای ڕووسیا
لە عێراق کاردەکەن.
دوەمیان؛
پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا فرتەڕەگەزەکانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و گڕیبەستیان
هەیە. بەغدا ماوەی نۆ مانگە ژێر بەژێر لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم قسە دەکات،
سەرەتا نامەی ئاگەدارکردنەوەی بۆ دەناردن کە لە هەرێم کار نەکەن، دواتر دەستی کردوە
بە ڕاکێشانی ئەوانە بۆ باشورو ناوەڕآستی عێراق و گرێبەستی (٢٠) ساڵیان لەگەڵ واژۆدەکات
( ئێستاش لە ناوەوەو دەرەوەی عێراق خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ کۆمپانیاکان و دەوڵەتەکانیان).
سێهەمیان؛
یاسای نەوت و گازی عێراق، کە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بەو ڕەشنووسەی ئێستا ئامادەکراوە
دژی هەموو توانا هایدرۆکاربۆنەکانی هەرێمی کوردستانە؛ پێویستە ڕەشنووسێکی دیکە کە
نوێنەرانی کوردو پسۆڕان ڕایان لەسەری هەبێت ئامادە بکرێتەوە.
چوارەمیان:
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە (بۆ هەرێم هەناردەکردنەوە ئامرازێکە نەک
ئامانج). لە سێپتەمبەری ٢٠٢٣ کاتێک سودانی سەردانی نیۆرکی کرد، لە هەموو کۆبونەوەکاندا
باسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کرابوو. تا ئێستا (٣) جار قونسوڵی
ئەمریکا لە هەرێم سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کردوە، مەبەستی سەرەکیش
پاڵپشتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە. لێرەوە، سودانی و کابینەکەی چ لەمەڕ
هێرشەکانی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، چ لەسەر ئەو دۆلارانەی دەچوون
و دەچن بۆ ئێران و مۆسکۆ، چ لەسەر ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ژێر فشارێکی
گەورەی ویلایەتە یەکگرتوەکاندایە. وەک کارێک کە بە ئیدارەی ئەمریکا نیشانی بدا، وەزیری
نەوت دەنێرێتە هەرێمی کوردستان.
قسەی
لەهەموو ئەمانە پێویستتر ئەوەیە، ماوەی (٢٠) ساڵی ڕابردوو، کەرتی وزەی هەرێمی
کوردستان گرێدراوە بە کۆمەڵێ حیکایەتی جیاجیاوە، یەکێک لەوانەی کە باس ناکرێ و، لە
دەرەوەی حکومەت و لە تارماییەکاندا دەگوزەرێ، ئەوەیە زیاد لە دەیان کەس (کەسایەتی
سیاسیی کورد، عەرەب، ملیاردێر و بیانی دیکە) دەستیان لەناو پرسی نەوت و گازی هەرێـمی
کوردستاندایە، کە هەندێکیان تەنانەت سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لێی بە ئاگا نییە. ئەمانە
لەبەرژەوەندی یان مەرامێکی خۆیان ختوکەی بابەتەکان دەدەن، لەتاوەرە بەرزەکانەوە دەیانەوێ
بڕیار لەسەر چارەنووسی نەوت و گازی کوردستان بدەن.
قسەی
کۆتایی
ئیدارەی
ئەمریکا دەزانێ سودانی نوێنەرایەتی خەیاڵدانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دەکات
و، هێز بە دەست میلیشیاکانە نەک بە دەست دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە لە عێراق. ئۆپیک
لە عێراق دامەزراوە، عێراق دەیەوێ ئۆپیک پڵەس لەلایەک و خۆرئاواش لە لایەکی دی خافڵگیر
بکات، بەردەوام پابەندی نیشان دەدات بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و خستنە
بازاڕی نەوت، لە پێناو بە جێگیریی مانەوەی نرخ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی
ڕۆژانەی بە بڕی (١٨٥) هەزار لە رۆژێکدا بەرزکردۆتەوە، دەیەوێ ئەو ڕاگرتنەی نەوتی
کوردستان بخاتە بەر کەمکردنەوەی هەناردەکردن و خستنەڕوو لە بازاڕدا، کە پەیوەندییان
بە یەکەوە نییە. بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە باڵوێزخانەی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا
ئاگادار یان نێوەندگیر بن لە گفتوگۆکانی تایبەت بە کەرتی وزە لەگەڵ بەغدا. لەوەش پێویستتر
ئەوەیە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی خۆی لە ئیمارات و سعودییەو قەتەر بکاتەوە، تا
لە گفتوگۆ ناوچەییەکان ئاگادار بێ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی