مرۆڤ زۆر كات بەدەست دەردێكی سەیرەوە دەناڵێنێت كە پڕە
لە دەگمەنی و دژیەك بوون، حەزو ئارەزووەكانی سنوریان نیە و كۆتاییان نایەت، ئەوانی
تر سڕ دەكات لەپێناو ئەوەی خۆی بە تەنها یەكەم بێت و جێی بایەخ و گرنگی و سەرنج
ڕاكێشانی هەمووان بێت.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە لەژیانی ڕۆژانەی تاكەكانی
كۆمەڵگەدا ئەوەیە: هەمووان هەوەس و ئارەزووی دەركەوتن و خۆنواندن و گرتنەپێشەوەی
دیمەنە گشتیەكە دەكەن، جا ئیتر لە لەڕێی جل و بەرگ و پۆشاكەوە بێت، یان لەڕێی
دیكۆر و جوانی ڕواڵەتەوە بێت، یان لەڕێ ی سەرو سیماو مۆدێلی قژ بڕینەوە بێت، یان
لەڕێی ووتارو دەربڕین و قسەكردنەوە بێت، یان لەڕێی زانست و مەعریفەوە بێت هەتا
دوایی....
مرۆڤەكان بەشێوەیەكی سەرنج ڕاكێش هەریەكە و بەشێوەیەك كێ
بەركێ دەكەن و هەوڵی ئەوە ئەدەن لە دیمەنەكاندا، لەڕووداوەكاندا، لە ئاهەنگ و
بۆنەكاندا، لە سەردان و گردبوونەوەكاندا، لە پڕۆژە و كارە خزمەتگوزارییە
جۆراوجۆرەكاندا ناوو ناوبانگ و ڕیزی پێشەوە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن بە تایبەت ئەگەر
فلاشی كامێراكان ئامادەی گواستنەوەی ڕووداو و دیمەنەكان بن!
گومانی تێدا نیە ئەوەی گیرۆدەی ئەم هەوەس و ئارەزووە
بووە گیرۆدەی ئافەتێكی تر دەبێت كە دەروونناسەكان پێی دەڵێن: (تصنع) واتە:
خۆدەرخستن و نواندنێكی درۆزنانەی دەست ئەنقەستی دوور لەڕاستی، بۆیە هەندێ جار ئەم
كەسە ئامادەیە پارە و سامان، یان بەخشش، یان هەر ئیمتیازێكی تر پێشكەش بكات تەنها
لەبەرئەوەی ببینرێ و دەربكەوێ!
ئیتر بەمەش لە سروشت و ماهییەت و ناوەڕۆكی ڕاستەقینەی
خۆی دەردەچێت تەنها بۆ ئەوەی وەك پاڵەوان، یان وەك سەرۆك و سەركردەیەكی بێ وێنە
ببینرێ، یان وەك مەلاو زاناو مامۆستاو كەسێكی كاریگەر دەربكەوێ و بناسرێ كە
هەمووان خۆشیان دەوێ و گوێی بۆ دەگرن!
هەندێك پێیان وایە حەزی خۆدەرخستن و دەركەوتن یەكێكە لە
سیفەتە سروشتیە ئاساییەكانی مرۆڤ و هیچ پەیوەندییەكی بە ڕەگ و ڕیشكی كەسایەتی
ڕاستەقینەی مرۆڤەكانەوە نیە، لە كاتێكدا دەروونناسەكان ئەم جۆرە ئارەزووە بە یەكێك
لە گرێ دەروونی و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان پۆلێن دەكەن و، پێیان وایە كە پەیوەندی
ڕاستەوخۆی بە پێكهاتەی تاك و كەسایەتی و جۆری پەروەردە و ژینگەی كۆمەڵایەتیەوە
هەیە!
بەهەرحاڵ ئەم حاڵەتە پێویستی بە توێژینەوەی زانستی هەیە
بە تایبەت لەم قۆناغ و سەردەمەدا كە ئەم جۆرە كەسانە چینێكی بەرفراوانی كۆمەڵگە
پێكدەهێنن و ژمارەیان ڕۆژ بە ڕۆژ لەزیادبووندایە!
لەگەڵ بەربڵاوی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و پەرەسەندنی
ئامڕازەكانی پەیوەندی و سۆشیال میدیا و، هەیمەنەكردنی كەناڵەكان و كامێراكان و
وێنەكان و گواستنەوە و گەیاندنە ڕاستەوخۆ و زیندوەكان وەرچەرخانێكی گەورە و خەیاڵی
ڕووی لە مرۆڤەكان كردووە و، هەموو گوفتارو كردارو بەرهەم و جوڵەیەك بەوێنە گرتنەوە
پەیوەست كراوە هەر لەبەرئەوەی ببێتە قسەو باس و ویردی سەر زمانی دەوروبەرو ئەوانی
تر!
مەعلومە لەڕابردوودا وێنەگرتن بۆ یادگاری و یادەوەری
بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم هەوەس و ئارەزوەوە بۆ دەركەوتن و خۆنواندن و
خۆناساندنە!
ئێمە ئەگەر لەم دیاردەیە وورد ببینەوە وا دێتە پێش
چاومان وەك ئەوەی ڕەشەبا و گەردەلولێكی توند پاڵ بەم جۆرە مرۆڤانەوە بنێت بەرەو
ئەم جۆرە حەزو ئارەزوو هەوەسەوە بڕۆن.
حەزكردن لە دەركەوتن ئەگونجێ ئەندازەیەك تینویەتی ناخ و
دەروونی مرۆڤ بشكێنێ و ئەو هەوەسە دامركێنێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا وەك بیرمەند و
فەیلەسووف و زاناكان و دەروونناسەكان دەڵێن ئەمە نیشانەی بۆشاییەكی گەورەی ڕۆحی و
ناخی مرۆڤە، چونكە ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە ناخە پاكەكان و ڕۆحە بەرزو بڵندو
گەورەكان هەمیشە بیریان لە گەشەی ڕۆح و عەقڵ و هزرو تۆخكردنەوەی خەسڵەت و بەها
باڵاكانە و، بەم جۆرە حەزو ئارەزووە كاتی و ڕواڵەتی و لابەلایانە ناخەڵەتێن و فریو
نادرێن و دانابەزنە ئەم ئاستە نزمە لە حەزو ئارەزووە دەرونیە كاتیەكان كە هیچ
مەقام و دەست كەوت و شكۆو گەورەیی و داهاتوویەكیان بۆ مرۆڤەكان تێدا نیە!
كارەساتە كاتێك مرۆڤ هەموو هەوڵ و كۆشش و گوفتارو
كردارێكی لەپێناو تێركردنی ئارەزووی دەركەوتن و شۆرەت و خۆناساندن بێت، چونكە مرۆڤ
بەم جۆرە تایپ و فۆڕم و بیركردنەوەوە لە مرۆڤایەتی سروشتی و ڕاستەقینەی پاك و
خۆڕسكی خۆی دەردەچێت و، دەبێتە ژێردەستەو دیلی ئارەزووەكانی و، تێربوون نازانێت
تەنها بە دەركەوتن نەبێت لە دیمەنە گشتیەكەدا.
گومانی تێدا نیە كە هیچ كەسێك ئارەزووی فەوقییەت و
دەركەوتن و خۆنواندن ناكات تەنها لە حاڵەتی هەستكردنی نەبێت بە كەمی و لاوازی و
بۆشایی ڕۆحی و ناخ و ناوەوەی خۆی! بۆیە ئەمە پاڵنەر دەبێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات بەم
حەزو ئارەزووە بۆشاییەكە پڕ بكاتەوە و خۆی ڕزگار بكات!
ماوەتەوە بڵێم: ئێمەی مرۆڤ لەم كات و زەمەن و چەرخە
جەنجاڵەدا كە ڕۆتین و ڕواڵەت و شەكلیات ئاڕاستەو تەحەكوممان دەكات و، چەندان ئافەت
و كێشە و دەردو ئارەزووی دەروونی ڕووی تێ كردووین و سەرەپای ژیانمانی داگیركردووە،
پێویستە لەسەرمان بەخۆدا چوونەوەیەكی ڕاستەقینە بەخۆماندا بكەینەوە و، جارێكی تر
سیاغە و داڕشتنەوەی ژیان و كەسایەتی خۆمان بكەینەوە و، خۆمان لەڕووی ڕۆحی و عەقڵی
و مەعریفی و پەروەردەییەوە دەمە زەرد بكەینەوە، تاوەكو بەكردەوە ببینە مرۆڤێكی ساغ
و تەندروست و بەرهەمدارو كاریگەر لە كۆمەڵگادا، مرۆڤێك دوور بێت لە نیفاق و هەوەس
و ئارەزووە دەروونیە نزمەكان و، بە بەها بەرزو خەسڵەتە جوان و ئامانجە گەورەكان
ڕازابێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی