لە سفرەوە دروستی دەکەینەوە !

28/02/2024

بەهێز حوسێن



دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات سڕ کرد ، پێشتریش پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و کورد بەپەلە نەکەوێتەخۆ ئەوا حکومەتی کاربەڕێکەریش سڕ دەکات !.
پرسیار ئەوەیە کە ئەمەی ڕوودەدات چییە؟
لە ڕاستیدا ئەمەی ڕوودەدات کارکردنی دەسەڵات بووە لە هەرێم بەدەر لە دەستوور و قانوون ، وەک کورد دەڵێت : هەر وشکە کەڵەکمان کردووە .
بزانە حکومەتی هەرێم ئەتوانێت هەر بەو دەستوورەی دادگای فیدراڵی دەست و پێی دەگرێت ، سکاڵا بکات ؟.
حکومەتی هەرێم وەک کۆتری باڵ کراو ناتوانێت بەرامبەر ئەو هەموو مەرج و ڕێوشوێنانەی دادگای فیدراڵی بەسەریدا سەپاندوویەتی جوڵەیەک بکات ، ئەوەش داد ناخوات بوترێت بڕیارەکان ڕەتدەکەینەوە و دادگاکە برێمەرییە و بڕیارەکانی سیاسین ، بەڵکو  ئەو حوکمڕانییەی لە 2014 وە لەهەرێم هەر بە ئارەزوو ئەوەی ویستوویەتی کردوویەتی دەبێت ڕاستبکرێتەوە و بە دەستوور بکرێت ، چونکە لەو کاتەدا دادگا ناتوانێت حوکمی بەسەردا  بدات .
ئەم جۆرە حوکمڕانییەی ئێستای هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆش پشتیوانی حیزبی و میللی نەماوە و دەبێت بە جۆرێکی تر دابڕێژرێتەوە .
من هەموو ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵی بە هەلێکی گەورە دەزانم بۆ بونیاتنانی حوکمڕانییەکی باش کە لەسەر بنەمای دەستوور دروست بکرێت و حکومەتێکی خزمەتگوزاربێت ، کورد ئارەزوومەندە و دەشتوانێت لە سفرەوە دەست پێبکاتەوە و هەڵە و کەموکوڕییەکانی تێپەڕێنێت و ڕاستیان بکاتەوە .
ئەبێت حوکمڕانان لە کوردستان بە ناوی چینی شۆڕش و خەباتی شاخ و بەرەنگاری دیکتاتۆریی لە دوێنێ دا دەستوهەڵبگرن و حوکمڕانێتی بدەنە دەست ئەو نەوەیەی جگە لە تەکنۆکراتێتیی هیچ منەتێکی تری مەعنەوییان نییە بیکەن بەسەر خەڵکدا !.
هیچ عەیبە نییە لە سفرەوە بونیادی دامەزراوە و سیستمی حوکمڕانیمان بنێن و هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەینەوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی