هەڵبژاردن لە ناو تەپوتۆزدا

18/03/2024

مەجید ساڵح


دوای دواکەوتنی بۆ ماوەیەکی زۆر، دواجار لە نیوان گومان و یەقیندا بڕیارە لە حوزیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت!
هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوو، چونکە هیچ شتێکی بە دڵی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بە پێچەوانەشەوە هەموو شتێکی بە دڵی هاوپەیمانەکەی دوێنێ و رکەبەرە سەرسەختەکەی ئەمڕۆ و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ترە. چەند مانگێک پێش ئێستا دۆخەکە تەواو پێچەوانەی ئێستا بوو، یەکێتی حەزی بە هەڵبژاردن نەبوو، لەبەرامبەردا پارتی زۆر پەلەی بوو لە هەڵبژاردن، چونکە پێی وابوو یەکێتی ئەوەندە بچوک بووەتەوە بەرگەی هەڵبژاردنێکی تر ناگرێ. یەکێتی زۆر هەوڵیدا جۆرێک لە جۆرەکان وەک جاران لەگەڵ پارتیدا کورسیەکان بەش بکەن، بەڵام پارتی نەشئەی سەرکەوتن گرتبووی حسابی بۆ سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی باڤل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نەدەکرد.گوشارەکانی پارتی یەکێتی ناچار کرد هەموو هەوڵێک بدات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام پارتی سور بوو لەسەری. یەکێتی کۆنگرەی بەست و باڤڵ توانی جڵەوی یەکێتی بگرێتە دەست و یەکێتیەکی یەک دەنگ و یەک رەنگ دروست بکات و سەرە زلەکانی ناردەوە «لۆ مارێ». پاشان کۆمەڵێک هەنگاوی سیاسی و دپلۆماسی نا و لە هەموویدا سەرکەوتوو بوو، بە تایبەتی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی کوردستان، کە یەکێتی بەوڕادەیە پێشبینی نەدەکرد لە بەرژەوەندیدا بێت... کورت و موختەسەر پارتی ئێستا لە دۆخێکدایە کەس حەسودی پێ نابات..!

هەڵبژاردن دەکات هەر وەی، نایکات هەر وەی... مێژووی ململانێی ئەم دوو حزبە بریتیە لە ئەزمونێک چەندین جار وەک خۆی دووبارە دەبێتەوە و نامەوێ بیرتانی بهێنمەوە، چونکە خۆتان هەمویتان لەبیرە. کاتێک بە حیوار و دیپلۆماسی ناگەنە رێکەوتن و یەکێکیان زاڵ دەبێ، دەیەوێت ئەوی تریان لە مەیدان بسڕێتەوە، لایەنەکەی تر کارێکی چاوەڕوان نەکراوی وا دەکات دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکات و هەموو شتێک دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر... بەمە هەم خۆیان زەرەرمەند دەبن و هەم ئەو خەڵکە داماوە کە جۆرێکی مردن نییە تاقیان نەکردبێتەوە..

ئێستا تەپوتۆزێک هەڵی کردوە، کۆتاییەکەی نازانرێ، یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بێ تێگەیشتن لە ئاکامەکەی دەیانەوێ بچنە ناویەوە، پارتی هەندێ هەنگاو هەڵدەنێ ئاماژەن بۆ ئەوی بە میکانیزمە کۆنەکە دەیەوێ، لەو باوتۆزەدا هەموو وەرەقەکان تێکەڵ بکات.

خۆزگە سەرکردە سیاسییەکان چاویان لە سەرکردە عەرەبەکانی عێراق دەکرد و تێدەکەیشتن، دۆڕان لە هەڵبژاردنێک بە مانای کۆتایی دنیا و حزبەکەی ئەوان نییە و بە رۆحی وەرزشکارانە وەریان دەگرت، بەڵام پێ ناچی دەرسیان لە مێژووی خۆیان و دەوروبەر وەرگرتبێ.. لەم دۆخەدا حیکمەت خەرجکردن و واقع بینی کارێکی زۆر زەرورییە و پێویستە پێش هەڵبژاردن ئیتفاقێکی شەرف ببەستن و  کار نەگەیەننە ئەوەی دوژمنان دڵخۆش بکەن و جۆرێکی دیکەی مردن لەو خەڵکەدا تاقی بکەنەوە.. هەڵبژاردنێک ئەگەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک نەهێنێ، نەکرێت باشترە...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە