بەدگۆڕانی شۆڕشگێڕان

06/02/2024

ئارام قادر صابر



پرسیارێکی گرنگ لای هەموومان هەیە، ئایا شۆڕشگێرانی دوێنێ، لە گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیی و چاکەخوازیەوە، چۆن وەها بەرەو ستەمکاریی و بەدگۆڕانێک چوون کە ناناسرێنەوە؟ ئەو نهێنیە و پاڵهێزە چی بوو ئەوانی دووچاری بەدگۆڕانێکی ئەژدیهایی کرد؟ ئەم نووسینە دەیەوێت بە نمونە و ئارگیومێنتی سێ فەیلەسوف وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
(رۆبسپێر) لە شۆڕشگێڕانی شۆڕشی فەرەنسی بوو لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و دەسەڵاتی یاسا، بەڵام دواتر بەرەو تیرۆر و کوشتن و گرتن و دادگایی نادادپەروەرانەی سەرکردە و هاوڕێ شۆڕشگێڕەکانی هەنگاوینا، بە تایبەت دادگایی و ملپەڕاندنی دانتۆن و کەسانی دیکە. کەواتە، بۆچی شۆڕشگێڕ کە دەگاتە دەسەڵات دووچاری بەدگۆڕان دەبێت؟ یاخود (کافکا)ییانە بڵێین ئەوە چییە وادەکات کە هەمیشە بوونێکی هێزەکی و ئەگەرێک هەبێت بۆ بەدگۆڕان و نامۆبوون لە ئێستا و ئەو خۆ-یەی کە لە مرۆڤێکی باشەوە دەبێت بە دەعبایەکی دیکە؟ ئایا ئەمە ئەنگێزەیە، یان نەزانین و نەناسینی چاکە و دادپەروەرییە کاتێک کردەکی-یانە دەبن بە بوونەوەرێکی جیاواز لەوەی کە هەبوون.

 (پلاتۆن) لە کتێبی کۆماردا، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش لەبارەی شوانێک بەناوی (جایجیس) دەگێڕێتەوە. لە کتێبی دووەمی کۆماردا، پلاتۆن پرسی دادپەروەری و چاکە دەوروژێنێت لە گفتوگۆ و مشتومڕی نێوان سۆکرات و گلاوکۆن و ئەوانی دیکەدا. چاکە و دادپەروەری پەیوەست بە تاک و سیاسەت و دەوڵەت، کە ئایا پرسێکن لە خۆدا پێناسەکراون یان دەرەکین و لەکاتی رەفتار و کرداردا واتایان پێدەدرێت، ئایا ئێمە لە ویستی خۆمانەوە بڕیاریان لەسەر دەدەین یان دەستورێکی بنەماییان هەیە ە دەبێ پەیڕەوی لێبکەین، چاکە و داد پەیوەستن بە سود و چێژ یان ئەوەتا لە خۆدا چاکن و دەبێ پابەندیان بین. ئایا هیچ پەیوەندییەک لە نێوان چاکە و دادپەروەری و دەسەڵاتدا هەیە؟

(جایجیسی لیدیایی) چیرۆکێکی بەناوبانگە سەبارەت بە شوانێکی خزمەتکاری پاشای لیدیا. رۆژێک لە کاتی لەوەڕاندنی ڕانەمەڕدا، بومەلەرزە و زریانێک رودەدات و دەبێتە هۆی شەقبوونی زەوی، شوانەکە پەناگەیەک بۆ خۆی و مەڕەکانی دەدۆزێتەوە، لە کەلێنێکەوە تەرمێک کە تەنها ئەنگوستیلەیەکی لە پەنجە بوو دەدۆزێتەوە، ئەنگوستیلەکە جادوویی بوو، هەر کە شوانەکە لە پەنجەی کرد، شوانەکە لەبەرچاوان بزربوو، کەواتە هێزی دیارنەمان و بزربوونی لەناو کەسانی دیکە بە شوانەکە بەخشی. شوانەکە لە رێگەی هێزی ئەنگوستیلەکەوە ژنی پاشای خەڵەتاند و پاشای کوشت و خۆی لەسەر تەختی پاشایەتی بە ستەمکارانە دانیشت.
پلاتۆن، بەم گێڕانەوەیە ویستی ئەوەمان پێبڵێت، کە چاکە و دادپەروەری بۆ سوود و چێژی تاکەکەسی نییە، تا بە ویستی خۆی و ئازادانە هەرچیەک کە ویستی ئەنجامی بدات لە دەستدرێژی و کوشتن و رەفتاری بەدئاکاریانە، بە تایبەت کە خواستی ناخەکی لەگەڵ دەسەڵات یەکدەگرن و کردەی خراپ ئەنجام دەدەن، بەمەش چ تاک و چ دەسەلات دەبێت لە ویستی خراپەکاری دووربن و چاکە لەبەر خودی چاکە وەک ئەرک ئەنجام بدەن چونکە چاکە لەخۆدا چاکە، گەرنا هەر ئەنگێزە و ئارەزوویەکی دیکە بکرێتە پاساو بۆ چاکە، ئەوا دەبێتە خراپە و بێدادی.
شۆڕشگێران، لە دۆخی هەمان شوانەوە، خۆیان لە دەسەڵات و ژیانێکی جادوویی دا بینیەوە، لە خانوی قوڕ و پاتەی لاستیکەوە بەرەو چێژەکانی مۆدێرنەی سەرمایەداریی و براندەکان و دەسەلاتنوێنی ناڕەوا و هەوەسبازانە گۆڕان. لە شەڕی پارتیزانییەوە بەرەو پیادەی دەسەڵات و سیاسەت و دیبلۆماسی و ئابووری و بازرگانی هەنگاویان نا. ئەوان لە جەنگ و شەڕی دژ بە دوژمن، دەرەنجامێکی جادووییان بەدەستهێنا، دەرفەتێک کە مومارەسەی دەسەڵات بکەن بەسەر خەڵکدا و دژ بە خەڵک.
لێرەوە، فەیلەسوفی دووەم گرنگە بێتە ناو باسەکەمان. ئەویش (ئەرستۆ)یە کە تێگەیشتنێکی گرنگی هەیە، دەڵێت: باشترین تۆڵە ئەوەیە، کە وەک دوژمنەکەت نەبیت. ئەم تێگەیشتنە بوو بە بنەمایەکی گرنگی فەلسەفەی بەرهەیوانییەکان (ستۆیسیزم-ریواقییەکان)، ئەوان وتیان ئێمە لە خراپەی دوژمنەوە فێردەبین چاکە چییە، کەواتە دوژمن خراپە و چاکەت پێدەناسێنێت و فێرت دەکات، زانینی خراپە دووجار گرنگە، یەکەم کە خراپە نەکەیت، دووەم نەکردنی خراپە خۆی چاکەیە، ئەنجامدانی ئەوەی کە خراپە نییە دەشێ خۆی چاکە بێت، خۆ ئەگەر چاکە ئەنجام بدەیت ئەوە لوتکەی چێژ و بەختەوەرییە.

شۆڕشگێڕان ئەوەیان هەڵبژارد کە ئەرستۆ وتی، واتە لە هەمبەر دوژمن دا، وەک دوژمن مامەڵەیان نەکرد! بەڵکو هەمیشە خوازیاری پەیوەندی و دانوستان بوون لەگەڵ دوژمندا. بەڵام پارادۆکس و سەیرەکە لێرەدا ئەوەیە، کە ئەوان لە هەمبەر هاوڕێ و خەڵکی خۆیان کەوتنە خراپە و دوژمنایەتی، لە ڕۆبسپێر باشتر نەبوون. کەواتە، بە پێچەوانەی ئەرستۆ، لەهەمبەر خەڵکی خۆیان بە هەمان نەریتی دوژمن مامەڵەیان کرد، شەڕ و کوشتن و برسیکردن و گرتن و هەرجۆرە دەستدرێژییەکی دیکە.

ئایا دەتوانین بە فەیلەسوفی سێیەم، وەڵامی ئەم دوو پارادۆکسەی پێشوو بدەینەوە، کە بۆچی شۆڕشگێڕ وێنەدانەوەی دوژمن و ستەمکار و بەرهەمهێنانەوەیەتی، یان رونتر بڵێین (نیچە) لە هۆشدارییەکەیدا، پێینەگوتبوون کە وریابن نەبن بە ئەژدیها! (جا ئەوان، لەو بەدمەستییەدا کوا نیچە و هۆشداری پێشوەختە دەخوێننەوە؟!)
نیچە، بەمشێوەیە هۆشدارییەکەی دەخاتەڕوو: وریا بە لە جەنگی دژ بە ئەژدیهاکان، خۆت نەبیت بە ئەژدیها! ئەم تێگەیشتنە ئێجگار گرنگ و هۆشیاردەرانەیە، کاتێک لەگەڵ ئەژدیها دەکەویتە جەنگەوە، تۆ وەک ئەژدیها دەجەنگی، بە کەرەسەی ئەژدیها دەجەنگی، بە هێزی ئەژدیها دەجەنگی، لەمەوە مرۆڤێکی ئەرستۆیی لەئارادا نامێنێت، شۆڕشگێڕ و جەنگاوەرێک دەبینین کە لەخۆی نامۆ بووە، دڕندانە وەک ئەژدیها دەجەنگێت. بە گوتنێکی تر ئەوان دۆخێک ناگۆڕن، بەڵکو خۆ-یان دەگۆڕن.
لە کۆتاییدا، شوان و شۆڕشگێڕەکان پاشا دەکوژن و خۆیان دەبن بە پاشا، هەمان وێنە و هێز و دەسەڵات دەنوێنن لە دژی خەڵکەکەیان. بەتایبەت لە نمونەی کوردیدا، زۆر دەگمەنە، چونکە ناتوانن ببنە دوژمنی دوژمن، بەڵکو دووقات تۆڵەی ئەم نەتوانینە لە خەڵک و هاونیشتمانی خۆیان دەکەنەوە، یەکەم ئەوەی کە گەیشتن بە دەسەڵات بۆ چێژ و ستەمکارییە، دووەم ئەوەی کە ناتوانن لە هەمبەر دوژمن بیکەن، لە هەمبەر گەلی خۆیاندا ئەنجامیدەدەن. هەروەها، ئەوان دژ بە ئەژدیها خۆیان ونکرد و بوون بە ئەژدیها، هەمان رۆحیەت و فاشیزم و وزەی دوژمن و ستەمکاری و لەناوبەری ئەژدیهایان لە خوێن و شادەماردا گەڕا و بەچێژەوە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی بەرامبەر گەلدا پیادەی دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە