لە یادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی دا

06/12/2023

نیاز عەبدوڵڵا



هاوكات لەگەڵ یادی ١٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، چوار رۆژنامەنووس (سلێمان ئەحمەد، شێروان شێروانی، قارەمان شوكری زەینەدین، گوهدار زێباری) لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانن، بەبێ ئەوەی بنەما و بەڵگەیەكی تاوانكاری هەبێت بۆ دەستگیركردن و سزادانیان بە پاساوی یاسایی.

هەمان ئەو یاسایانەی بۆ سەركۆنەكردن و تۆڵەكردنەوە لە كاری رۆژنامەنووسی ئەو رۆژنامەنووسانە بەكارهاتوون، دژ بە بەرپرسانی تێوگلاو لە تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی بەكارنەهاتوون؛ بۆیە لەماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا نەخشەداڕێژەران و بكوژانی كاوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەكاری سیاسی و سەربازییان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئازادبوون و رووبەڕووی هیچ بەرپرسیارێتییەكی یاسایی نەكراونەتەوە، هەروەك ئەوەی لە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان (سۆرانی مامە حەمە، عەبدولستار تاهیر شەریف، سەردەشت عوسمان، ویداد حوسێن، كوژرانی تەمومژاوی شوكری زەینەدین) پارتی دیموكراتی كوردستان نەچۆتە ژێرباری هیچ لێپێچینەوە و بەرپرسیارێتییەكی یاسایی.
بانگەشەكردنی دەسەڵاتەكانی (جێبەجێكردن، دادوەری،یاسادانان)ی هەرێمی كوردستان بۆ پابەندبوونیان بەئازادی رادەربڕین و بنەماكانی دیموكراسی، بەهۆی تیرۆركردن و پێشێلكارییەكانی سەر رۆژنامەنووسان و، دەربازبوونی تاوانباران لە سزا پوچەڵبۆتەوە، بۆیە تەنیا رێگایەكی دروست و كارا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخە مەترسیدارەی رۆژنامەنووسان و كایەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی پیایدا گوزەر دەكەن، گەڕانەوەیە بۆ بەهاكانی خودی دیموكراسی و رێزگرتنی تەواو لە كەرامەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

كاوە گەرمیانی بۆ هەمیشە سەرچاوەی ئیلهامە بۆ رۆژنامەنووسانی سەربەخۆی كوردستان، چونكە كاوە سەرەڕای ئەوەی لە دۆخێكی گوزەرانی تەواو ناهەمواردا بوو، بەڵام لەپێناو گەیاندنی راستییەكان و ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان لە قەزای كەلار و سنووری پارێزگای سلێمانی، سازشی نەكرد بۆ هیچ یەكێك لەو دەرفەتانەی كە بۆ خۆشگوزەرانی خۆی و خێزانەكەی لە رێگای بەرپرسانی حیزبییەوە بۆی دەخرانەڕوو.  

رێگای بەدیهێنانی دادپەروەری یاسایی هەرچەند دووریش بێت، بەڵام كاركردن بۆ بەدیهێنانی پێویستی بە بەردەوامییە، كاوە گەرمیانی ئەو نموونەیەیە كە لێوەی فێردەبین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی