دەمپارتی ئەمجارەش بەدەنگی کوردانی ڕادیکاڵ و میللی،
کاندیدانی چەهەپەیان لەگەورە شەهرەدارەکانی وەک ئەستەمبوڵ و ئەنکەرە سەرخست و شکستیان
هێنا بە خەونی هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار، ئاکەپە - مەهەپە، ئیتر لە قازانجی
بوو یان نا، هاتە ناو گەمەو قۆناغێکی سیاسی قورس لەنێوان دووجۆر قوتبی سیاسیدا یەکێکیان
دەسەڵاتی سوڵتانیزمە کە بیست و چوار ساڵە ئینکاری وجودی کورد دەکات و ئەوی دیکە دەسەڵاتی
سیاسی و حوکمی خۆجێیی ئەستەمبوڵە، کە چەهەپە ڕێبەرایەتی دەکات و نزیکەی سەدەیەکە
کورد وەک تورکی شاخاوی دەناسێنێ و ئینکار دەکات.
دەمپارتی هەم لە گفتۆگۆدا
بوو لەگەڵ ئاکپارتی بۆ سوککردنی سزا سیاسیەکانی سەر کاراکتەرەکانی و لابردنی کۆتوبەندی
قەییومکردنی شارەوانیەکانی لە ئایندەو ئاسانکردنی دەسەڵاتی دادگای دەستووری لەسەر
پارتەکەیان،کە ئەوە پێنجەم جارە ڕێگری دەکرێن و پارتەکوردیەکان دادەخەن و هەڵدەوەشێننەوە،
هەم لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری - چەهەپەش، خەریکی دانوستاندن بوو تاوەکو کاندیدەکەیان
دەنگی زۆربهێنێت لەئەستەمبوڵ و شکست بە کاندیدی ئاکپارتی، مورات کورووم، بهێنێت و
لەدەرەنجامدا کردیشی و کاندیدێکیان دانا، کەسایەتیە سیمبولیک و میللیەتیەکەی لاوازبێت
بەخاتری ئیمام ئۆغلۆ.
مەرج نییە هەمیشە لەقازانجت
بێ کاندیدو سیمبولە بەهێزەکان بهێنیتە پێشەوەی ململانێکان و گەرمەی یاریەکان بۆ هەڵبژاردن
و بردنەوە جاری واهەیە کاندیدی لاواز ئیشی کاندیدی بەهێز دەکات بەزیادەوە بەبێ ئەوەی
دەستەکەت کەشف بێ، چونکە هەڵبژاردن تەکنیکە پێش ئەوەی عاتیفەسازی و هۆسەو قەرەباڵخی
بێت، شیعەکانیش ئەو تەکنیکە زۆر بەکاردەهێنن لە عێراق و ئێران و لوبنان و سیمبولە
دینی و ڕۆحانی و کاریگەرەکانیان تۆزاوی و خۆڵاوی ناکەن بۆ ململانێی هەڵبژاردن و
کابینە وەزاریەکان و هەمیشە ئەکتەرە لاوەکیە بێکاریگەرەکان دەکەنە درعی هەڵبژاردن و
دەهێننە پێشەوەی سیاسەتکردن و ناو حەلەبەی بۆکسێنەکە.
ماوەیەک بەری ئێستا،
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، دەم پارتی، واتە هەدەپەی کۆن، بەشێوازێکی تەکنیکی
و سیاسیانە، باشاک دەمیرتاشی هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاشی وەک کاریگەرترین و گەنجترین
فیگەری پارتەکە، کشاندەوە لە کێبرکێی هەڵبژاردنەکانی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و جێگاکەی
چۆڵکرد بۆ کەسایەتیەکی نەناسراوی پارتەکەیان بەقازانجی ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، چونکە
ئەگەر باشاک دەمیرتاش کاندیدی سەرەکی دەم پارتی بوایە دەنگی زۆری کوردەکانی ئەستەمبوڵی
دەبردو دەماشیەوەو زیانی زۆری دەگەیاندە پێگەی دەنگەکانی ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆی کاندیدی
سەرەکی چەهەپە، بەڵام کاتێک دەم پارتی بەخاتری چەهەپە بەپێی ڕێککەوتنی نهێنی، مەڕاڵ
دانش بێشتاش، بەربژێرێکی لاواز دێنێتە جێگای باشاک دەمیرتاش لە ئیستانبۆڵ، بێگومان
دەنگی کەم دەهێنێت و دەنگی کوردان بەزۆری ڕوو لە کاندیدی بەهێزی هاوپەیمانیەکەیان
دەکات وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ٣١-٣-٢٠٢٤ ڕوویدا و دەنگەکانی ئیمام
ئۆغلۆیان بەرزکرەوە بۆ ئاستی سەرکەوتنی گەورە.
ئەوە ڕێککەوتنی دەم
پارتی و چەهەپەیەو هەرگیز ڕێکەوت نییەو ستراتیژێکە تاقی کراوەتەوە پێشتر بۆ خستنی
نەیار بە نەیار، بەڵام ئاکەپە ئاسان دانانیشێ بەدیار ئەو برینداربوونە سەختەوەو تۆڵەی
خۆی دەکاتەوە لە دەم پارتی بە گرتنەبەرو بەردەوامی سیاسەتی قەیوم و داخستنی دەرگای
گفتوگۆو چارەسەریی پیڤاژۆی ئاشتیانە بۆ تەڤگەری باکور.
گەرچی لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەساڵی ١٩٢٥ و ڕاپەڕین
و شۆڕشی ئاگریی-ئارارات لە ساڵی ١٩٣٠ و کۆمەڵکوژیەکانی دێرسیم و سەرهەڵدانەکانی سەیدڕەزاو
هۆزەکان لەساڵی ١٩٣٧ تا کۆمەڵکوژی شێرناخ و ئامەدو عەفرین و سەرێکانی ئایدۆلۆژیایەکی
مەترسیداری ڕەق و سێنتڕاڵ دەوری گوتاری تەڤگەری باکوری تەنیوەو بەهەڵبژاردن
ناتوانرێ ئەو خواستە نەتەوەییانە وەدی بێت
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی