​ کوردو ئاسایشی وزە

06/12/2023

ئاسۆ عەبدوللەتیف



سەقامگیریی لە جیهاندا ئێستا پەیوەستە بە وزەو گازی سروشتیەوە، وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو چین خەریکی دۆزینەوەی ڕێگا تازەکانن بەرەو کان و بیرو سەرچاوە گازیەکان، کێ هەیەتی کڕیارێکی باشن بۆی، کێش نییەتی، یان برسییە یان بێبەریە لەو باوکە قازانجویستە، بەداخەوە کورد هێشتا برسیە بەدەست نەبوونی پلان و ستراتیژێکی قووڵی دەوڵەتیانەوە.

ئەگەر گازی سروشتی کوردستان، ئەم شەقام و باڵەخانە ساردانەی ئەوروپا گەرم بکاتەوەو لە قەیرانی هەناردەی گازی سروشتی ڕوسیا ڕزگاریان بکات وەک پێشنیار کراوە لە کۆڕبەندەکانی داڤۆس و میوشن، ئەوا کورد دەبێ چیتر هەڵەی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە بە هەرزانبازاڕیی نەوت و گازەکەی و دەبێ بە ئاسایشی وزەو هەناردەکردنی، خۆی ڕزگار بکات لەو ملکەچییە کوشندەیەی تێیکەوتوە بەرامبەر بەغدادو دەبێ ئیتر ئەو عەقڵ و میکانیزمە بگۆڕێ، وەک ئەو سیاسەتە زیرەکانەی ئێران دەیکات دژی ئەمریکاو نەیارەکانی و دەیان ساڵە بەرگەی ئابڵوقەکانی گرتوە، ئاخر خۆ ناشکرێ کورد بەردەوام شاندە حیزبی و حکومیەکانی بنێرێتە بەغداد بۆ دانوستانی بودجەو موچەو شایستە داراییەکان و لەولاشەوە گرێبەستی نەوت و وزە لەگەڵ تورکیاو خەڵکیتر بکات؟

لەم نێوەندە عێراقیش وێرانەیەو شل و مل کەوتۆتە دەست یاری و کارتی وڵاتانی دەوروبەرو تەنانەت ناتوانێ تورکیا ملکەچ بکات بۆ جێبەجێکردنی بەندە قورسەکانی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس و قەرەبوو کردنەوەیان بەبڕی یەک ملیارو پێنج سەد ملیۆن دۆلار، لەپای ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەوتیان فرۆشتوە بەبێ پرسی بەغداد، بەڵام محمد سودانی دێت گرێبەستی کڕینی گازی ئێران بە یانزە ملیارد دۆلار واژوو دەکات و دەشیەوێت ڕۆڵی ستراتیژی هەبێت لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپا.

عێراق تا ئێستاش ئەنکەرەو کۆمپانیای بۆتاش«بۆری نەوت و گازی سروشتی تورکیا» تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکاری لە واژوی ڕێککەوتنی بۆریە نەوتیەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٧٣، کەبەبێ ڕەزامەندی بەغداد نابێت نەوت هەناردەی تورکیاو بەندەری جەیهان بکرێت بەڵام تورکیا هەر سوورە لەسەر ئەوەی ئەم پرسە بە گفتوگۆ یەکلایی بکرێتەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، عێراق چونکە هێشتا بە دیدی تەقلیدی و فاشیستانەو بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریەکانی دەوڵەتی قووڵ دەجوڵێتەوە دەیەوێت یان سەد بەدەست بهێنێت یان هیچ، بۆیە ئەوە حاڵی ئابوریەکەیەتی.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە