لە چ دۆخێکداین، بۆ گەیشتینە ئێرە و رێگەچارە چییە؟

18/03/2024

فارس نەورۆڵی



هەلومەرجی ئێستای هەرێم لە دۆخێکدایە، هەموو کایە و گریمانەیەک، زیاتر بەرەو نوقم بوونمان دەبات، وەک ڕزگار کردن. ئەمەش بە جۆرێک تینی بۆ هێناوین، تا ڕادەی نەفرەت لە خود و لە کورد بوون پەلکێشی کردووین. ڕۆژانە بەرگوێمان دەکەوێ، کە ئەمە کارەساترین هەلومەرجی بیرکردنەوەیە، بۆیە دەکرێ ئەم بارودۆخە وەک تەڵەزگە (مەئزەق) ببینین. تەڵەزگە بەو مانایەی، کە دوو ڕێگا یان دوو بژاردەی یەک لە یەکدی خراپتر. یانی لە نێوان خراپ و خراپتردا سەرپشک بکرێین.

بۆ گەشتینە ئەم دۆخە تەڵەزگەیە؟ بە دڵنیاییەوە بە درێژایی مێژوو بەشێکی کەوتنەکان، ئەنجامی کورتبینی سیاسی و بچوک بیرکردنەوەی خۆمان بووە، قسەم لەسەر دژبەرەکانی کورد نییە، چونکە ئەوان ئامانجیان ئەوەیە تۆ نەبیت، ئەدی تۆ خۆت سەرقاڵی چ نەهامەتیگەلێکین!

ڕێگا چارە چییە؟

ڕاستە ئێمە تەنگانەی لەمە خراپترمان دیووە، بەڵام کارەسات ئەوەیە، پەندی لێوەرناگرین و نەبووبێتە بەشێک لە ژێرخانی دونیابینیمان.  هەرچەندە من زۆر بەهیوا نیم و زۆریش بێ هیوا نیم، بەڵام مەحمود پاشای جاف ئێژێ "کاتێ توانیم نەمزانی کاتێ زانیم، نەمتوانی" ئێمە زۆر دەرفەتمان لەدەستدا، کە نەدەبوو وابێت، بەڵام ئێستا دارێکمان بەدەستەوەیە، سەرێکیان خراپ و، ئەوی دی خراپتر. ناچاریشین دەست بۆ یەکێکیان بەرین. لەم کاتەدا دەبێ دەس بۆ خراپەکە بەری، ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە بە هۆشیارییەوە، خەمڵاندن و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین، ئاخۆ کام ڕێگا کەمترین زیانمان پێ دەگەیەنێت.

باشترین ڕێگا داننانە بە هەڵەکانی خۆمانداو بە زمانی کەللــەڕەقی و بەربەرەکانێ یەکتر نەدوێنین، چونکە ئەو زمانە جاڕی کەوتنە و هیچی دی. نازانم دەرفەت ماوە یان نەماوە، بەڵام سیاسی ژیر و دووربین ئەوەیە، لەبێ دەرفەتیدا دەرفەت بخولقێنێ و، هێزی لۆژیک پاڵنەری بڕیارەکانی بێت. چونکە ئێستا نە کات، نە مێژوو و، نە بەرژەوەندی هێزەکان چاوەڕوانی ڕاست بوونەوەی باری لاری ئێمە ناکەن. دەبێ بۆخۆمان بڕیاری ژیرانەوەرگرین چیتر کەس فرمێسک بۆکارەساتی ئێمە ناڕژێێ وەک شاعیردەڵێ (مە ل خۆی سەری خۆی هەڵگرێ هێلانە بڵێ چی) ناشکرێ هەموو جار میللەت بکەینە قوربانی و بڵێین سووچی دوژمن بوو. نزیکترین ڕێگا لەم قۆناغەدا (پرس و ڕا لەتەک دۆستان وئاقڵمەندان سەیرکردنێکی شکستەکانی دوێنێیە بۆئەوە بەهێوری مامەڵەی ئێستا بکەین). ئەگینا!!

وتارەکەی من وتاری دۆستە نەک ماستاوچی وپیاهەڵدان چونکە کەمێک سەرلەودۆخەدەردەکەم، تکایە هەستیار بن. ئەحزابی کوردی بەرژەوەندی خۆتان مەخەنە سەروو بەرژەوەندی کورد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی