سۆسیۆلۆژیای هوتافکێشان !

03/03/2024

ئاسۆ عەبدوللەتیف



هوتاف؛ وەک دروشمی سیاسی، کردەیەکی ڕاگوزەرو ئایدۆلۆژی و کەرەستەیەکی گرنگی خەباتی مەدەنی بوو بۆ گۆڕانکاری لەدوای شۆڕشی فەرەنسی و ڕێنیسانس و درێژبۆتەوە بۆ دونیای ئێمە. 

هوتاف ئەگەر کاریگەری نەبوو لەسەر ئاراستەکردنی جەماوەرو حیزب بۆ گۆڕانکاری گەوهەریی، ئەوە هوتاف نیە بەڵکو شۆی میللی و توڕەیی حیزبی و ئایدۆلۆژیی و ڕقە، هەندێک جار، هوتاف کارتی سیاسی دەستی حیزبە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێک لە ڕکابەرەکانی، یان بۆ دەستخستنی پۆستێکی حکومی، بەڵام لەقوڕگی فەقیرو هەژاردا ئەیهێنێتە دەرەوەو تەنها هاوارێکەو بەس، هەندێک جار، هوتاف هی شۆڕشەو هەقانیەتێکی تێدایە بۆ چین و توێژەکان بەس چونکە لە قوڕگ و دەنگی میرابۆیەکی کۆیلەو سیخوڕ دێتەدەرەوە بەهای هوتافکێشانی نیەو لاوازە.

 هوتافی شۆڕشگێڕیی پیرۆزە ئەوەنیە ئێستا هەیە بەو جۆرە کۆمیدیە، بەڵکو بەرزو دڵنەوازو ئیقاعێکی بەستەیی ڕادیکاڵانەی هەیەو جیاوازە لە ئیقاع و تۆنی نزم و تەسلیمخوازی و ملکەچی بۆ دوژمن، جارجار هوتاف بێئیشیەو جۆرێکە لەسەرگەردانی هەندێک بوونەوەرو هەندێک جاریش خۆشباوەڕیەو بەکارهێنانی ئامێری قوڕگی ئەویترە بۆ مەبەستی شاراوە، بۆیە کەمتواناو بێکاریگەرو زاهیرەی سەوتیە.

ئەم جۆرە لە هوتافکێشان لێرەو لەوێ، هیچ دەرەنجامێکی نییە چونکە حکومەتێک هەیەو لەبەرامبەر هوتافدا خاوەنی خیتابە با ئەو خیتابە لاوازیش بێ ، هوتاف جەنگاوەرو رەمزو کاریزمای خۆی دەوێ، پەرێزپاکی دەوێ، سادەیی دەوێ، زادەی شۆڕشی خۆڕسکانەیە، ئەوەی ئێستا زادەی پەرچەکردارێکی عەفەویانەیە، ئەها بەوەدا بزانن هوتافی لەم جۆرە بێزیان و بێکاریگەرە، کە ناوەرۆکێکی فیکری و مەعریفی و ئوستورەیی سۆسیۆلۆگیانەی نیە، نەشیعرەو نەکەلام و نە بەرنامەو پرۆگرام، جوینەوەی قسەو ترێندی سۆشیاڵمیدیایە، هەناسە هەڵکێشانە بۆ بێدادیی، کەسی بەناوبانگیش واتە ئاغا شاراوەکە، هوتافکێشە راستەقینەکە نیە، ئەسڵەن تۆی ڕەنجبەر هوتاف ئەکێشی بۆ ئەوەی کەسە ڕاقیەکان و موچەبەرزەکان و ئاغایان پارێزراوبن و دەنگی پێ کۆبکەنەوە.

 داخی گرانم، بزانە کێ هوتاف دەکێشێ بەڕۆژداو قوڕگی دڕاوە، بەشەوانیش کێ بەرهەمی هوتافکێشەکان دەخواو ماسی مەسگوف و ستێکی گوێرەکەو شەراب و کیژی جوان بەیەکەوە ئەخواو دواتر ئەرزی بۆ ئەدڕێ لەبری قوڕگی.

یەک وەزیرو پەڕلەمانتارو مەندوبێکی شکستخواردووی کۆنی ئۆپۆزسیۆن و گیرفانپڕو خۆشگوزەران و خاوەن ڤیللاو ئۆتۆمبیل راقی دووژنە، کە جەوازی نێودەوڵەتی لە گیرفانەو مناڵەکانی لە قوتابخانەو زانکۆی ئەهلی هایکۆست دەخوێنێ و یەک ڕۆژ بایکۆتیان نەبینی، دەی برای هوتافکێشی ڕەنجەڕۆ، قەت نابینی ئەو قارداشە سکتێرانە هوتاف بدەن و بڵنگۆ سورەکە لەدەستت بگرن، ئەی تۆ بۆ وائەکەی؟

ئاسۆ عەبدوللەتیف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە