فەرمانبەران و مامۆستایان لەنێو بەرداشی هەرێم و بەغدا

27/02/2024

ئەحمەد دەروێش

هەرێمی کوردستان لە سیساڵی تەمەنیدا  ، نەک هەرخاوەنی ستراتیژ نەبووە ، بەڵکو نەیتوانیوە وەک زانست لەسیاسەت بڕوانێ ۰
یەکەم / سیاسەت لەسادەترین پێناسەیدا بریتییە لە هونەری مومکینات  ، هەرێم لەهەندێ قۆناغدا دەستی بردووە بۆ هەندێ ریسک و سەرکێشیی کە ئاییندە و لێکەوتە فرەڕەهەندەکانی ئەو کەیسانەی لەرووی سیاسیی و یاسایی لێکنەداوەتەوە ، بەنمونە ئابووری سەربەخۆ و پاشانیش ریفراندۆم ۰
بێگومان گەر دیراسەیەکی وردی بۆسیاسەت وەک زانست بکردایە ، بەمانایەکی دیکە ؛ ئەگەر هەبوونی هەرێمی لەنێو ستراژییەتی ئەمریکا وەگیرکەوتبا ، هەرگیز بەم دەردەی ئێستا نەدەچوو ۰
دووەم / سیاسەت بریتییە لە ؛ هونەری بەڕێوەبردن :
بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکان ( یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ) ، بەدیاریکراویش پرسی ئابووری و ژیانی ئابووری ، پرسی عەدالەت و بەهاکان و چاکەی گشتی ۰
ئەو دوو خاڵەی سەرەوە پێماندەڵێ کە ؛ سیاسەتکردن میزاج و کەللەڕەقی نییە ۰  ئەکتی سیاسی ، بڕیاری سیاسی ، دیراسەی فرەڕەهەند و  زانستیانەی گەرەکە ، کە بارگراوی بێت بەتوخمی ئەخلاق ۰
لەسایەی بڕیاری ئابووری سەربەخۆدا ، هەرێم و خەڵکەکەی دەساڵە باجی ئەو هەڵە سیاسییە دەدات               "لەشوباتی ۲۰۱٤ بودجە لەبەغداوە قوت کرا " ، لەو کاتەوە و لەو ۱۲۰ مانگەدا ، تاکە مانگێک نەبووە کە موچەخۆر دڵنیابێت لەموچەی مانگی داهاتوی !
لەکاتێکدا تاکی کورد گومانی لەوە نەبووە کەدەسهاتی نەوتیی و نانەوتی بەزیادەوە بەشی موچە و خزمەتگوزاریش دەکات ! حکومەتیش شەرمنانە و لەژێر لێوەوە دانی دەنا بەهەبوونی گەندەڵی ( پرۆژەی چاکسازی ) ۰
لەئێستادا ، حکومەتی فیدراڵ و دادگەی فیدڕالی :
۱ - بەئاشکرا فرۆشتنی نەوتی لێقەدەغە کردووییت ۰
۲ - بودجەت لە بەغدایە ۰
۳ - پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی لێهەڵوەشاندویتەوە و حکومەتۆکەش بووەتە کاربەڕێکەر ۰
٤ - کۆمیسیۆنت هەڵوەشاوەتەوە و بەغدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانت دەکات ۰
ئیدی تاکەی سیاسەت وەک هونەری مومکینات تەماشا ناکەیت ؟
بۆچی موچەخۆران بەبارمتە دەگریت و داتا و زانیاری موچەخۆران نادەیت بەبەغدا و ٫ موچەی موچەخۆران هاوشێوەی عێراق جێگیر ( توطین ) نەکرێ و ، پلەبەرزکردنەوە و ماف و ئیمتیازاتی خانەنشینان هاوشێوە نەکرێ ؟
ئەقڵ لۆژیکیش ئەوەمان پێدەڵێ ؛ موچەخۆرە راستەقینەکانی هەرچوار پارێزگاکە ئارەزوی تەوتینی موچەدەکەن ، نەلەبەرئەوەی دوژمنی خۆیان و کیانەکەیانن ، بەڵکو لەبەرئەوەی دەساڵی رەبەقە بەناوی کوردایەتیەکی موزەیەف ، ستەمیان لێدەکرێ و لەبەرانبەریشدا ڤیگۆری سیاسی دەسەڵاتدار بوونەتە خاوەنی دەیان ملیارد دۆلار ۰
بەبۆچونی من ؛ بەردەوام بوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر کەللەڕەقی و دوور وەستان لەبەغدا و ، بەمانایەکی دیکە بەشدارینەکردن لە سەکۆی بڕیاری سیاسی عێراق ، ئەوە لەقۆناخی یەکەم و  لەئێستادا موچەخۆران زەرەرمەندی یەکەم دەبن و ، لەداهاتوشدا کورد وتەنی ( ئەوبایە لەو کونەوە بێت ) دەسەڵاتدارانی هەرێم زەرەرمەندی گەورە دەبن و ، رەنگە بەغدا لەرێی دادگا ، دەیان دۆسییەیان بۆ بکاتەوە ۰

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی