ئایا براوەی هەڵبژاردنی ئەستەنبۆل براوەی هەموو تورکیا دەبێ؟

28/03/2024

هیوا سەید سەلیم



  یەک سەدەیە حزبە گەورەکانی تورکیا بە تایبەت ئەوانەی ڕکابەری لەسەر وەرگرتنی دەسەڵات دەکەن ئەوی سەرەوەیان کردۆتە بنەمایەک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، پێدەچێت بۆ ئەم ڕایە ئەزموونی ئەردۆگان کرابێتە پێوەر، چونکە ئەو پێش ئەوەی حزبەکەی بگاتە دەسەڵات خۆی ماوەی چوار ساڵ (  1988-1984  ) سەرۆکی شارەوانی بووە دواتر حزبەکەی لە ساڵی 2002   دەسەڵاتی گرتۆتە دەست بۆیە هەمیشە گووتراوە:-
 "ئەوەی ئەستەنبۆل بباتەوە وەک ئەوە وایە هەموو تورکیای برد بێتەوە وە ئەوەشی کە هەڵبژاردنی ئەستەنبۆلی دۆڕاند بێت هەموو تورکیای دۆڕاندووە"
بڕیارە ڕۆژی 31 ئاداری2024، هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی تورکیا ئەنجام بدرێت، لە 81 پارێزگا دەنگ بۆ سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگا و تەنانەت هەزاران موخاتریش دەدرێت،  بەڵام لە نێو هەموو ئەمانەدا زیاتر چاوەکان لەسەر پۆستی شارەوانی ئەستەنبۆل دەبن.  ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە شاری ئەستەنبۆل لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و گەشتیاری گرنگی خۆی هەیە، وە شارەکانی دیکەش تا رادەیەک بەسەر حزبە گەورەکان دابەش بوونە، بۆ نموونە گەورە شاری ئیزمیر بە قەڵای CHP ناسراوە ئەگەر چی پارتی دادو گەشەپێدان AKP لە چەند هەڵبژاردنی دواییدا وویستی ئەو قەڵایە بڕوخێنێت و کاندیدی پارتەکەی لەو شارە سەربخات.
  ڕاپرسیەکان باس لەوە دەکەن لە گەورە شارەکانی وەک ئەنقەرە و ئیزمیر بە جیاوازییەکی کەم CHP لە پێشی دەنگەکانی AKP دایە،  بۆیە AKP تەرکیزی زیاتر خستۆتە سەر شاری ئەستەنبۆل و لەو شارەدا دەیەوێت شکست دووچاری ڕکابەرەکەی بکات کە کاندیدی CHPیە.
شایانی باسە، لە شاری ئەستەنبۆل 46 کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبۆل لە پارتە سیاسییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان ڕکابەری بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل دەکەن، بەڵام دوو لە هەر کاندیدە بەهێزەکان کە شانسی دەرچوونیان لەوانی دیکە زیاترە بریتیین لە هەریەک لە ئەکەرەم ئیمام ئوغلوو،  کاندیدی پارتی گەلی کۆماری CHP و سەرۆکی شارەوانی ئیستای ئەستەنبۆل و مووراد کەرەم کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان AKP.
AKP ساڵی 2019  واتا پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەستەنبۆل لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە بەرامبەر بە ئەکردم ئیمام ئۆغلوو تووشی شکستێکی گەورە بووەوە، دوای ئەو شکستە دەبوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام درا کاندی AKP رەجەب تەیب ئەردۆگان بوو لە بەرامبەر کەمال کلیچدار ئەغلوو بدۆڕێنێت، بەڵام وادەرنەچوو و دەریش کەوت ئەو قسەیەی سەرەوە مەرج نیە هەموو جارێک درووست بێتەوە، بەلام ئێستا ئەردۆگان و پارتەکەی کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەر بیانەوێت بڵێن ئێمە براوەی هەموو تورکیایین دەبێت لە ئەستەنبۆل براوە بن..
ئەگەپە جگە لەوەی تێپەڕاندنی دەنگەکانی لە بەرامبەر CHP بۆ زەحمەتە کەوتووە، کۆمەڵێک ئاڵانگاری دیکەی لە پێشە ئەوانیش بریتیین لەوەی کاندی CHP لە کاندیدی AKP بەهێزترە، هەروەها پارتی رەفا کە پێشتر دەنگەکانیان بۆ بەرەی AKP بووە،  ئێستا لەو بەرەیە هاتوونەتە دەرەوە و کاندیدی خۆیان کە کەسێکی بەهێزە بۆ شارەوانی ئەستەنبۆلهەیە.  واتا پارتی رەفا ئەگەر دەنگی تەواوی خۆی بەدەست بهێنێت و پاشەکشە بە کاندیدەکەی نەکات %3.5 دەنگی ئەگەپە کەم دەکات،  چونکە پارتی رەفا لە ئەستەنبۆل خاوەنی ئەو رێژەیەی دەنگە.
چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ  31ئادار DEM  پارتی بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕابردوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە سیاسەتێکی درووستیان گرتەبەر،  بەوەی پێشوەختە لەسەر هیچ یەک لە بەرەی CHP و AKP خۆیان ساخ نەکردۆتەوە، لە ئێستادا بەشێک لە میدیاکان باس لە دابەش بوونێک دەکەن لە نێو بڕیاری مەرکەزی DEM  پارتی بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین بریتییە لە دابەشکردنی ڕۆڵ لە نێوان کەسانێک کە بانگەوازی ئاشتی دەکەن و ئەردۆگان دەخەنە بەردەم بەرپرسیارەتی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی ئەوانیش بریتیین لە هەریەک لە ( لەیلا زانا، سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد تورک) هەروەها لایەنی دووەم کە هیچ ئومێدێکیان بە نزیکبوونەوە لە ئەردۆگان نیە ئەوانیش بریتین لە سزای تەمەلی هاوسەرۆکی کۆنی HDP و بەشی زۆری پەرلەمانتارانی DEM پارتی.
دواجار دەڵێین ئەوەی پارسنگی دەنگەکان لە نێوان AKP و CHP بەلایەک دادخات بریتییە لە دەنگی DEM  پارتی ، کە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩ دەنگیان بە ئەکرەم ئیمام ئۆغلووی سەرۆکی ئێستای شارەوانی ئەستەنبۆل لە پشکی CHP دابوو.
بۆیە DEM  پارتی بە مانەویان لەسەر سیاسەتێکی یەکگرتوو و درووست کە بەرژەوندیەکانی خۆیان بخەنە پێش هەر لایەنێکی دیکە دەتوانن ئەو هاوکێشەی سەرەوە بگۆڕن بەوەی دەبێت هەموو لایەک بە تایبەت دەسەڵات و ئۆپزسیۆنی تورکیا ئەوە بزانن کە  DEM  پارتی و کورد لە پشت هەر لایەنێکیان بێت ئەستنبۆل بۆ ئەو دەبێت، ئینجا دەبێت بڵێن ئەوەی DEM  پارتی لە پشت بێ  ئەستەنبۆل دەباتەوە کەوایە تورکیای بردۆتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی