هەژماری من، یان هەژماری ئەو

18/03/2024

چۆلی ئەسعەد


یاریکردن بە چارەنووسی مووچە و بە بارمتەکردنی وەک پرسێکی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە و پاشان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە، کارێکی نائاکاریی و دوور لە هەستی بەرپرسیارێتییە. دەسەڵاتدارانی هەرێم، دوای لێکەوتەکانی ریفراندۆم و شکستی ئابووری سەربەخۆ و هەڵکشانی باڵای گەندەڵی و ناعەدالەتی و مەحسوبییەت و ژێر قەرزکەوتنی هاووڵاتییانی باشووری کوردستان و هەڵتۆقینی چەند ملیاردێرێکی نەناسراو و بێ پێشینەی ئابووری و بازرگانیی پێشوەختە، حکومەتیش خۆی وەک قەرزاربار نمایش دەکات، دوای هۆشیارییەکانی وڵاتان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەو هەموو قەیرانەی بەرۆکی خەڵکی گرتووە لە دەرەنجامی ئەو دۆخەی خوڵقاندوویانە، ئێستا لەبری هاوکاری  چارەسەرکردنی کێشەکە و ئینکاریی لە دابەشکردنی مووچە لە ڕێی ئەو هەژمارەوە دەکەن کە خۆیان دروستیانکردووە، گوێ بەو ئازارە نادەن خەڵک تێیدا دەژی و دوای ئەو هەموو نەگبەتییەی بۆ خەڵکیان کردووە بە میرات، هەموو ڕێگاکانی نەگبەتییان تاقیکردەوە، لە نان بڕین و مووچەبڕین و پاشەکەوت و لێبڕین و دواخستن و سزادانی خەڵک، هەژماری منیان کردووە بە بیانوو، پێیانوایە کە هەژمارەکەی ئەوان لە بژیویی خەڵک گرنگترە. ئەم دەسەڵاتدارە بەرژەوەندییخوازانە، نایانەوێت ئەو ڕاستییە بزانن کە بەهۆی ڕەفتار و کردە نابەرپرسانەکانی ئەوانەوە هەست و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی هاوڵاتی بەشێوەیەک دابەزیوە قەت نەیارانی پێیان نەکردووە ، ئێستا بۆ هاوڵاتی ژیان لەسایەی ئەو بێ متمانەییەی دەسەڵاتداران خوڵقاندوویانە هەژمارەکەی ئەوان لە هەژمارەکەی من لەپێشترە ، ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە بیریان چۆتەوە کە کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە. دەبێ ئەوەش بزانن هەموو هەژمارەکان نانێک ناهێنن کە برسییەک دەیخوازێ..


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی