بەرپرسیارێتی دەستەبژێران .. لەجۆمسکی-یەوە بۆ هەرێمی کوردستان

03/02/2024

ئارام قادر سابر

سەرەتا: نوام چۆمسکی دوو نووسینی گرنگی هەیە: یەکەمیان (ترس لە دیموکراسی) و دووەمیان (بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیران). هەردووکیان لە دوو دۆخی تەواو جیاواز، بەڵام سەبارەت بە ئەمریکا نووسراون، هەردوو تێکستەکە رەخنەییانە ئاراستەی لەلایەک دەسەڵات و سیستمی ئەمریکایی و لەلایەکی دیکەوە چینی ڕۆشنبیرانی ئەمریکی کراون. لە کتێبی یەکەمدا، جیاوازی لە نێوان دیموکراسی راستەقینە و دیموکراسی ساختە-دا دەکات، هەروەها باوەڕیشی وایە ئەمریکا دوو ڕووی جیاوازی هەیە، ئەمریکای ناو ئەمریکا جۆرێکە و ئەمریکا لە دەرەوەی ئەمریکا جۆرێکی تر. هەروەها، ئەمریکا هەرگیز دیموکراسی راستەقینەی بۆ گەلانی دیکە ناوێت، چۆمسکی ئەم بۆچوونەی لە سەروبەندی بەهاری عەرەبی-شدا جارێکی دیکە خستەوەڕوو، بەڵکو دیموکراسییەکی ساختە لە بەڵێن و خەونی ناواقیعی کە دواجار سەر لە نیولیبرالیزم دەردێنێت و فەوزای ئازادی بەناوی تاکگەراییەوە دەخاتەوە. لە کتێبی دووەمدا، کە پێشتر نووسراوە و رەخنەی توندە لە دڕندەیی ئەمریکا لە هەمبەر گەلی ڤێتنام و گوندنشینانی بێتاوان، بەڵام رۆڵی رۆشنبیر و دەستەبژێر رەخنەییانە دەخاتە بەرباس کە دەبوایە ئەوان بێ هەڵوێست نەبوونایە، چونکە ئەوان توانستی شیکاری روداو و درککردنی پێشینە و زانینی حەقیقەتیان هەیە، زیاتر لە هاوڵاتیانی ئاسایی بەهرەمەندن. کەواتە بە گوتەی "ڕۆشنبیران لە پێگەیەکدان، کە دەبێت درۆی حکومەتەکان ئاشکرا بکەن".

ئەگەر ئەم دوو تێگەیشتنەی دوو کتێبەکە بگوازینەوە بۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان، دەبێ سەرلەنوێ پرسیار سەبارەت بە چییەتی ڕۆشنبیر و كاركرد و ئەركی ڕۆشنبیر و ئێلیتە جیاوازەكان بكەین، بەمەش دەبێ سەرلەنوێ پێناسە و ئەرك و تێگەیشتنی نوێ لەبارەیانەوە بونیاد بنێینەوە، دواتریش دوو هەقیقەتی ئاشکرا دەردەکەون، (کە ئێمە نادیدەمان گرتوون!):

یەکەم: لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی دوای ڕاپەڕین، دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان لە ژێر دەسەڵات و چاودێری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا بووە، بەڵام خواستی بە دیموکراتیزەکردنی حەقیقیان نەبووە بۆ هەرێم و دامەزراوەکانی، بەڵکو ئیدارەی قەیران و دەسەڵاتێکی ناتەواو و ناکۆنکرێتیان داوە، بە رێگەی دیموکراسی ساختەوە، کە خۆی لە دەنگدانی روکەشی و تەزویرئامێزدا دەبینێتەوە، رەوایەتیان بە دەسەڵاتەکە داوە. چونکە راستییەک هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی کە ئەمریکا هەرگیز نایەوێت ئەمریکایەکی دیکە هەبێت، ئەو دەبێت هەمیشە نمونەی ئایدیالی هەر دەوڵەت و کۆمەڵگایەک بێت کە خواستی بە ئەمریکایی بوونیان هەیە، کەواتە ئەوان هەمیشە وێنەی کۆپیەکی ساختەی ئەمریکایی دەدەنەوە و هەمیشە هەوڵدەدەن بە دیموکراسی ساختە و قەیرانەکانی نیۆلیبرالیزم، بەڵام هەرگیز پێێناگەن، گەمە و یاساکانی ئەم گەمەیە لە نێوان یار و نەیاردا ئەمریکا ئیدارەی دەدات.

دووەم: بە درێژایی ئەم ماوەیە، رۆشنبیران بەشێک بوون لە شاردنەوەی ئەم هەقیقەتەی کە نادیدەمان گرتبوو. رۆشنبیرێتی تەنها گوتن و نووسین نییە، رۆشنبیرێتی چۆمسکییانە بریتییە لە ئاوێتەکردنی هەڵوێست و زانین، ئاخر زانین بێ هەڵوێست بەشدارییەکی کارا لە ستەمکاریی دەسەڵات و حکومەت دەکات، لە کاتێکدا دەبوایە ئەوان رێگە لەو ستەمکارییە بگرن. نواندنی هەر هەڵوێستێکیش دواجار بۆ نمایش بووە لەبەردەم دوو چاودا: یان بۆ دەسەڵات و حکومەت و دامەزراوەکانی بووە تاکو بیبینن و هەستی پێبکەن و بیخوێننەوە و بیکڕن یان پۆست و پلە و پارە و دەسەڵاتێکی پێبدەن و بەشداریی پێبکەن. یان ئەوەتا بۆ چاوی خەڵک بووە، تا بیناسن و ڕێزی بگرن و لە پرۆسە و دەرفەتێکدا دەنگ و متمانەی پێبدەن و بینێرنە دەسەڵاتەوە، کە هەمان دەرەنجامی یەکەمە بەڵام بە ڕێگەی جیاواز!

بە بڕوای ئێمە، لە کۆمەڵگەی کوردستانی باشوردا، بەرپرسیارێتی گەورە لە هەمبەر ئەم دۆخە، تەنها لە ئەستۆی دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لە ئەستۆی رۆشنبیران و دەستەبژێرانیشدایە، ئەوان دەرفەت و ماریفەتی هەڵوێست و بەرەنگارییان هەیە، وەك ئەوەی بەرهەمهێنەری ئەو دۆخە نەبوون، بەڵام زەمینەی ئەوە هەبوو ئەم دۆخە لە ڕیشەوە بگۆڕن، بەڵام هەڵوێست و قوربانیان نەبوو، چونكە ئەوان خاوەنی جۆرێک لە دەسەڵات و پێگەن، بە تایبەت: مامۆستایانی زانکۆ، مامۆستایانی ئایینی، پزیشکان، قانونییەکان. هەریەک لەمانە خۆیان خستۆتە دەرەوە و سەرووی ئەو دۆخ و واقیعەی کە لە کۆمەڵگە و ژیانی گشتی لە ئارادایە و لای خەڵک هەڵوێستیان بەدی ناکرێت، بێگومان ئەمەش لە گەمەکەدا هەمیشە لە بەرژەوەندی دەسەڵات و بێدادییەکانیدا شکاوەتەوە.
تەنانەت لانیكەم گوتارێك لەسەربنەمای هەڵوێستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆیی نەبینراوە تا شوناس و وێنەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی ببینین و دروست بێت، تا وێنا و بونیادێكی ئۆنتۆلۆژییانەی كوردبوون بێننە ئاراوە.

مامۆستایانی زانکۆ: پێگە و دەسەڵات و توانستی زانکۆ و مامۆستاکانی بریتییە لە رۆڵی وەرچەرخانی ڕیشەیی لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگا و کۆمەڵگادا بەرەو پێشکەوتن بە زانین  زانست و میتۆد و توێژینەوە. ئایا زانکۆ و مامۆستاکانی بەم رۆڵ و بەرپرسیارێتییە هەڵساون؟ ئایا توانیویانە زانست و زانین بگۆڕن بۆ کردار و ئەزموون و هەڵوێست؟ یان ئەوەتا بەشێک بوون لە پرۆسەی زیادکردنی هەلیکار و زانکۆ وەک کارگەی کار و وەبەرهێنانی کارمەندی هەلیکار بووە؟ ئایا لە پێناو بڕوانامە و سی ڤی کاردەکەن بۆ ئامانجی بالاتری تاکەکەسی یان خەم و نیگەرانییەکی قوڵتریان هەیە لە گۆڕینی ریشەیی دۆخەکە و کۆمەڵگە؟ ئایا ژیانی خۆیان دەگۆڕن یان گشتی؟ ئایا ئەم کێشە جۆربەجۆرانە کامانەن کە لە زانکۆکانەوە چارەسەر کراون؟ داهێنان و دۆزینەوەکان کامانەن؟ بەرهەم و ئەنجام و کارکردی زانکۆ و زانکۆییەکان پێکگونجاون؟ ئایا لە ئاست چاوەڕوانی خەڵک و کۆمەڵگە و پێداویستییەکانیدان؟ ئایا ئیمتیازات و دەسکەوتەکان بە تایبەت لە پلە بالاکانی ئەم دامەزراوەیە بووەتە هۆکاری کار و سودی زیاتر بۆ کۆمەڵگە یان بۆ خودی خۆیان؟ ئایا کارکردن لە دامەزراوەی گشتیدا بۆ سودی تاکەکەسییە یان گشتی؟

مامۆستایانی ئایینی: کۆمەڵگەی ئێمە پێگەیەکی هەرە باڵا، تەنانەت بەر لە ئەفسانە و فەلسەفە و زانست، بە ئایین و رۆڵ و کارکردی ئایینی و کەسایەتی ئایینی دەدات، کەواتە رەوایە و مافی خۆیەتی چاودێری زیاتری لە مامۆستای ئایینی هەبێت، لانیکەم بنەماکانی دادگەری و ماف، چاکە و خراپە لە هەڵوێستەکانیدا کارپێبکات، نەک لە گوتە و گوتارەکانیدا، چونکە راستی ئەوەیە کە ئەنجامدەدرێت نەک بە تەنها بگوترێت، ئاینیش لەسەر بنەمای بیر و گوفتار و رەفتار وەستاوە و سێیەمیان دەرەنجامێکە راستاندن بۆ وێناکانی یەکەم دووەم دەکات. ئایا مامۆستایانی بەم پێوەرانە و دەیان پیوەری دیکە بەشێک بوون لە هەڵوێستی کرداریی (فبیده)؟ یان بەشێک بوون لە هۆکار و دابەشبوون بەسەر تێڕوانینەکان و کێشەکاندا، لە باشترین حاڵەتیشدا هەڵوێستیان وابەستەی بە تەنها فتوا کردووە؟ ئایا فتوا بە تەنیا بەسە؟ ئایا لە هەندێک بارودۆخدا هەڵوێست ناچێتە سەرووی چاکە و خراپە و چاکسازیی کۆمەڵایەتی؟

پزیشکان: پەیوەندییەکی راستەوانەیی زۆر نێگەتیڤ لە نێوان ژمارەی پزیشکان لە لایەک و ژمارەی نەخۆش و نەخۆشییەکان لەلایەکی دیکەوە هەیە، بە جۆرێک لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی یەکەم بەردەوام ژمارەی دووەم زیادی کردووە! تا ئەو رادەیەی کۆمەڵگەی ئێمە سەرجەمی بە نەخۆش بکرێت و هەموان بخرێنە دڵەڕاوکێی ئەوەی یان نەخۆشن یان نەخۆش دەکەون، سەردانێکی کورتی مەتەب و نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان بەسە بۆ ئەوەی وێنای کۆمەڵگەی نەخۆش بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان لە مەتەب و کارەکانیان لە سودمەندترینی کەسانی کۆمەڵگەن لەسەر گیرفانی نەخۆش و بە نەخۆشکردنی تاکەکان، لە هەمان کاتێشدا هەرگیز لە پەنجەرەکانیانەوە ناڕواننە ئاپۆرای خەڵکی نیگەران و ناڕازی نەخۆشکراو، بۆ ساتێک ویژدانیانە لەگەڵ ریزی خەڵک ناوەستن! تەنانەت لە دامەزراوە و مامەڵەکانی ئەم سێکتەرە گەندەڵی ریشەیی و بەرچاو لە هەموو ئاستەکاندا هەیە.

قانونییەکان: پێناچێت هیچ شوێنێک هێندەی ئێمە قانون و بڕیار و ڕێنمایی وگشتاندن و فەرمانی دژ بەیەکی هەبێت، هەمووشیان پشتیان بە بنەمای قانونی بەستووە! ئەم دۆخە بازاڕێکی خۆشی بۆ پارێزەر و یاساییەکان سازکردووە! ئەگەر جاران گەندەڵی و سەرانە و داگیرکاری لە سۆنگەی ملهوڕیی و هێز و دەسەڵاتەوە ئەنجامدرابن، ئەوا ئێستا هەمووی لەسەر بنەمای بەڵگە و نووسراو و عەریز ە دۆسیەی فراوانی یاسایی ئەنجامدراون، نمونەیەکی سادە ئەوەیە کە هیچ زەویەک لە ئێستادا بە بێ رێکارە یاساییەکان داگیر ناکرێت، هیچ ئازادیخوازێک بە بێ فێڵێکی قانونی زیندانی ناکرێت، هیچ بەربەست و سکاڵا و بەرتەسککردنەوەیەکی ئازادی و مافەکان بە بێ یاسا ناکرێت. قانون لە دەستور و قانونە دانراوەکانی ئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنی شوار و پەرلەمان و دادوەر و لێکۆڵەر و پارێزەر و مافپارێز و هەموو بوارە پیشەییەکانی دیکە، نەک تەنها حاکم و محامییەکان!

تێبینی: لە ناو هەر چوار ئێلیت و رۆشنبیرانی سەرەوەدا، خەڵکانی بە هەڵوێست و پاک هەن، بەڵام دۆخە گشتی و سەروەرەکە لەلای ئەکەسانە و دەسەڵاتی ئەواندا نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئێمە لە دۆخێکی خراپی دەسەڵاتداریی و دەزگایی و حکومرانی و داراییداین و ئەمەش خواستی کەمینەی بە هەڵوێست نییە. کەواتە، ئەگەر راستییەک لەم نووسینەدا دەبینیت، ئەوا ئەرکی هەموانە پشتیوانی راستی بکەین تا راستی پشتیوانیمان بکات نەک پێی نیگەران بین، خۆ ئەگەر بە ناڕاستی دەزانیت ئەوا پێویست بە نیگەرانی ناکات، چونکە دیارە تۆ ناگرێتەوە و ناراستیەکیش سەبارەت بە تۆ نییە، نابێت دوچاری توڕەیی هەڵچوونی نائەقڵانیمان بکات، بەڵکو هەر تێبینی و گفتوگۆیەکی رەخنەیی و ئارگومێنتیانە زۆر گرنگن و پێشوازی سوپاسگوزارانەیان لێدەکەم!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی